فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیەندراوی شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر
یەکشەممە ۰۲-۰۹-۱۴۰۴   |  23-11-2025

٢٥ی نۆڤەمبر ڕۆژی خەبات و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە. بەرزڕاگرتنی ئەم ڕۆژە بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو حەقیقەتەیە کە ملیۆنان ژن لەئاستی ئێران و جیهاندا، ڕۆژانە ڕووبەڕووی شێوازە جۆراوجۆرەکانی توندوتیژیی جەستەیی، دەروونی، ئابووری و یاسایی دەبنەوە. ئەم ڕۆژە، هاوارێکی بەکۆمەڵە دژ بە نەزمێک کە توندوتیژی دژی ژنانی کردووەتە مەرجی مانەوە و بەردەوامیی خۆی. بەپێی ڕاپۆرتە نێونەتەوەییەکان، لە هەر سێ ژن لە جیهاندا، لانیکەم یەکیان جارێک توندوتیژیی جەستەیی یان سێکسیی ئەزموون کردووە. لە ئێرانیشدا، توێژینەوە و ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە زیاتر لە ٦٥٪ی ژنان، شێوە یان جۆرێک لە توندوتیژیی خێزانی، کۆمەڵایەتی یان ئابوورییان بەسەر هاتووە. ئەم ئامارانە بە ڕوونی ئەوە دەسەلمێنن کە توندوتیژی دژی ژنان، سازوکارێکی هەمیشەیی و بەردەوامە بۆ پاراستنی نەزمی چینایەتی و پیاوسالاری. توندوتیژی دژی ژنان خۆی بەشێوازی جۆراوجۆر و بەربڵاو نیشان دەدات: لە سووکایەتی و بێڕێزی، هەڕەشە، لێدان و ئەشکەنجە، ئازار و دەستدرێژی سێکسی، هاوسەرگیریی زۆرەملێ و بەشوودانی منداڵانەوە بگرە، تا بێبەشکردن لە مافی کار، خوێندن، هەڵبژاردنی جلوبەرگ و کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژن.

لە ساڵی ١٤٠١دا، لانیکەم ٩ هەزار هاوسەرگیری بۆ کچانی خوار تەمەن ١٤ ساڵ تۆمار کراوە؛ ئەمە واتە بەیاساییکردنی توندوتیژی دژی منداڵان و گۆڕینی جەستەی کچان بۆ موڵکی خێزان و دەسەڵات. سیاسەتە یاسایی و قەزاییەکانی کۆماری ئیسلامی، وەک دەسەڵاتێک کە بناغەکەی لەسەر پیرۆزکردنی خاوەنداریەتیی تایبەت و شەریعەتی ئیسلام دامەزراوە، هۆکاری سەرەکیی ئەو توندوتیژییە بێ‌ئەژمارانەیە کە دژ بە ژنانی ئێران ئەنجام دەدرێت. لە یاساکانی دیە و قیساسەوە بگرە تا یاسای خێزان و سیاسەتەکانی پەیوەست بە دانیشتووان، سەرجەمیان پێکهاتەیەکی دژەژنیان هەیە و ژێردەستەیی یاسایی و ماددیی ژنان بەڕوونی نیشان دەدەن. ڕێژەی بەشداریی ئابووریی ژنان لە ئێراندا لە ساڵانی ڕابردوودا لەژێر ١٥٪ ماوەتەوە، کە یەکێکە لە نزمترین ڕێژەکان لە جیهاندا؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێژەی بێکاریی ژنانی گەنج دوو بۆ سێ هێندەی پیاوانە. لە پاڵ ئەمەشدا، زیاتر لە سێ ملیۆن ژنی سەرپەرستی خێزان لەژێر گوشاری لەڕادەبەدەری توندوتیژیی ئابووری، بێکاری، هەڵاواردن و هەژاریدان. “ناقص‌سازی” یان خەتەنەکردنی ژنان، ئەو کردەوەیەی کە تێیدا بەشێک لە ئەندامی جنسی کچان و ژنان دەبڕدرێت و لەژێر ناوی “سوننەت”، “پاکداوێنی” یان “پاراستنی نامووس” پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە، یەکێکە لە وەحشیانەترین شێوەکانی توندوتیژی دژی ژنان. ئەم کردەوەیە، کە لە هەندێک ناوچەی ئێران بەتایبەت لەنێو کچانی کەم تەمەندا ئەنجام دەدرێت، نە دابونەریتێکی بێ‌زیانی ناوچەیی، بەڵکوو جۆرێکە لە شێواندنی جەستە و پەلامارێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر مافی ژن بەسەر جەستە، چێژ، تەندروستی و مرۆڤایەتیی خۆیەوە.

