فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیەندراوی شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان: وەڵامی کوشتوبڕی بەرنامە بۆ داڕێژراوی کۆماری ئیسلامی، ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە دژە ئینسانەیە
هەینی ۲۶-۱۰-۱۴۰۴   |  16-01-2026

ئێستا ڕوون و ئاشکرایە کە ڕاپەڕینی مەزنی ئەم دواییەی جەماوەری ملیۆنی، ڕژیمی جێنایەتکاری ئیسلامیی ئەوەندە تۆقاندووە کە لە دوا شەڕی مان و نەمانیدا بە دڕندەیییەکی بێ‌وێنە سنوورەکانی جێنایەت و کۆمەڵکوژیی بەزاندووە و تەنانەت مێژووە خوێناوییەکەی خۆیشی تێپەڕاندووە. هێزە جێنایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامی لە دوا سەنگەری بەرگری لە ڕژیمە نەگریسەکەیان، هەر لە یەکەم ساتەوە نە بە تەقەی هەوایی بۆ بڵاوەپێکردن، بەڵکوو بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ڕیزی ناڕازییان و شۆڕشگێڕان و تەنانەت باخچەی ساوایان و نەخۆشخانەکانیشیان دایە بەر دەستڕێژی گولـلە. جێنایەتکاران بەتایبەت لە هەینی ١٩ی بەفرانبار بەدواوە، بە پچڕاندنی هێڵی ئینتەرنێت و بڕینی دەنگی خرۆشی شۆڕشگێڕانە لە جیهانی دەرەوە، گۆمی خوێنیان خستەڕێ. بەڵام ئەم جێنایەتە، ترس و دوودڵی بەدوای خۆیدا نەهێنا، بەڵکوو بە پێچەوانەوە بووە هۆی یەکگرتوویی و ئیرادەی زیاتر لە ڕیزی ڕاپەڕیواندا و ترس و وەحشەتیشی خستە ناو دامودەزگای دەسەڵاتدارانی خوێنڕێژەوە.

جێنایەتی کۆماری ئیسلامی تەنیا تایبەتمەندی و پێناسەی ڕاپەڕینی ئەم دواییە نەبوو، ڕژیم بە ڕاستی مەرگ و ڕووخانی بە چاوی خۆی بینی. ڕیزە یەکگرتووەکانی ژن و پیاو و پیر و لاو، لە مێژووی پڕشنگداری ٩٦ و ٩٨ و ١٤٠٤ تێپەڕی و لە شەقامەکانی نزیک بە ١٨٠ شاری بچووک و گەورەدا، نمایشی هاوپشتی و هیوا و ئەو ڕاستییەیان بە گوێی جیهاندا دا، کە ڕزگاربوون لە دەست دێوەزمەی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە ڕیزی یەکگرتووی خەڵکی وەزاڵەهاتوو و بە هێرشبردن بۆ سەر بنەماکانی ئەم دەسەڵاتە دژە مرۆییە مسۆگەر دەبێت. دەنگی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی، ئەمجارە لە دژایەتیکردنی گرانی و سەرکوت و سووکایەتی تێپەڕی و بە تێکڕا و یەکپارچە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی تەواوی دەزگای ئەم حکوومەتە جێنایەتکارە بوو. ڕووخاندنی دەستبەجێی کۆماری ئیسلامی ئامانج و دروشمی سەرەکیی ئەو ڕاپەڕینە بوێرانەیە بوو کە لەئاستی جیهاندا بەسەدان ملیۆن مرۆڤ پشتیوانی و ستایشیان کرد.

ئەم ڕاپەڕینە تەنیا کۆنەپەرستیی دەسەڵاتداری ئیسلامی لە ئێرانی نەشڵەژاند، بەڵکوو زلهێزە جیهانییەکانیشی لە ترسی ڕاپەڕینی ڕادیکاڵی خەڵک خستە تەقەلا. ترامپی سەردەستەی فاشیستەکان، لە ناوەڕاستی شەڕەکەدا دەستی کرد بە سەودا و مامەڵە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و جەستەی لەت‌وپارکراوی لاوان و خەڵکی بێ‌دفاعی کردە بارمتەی بەندوبەست و دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. بە لێدوانە دژبەیەکەکانی و بە ناردنی سەرۆک وەزیرانی عومان بۆ تاران، لە ڕاستیدا دەستی هێزە سەرکوتگەرەکانی بۆ کۆمەڵکوژیی ناڕازییان ئاوەڵا کرد. هەموو هەوڵی ئەوان ڕزگارکردنی کۆماری ئیسلامی بوو لەژێر زەبری ڕاپەڕینی جەماوەری.

بەڵام بەرەی دژە شۆڕش، نۆکەری لەگۆڕدەرچووشی هەبوو. ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەتە ڕووخاوەکەی، بە هەزار فرت‌وفێڵ و بە یارمەتیی ئیسرائیل و زلهێزەکان و بە پارە و میدیا خرانە ژێر زەڕەبین و زەق کرانەوە. بە هەراوهوریا و عەربەدەکێشان لە شەقامەکانی ئەورووپا و ئەمریکا، بەرەنگاری نەیارانی دیکەی کۆماری ئیسلامی بوونەوە و بوونە لایەنگری سەرسەختی هێرشی سەربازیی ئەمریکا. سەرەڕای ئەوەش، کەسایەتیگەلێک لە ڕەوتە لیبراڵ و ناسیۆنالیستە کوردەکان بە داواکاری لە ئەمریکا بۆ “یارمەتیدانی خەڵکی ئێران” پەیوەست بوون بەم سناریۆ ڕەشەوە و جارێکی دیکە سەلماندیان کە لە بەرانبەر خواست و ئیرادەی کۆمەڵگایەکی ڕاپەڕیودا وەستاونەتەوە.

سەرەڕای هەموو ئەم سەرکوتگەرییە خوێناوییانە و پیلانە دژە شۆڕشەکانی ڕەوتە ڕاستەکان، ناڕەزایەتییەکانی خەڵک تا چەند ڕۆژ دواتر و تا ئێستاش درێژەی هەیە. کۆماری ئیسلامیی بریندار، ئێستا لە کۆمەڵگایەکی هەڵچوو و تووڕە زیاتر لە هەموو کاتێک دەترسێت و هەموو کارت و ئیمکاناتی خۆی، لەوانە سازش لەگەڵ ئەمریکا بۆ ڕزگارکردنی خۆی، خستۆتە سەر مێز.

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان

ئێوەش بە شێوازی جۆراوجۆر و بەتایبەت لە ناوچەکانی باشوور، دیمەنی بەهێزتان لە یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ ڕاپەڕینی ناوچەکانی دیکە نیشان دا. ئازار و خواستی ئێوە سەرەڕای داسەپاندنی ستەمی نەتەوایەتی، هەمان ئازار و مەینەتە کە باقی خەڵکی ستەمدیتە و زەحمەتکێش لە ئاستی سەرتاسەریدا تووشی بوون. گوشاری خنکێنەری گرانی، بێکاری، هەژاری و فەلاکەت، سەرکوت و نائەمنی و سووکایەتی، ئازاری هاوبەشی هەموومانە. تەنیا بە خەبات و هاوپشتیی سەرتاسەری دەتوانین لە دەسەڵاتی دێوەزمەی ئیسلامی تێپەڕین. ئەزموون و لێهاتوویی خەڵکی تێکۆشەر لە کوردستان دەتوانێت یارمەتییەکی بەرچاو بەم خەباتەی ئێستا بدات کە بە تەواو مانا خوازیاری ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە. با یەکگرتوو و هاوپشت و یەکدەنگ، کۆماری ئیسلامیی بریندار و لاوازبوو فڕێ دەینە زﺒڵدانی مێژووەوە. با دژی دەستێوەردانی دەرەکی و دووبەرەکی خستنە نێو ڕیزی بزووتنەوەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆراکانی خەڵک لە شار و شارۆچکە و گوندەکان چالاکانە تێبکۆشین.

با ئاڵتەرناتیڤی “دەسەڵاتی شۆرایی” لە بەرانبەر ئاڵتەرناتیڤگەلێک کە دەیانەوێت لە سەرووی ئیرادەی کۆمەڵگاوە خۆیان داسەپێنن، لە کارخانە و گەڕەکەکان، قوتابخانە و فەرمانگەکان و لە هەموو شوێنێک بە شێوەیەکی نەسرەوتوو تەبلیغ بکەین و نیشانی بدەین کە شێوازی دەسەڵاتداریی سەرمایەداری، چارەنووسی حەتمی ئێمە نییە و دەتوانین دەسەڵاتی خۆمان دامەزرێنین. پێویستە بە ڕێکخستنی خۆمان لە شوێنی کار و ژیان، بۆ نەبەردەکانی داهاتوو ئامادە بین.

شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، وێڕای ستایشی ڕەزمی گیانبەختکردووانی شۆڕشگێڕ، خۆی بە هاوبەشی خەمی بنەماڵەی هەزاران ئینسانی ئازیز دەزانێت کە لەپێناو ئازادی و یەکسانی و لەدژی ستەم و زۆرداریی ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی خەڵتانی خوێن کران. یادی ئازیزیان لە درێژەی خەباتی خەڵکی ئازادیخواز بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هەمیشە زیندوو و هاوڕێمان دەبێت.


بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان
شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٤
١٥ی ژانویەی ٢٠٢٦