ستەمی ڕەگەزی و چەوسانەوەی چینایەتی بە شێوەیەکی ئاڵۆز تێکەڵ بە یەک بوون. سەرمایەداری بۆ کەڵەکەکردنی قازانجی خۆی پێویستی بە هێزی کاری هەرزان و گوێڕایەڵ هەیە و سیستەمی پیاوسالاریش، ئامرازی ئایدۆلۆژیک و ماددیی ئەم ملکەچ‌بوونە دابین دەکات. لە ئێران، ٤٣٪ی ژنانی لەسەرکار و شاغڵ لە کەرتە نافەرمییەکان و بەبێ بیمە کار دەکەن و ٣٥٪ی ژنانی شاغل، ئازاری سێکسی یان زارەکییان لە ژینگەی کاردا ئەزموون کردووە. بۆشایی حەقدەست لەنێوان ژنان و پیاواندا بەشێوەی مامناوەند ٢٥ تا ٣٥ لەسەدە؛ ئەمەش یانی ژن نەک تەنیا لە ماڵەوە، بەڵکوو لە کارخانە، ئیدارە، کارگە، قوتابخانە و نەخۆشخانەشدا بە چەند قات زیاتر دەکرێتە ئامانجی چەوساندنەوە. کاری نێو ماڵ، کە بەزۆری لەسەر شانی ژنانە، لە چاودێریکردنی منداڵان و بەساڵاچووانەوە تا خواردن دروستکردن و خاوێنکردنەوە، بەهایەکی بەرامبەر بە ٣٠ تا ٤٠٪ی بەرهەمی ناخالسی ناوخۆیی هەیە، بەڵام نە دەبینرێت، نە کرێی پێ دەدرێت و نە وەک کار بە ڕەسمی دەناسرێت.

زیاتر لە ٧٠٪ی ژنانی قوربانیی توندوتیژیی خێزانی، سەر بە چینی کرێکار و توێژە کەم‌دەرامەتەکانن. تێچووی ئابووریی توندوتیژی دژی ژنان لە ئاستی جیهانیدا ساڵانە نزیکەی ١.٥ تریلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت؛ بەهایەک کە لە ڕاستیدا جەماوەری زەحمەتکێش، لەوانە ژنانی کرێکار و هەژار، دەبێ بیدەن. گەمارۆکان، هەژاری و پەرەسەندنی توندوتیژیی سیاسەتە ئیمپریالیستییەکان، شەڕەنگێزی کە تێیدا دەستدرێژی بۆ سەر ژنان وەک ئامرازێک بۆ خۆسەپاندن و زاڵبوون بەکار دەهێنرێت و گەمارۆ ئابوورییەکان، کە بە ناوی “گوشار بۆ سەر حکوومەت” دەسەپێنرێن، بەکردەوە گوشارەکانی سەر ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، بەتایبەت ژنانی چەندین بەرابەر کردووەتەوە. ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە گەمارۆکان لە ئێراندا ڕێژەی هەژاریی ژنانی سەرپەرستی خێزانی نزیکەی ٤٠٪ بەرز کردووەتەوە. کەمکردنەوەی بودجەی تەندروستی و پەروەردە، گرانیی بێسنوور و بێکاریی بەربڵاو، ژنان زیاتر لە جاران دەخاتە بەر مەترسیی توندوتیژیی خێزانی، لەشفرۆشی و وازهێنان لە خوێندن. توندوتیژی دژی ژنان تەنیا مەسەلەیەکی “ژنانه” نییە، بەڵکوو مەسەلەیەکی سەرتاپا چینایەتی و کۆمەڵایەتییە.

ئەوەی بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان گرنگە ئەوەیە کە ڕزگاریی ژنان بەبێ ڕزگاریی چینی کرێکار و جەماوەری چەوساوە مەحاڵە، هەر وەک چۆن هیچ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بەبێ بەشداریی ئاگایانە و یەکسانی ژنان سەرکەوتوو نابێت. ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا نیشانی دا کە خەبات دژی توندوتیژیی ڕەگەزی دەتوانێت ببێتە هێزێک بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ تەواوی نەزمی سەرمایەداریی ئیسلامیی دەسەڵاتدار. ژنانی ئێران ئەم ئاگاییە ڕزگاریخوازانەیان بە ئاسانی بەدەست نەهێناوە، بەڵکوو نزیکەی پێنج دەیە خەباتی هاوکات و ڕۆژانەیان دژی دەسەڵاتی دڕندەی سەرمایەداریی ئیسلامی بەرەوپێش بردووە. خەباتێک کە نەک تەنیا زەربەی قورسی لە کۆماری ئیسلامی داوە، بەڵکوو ناچار بە پاشەکشەشی کردووە.

شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە پەیوەندیی ئاگایانە و ڕێکخراوی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی مامۆستایان، خوێندکاران، خانەنشینان، بێکاران و ستەملێکراوانی نەتەوەیی و ئایینی، مەرجی بنەڕەتیی شکاندنی بازنەی توندوتیژی و چەوسانەوەیە. هەر مانگرتنێکی کرێکاری بۆ حەقدەستێکی دادپەروەرانە، هەر کۆبوونەوەیەکی مامۆستایان بۆ خوێندنی خۆڕایی و یەکسان، هەر ناڕەزایەتییەکی خوێندکاری دژی سەرکوت و هەر جووڵەیەک دژی هەژاری و هەڵاواردن، کاتێک دەبێتە هێزێکی ڕاستەقینە بۆ گۆڕانکاری کە توندوتیژی دژی ژنان بە ڕەسمی بناسێت و دژی بوەستێتەوە. لەم ڕووەوە، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەرکی سەرشانی هەموومانە. پێویستە ئێمەی کرێکاران، لاوان، خوێندکاران، مامۆستایان، خانەنشینان و ئازادیخوازان، بێدەنگی لەئاست توندوتیژی دژی ژنان لە ماڵەوە، شوێنی کار، قوتابخانە و زانکۆ تێکبشکێنین.

کۆمیتەکان، هستەکان و شوراکانی ڕزگاریی ژنان لە شوێنی کار و گەڕەکەکاندا ڕێکبخەین. دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی، لە لێدان و قەتڵی نامووسییەوە بگرە تا ناقس کردنی جنسی، بەشوودانی منداڵان و هەڵاواردنی یاسایی و ئابووری، کەمپەینی پەیگیر و ئاشکرا وەڕێ بخەین. هاوپشتیی نێوان بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بەهێز بکەین و خەبات دژی توندوتیژیی ڕەگەزی بکەینە بەشێکی دانەبڕاو لە خەبات دژی سەرمایەداری و پیاوسالاری. ڕزگاریی ژنان لە توندوتیژی، لە گرەوی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی موناسباتی چینایەتی و پیاوسالاریدایە. ئاڵای خەبات دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، ئاڵای خەباتە بۆ کۆمەڵگایەک کە تێیدا هیچ مرۆڤێک بەهۆی ڕەگەز، چین، نەتەوە، مەیلی جنسی یان باوەڕی خۆیەوە سووکایەتی پێ نەکرێت، سەرکوت نەکرێت و جەستەی نەشێوێنرێت. کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی کە تێیدا مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤ سەرەکیترین بێت، نەک قازانج و دەسەڵاتخوازى.

بژی خەباتی ڕێکخراو دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان!

بڕووخێ کۆماری ئیسلامی!

بەرقەرار بێ دەسەڵاتی شۆرایی!

بژی سۆسیالیزم!

شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

١ی سەرماوەزی ١٤٠٤ – ٢٢ی نۆڤەمبری ٢٠٢٥

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv