فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیەندراوی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە دژی ستراتیژیی ترامپ و ڕاستی نوێ لە ئەمریکا
دوشەممە ۰۸-۱۰-۱۴۰۴   |  29-12-2025

دەستێوەردانی ئیمپریالیستی لە ئەمریکای لاتین و مانۆڕی شەڕخوازانە لە ڤێنێزوێلا مەحکووم دەکەین!

لە مانگەکانی ڕابردوودا، سیاسەتی دەستێوەردەرانە، “ڕژیم‌چەینجی” و شەڕخوازانەی ئیمپریالیزمی ئەمریکا لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەمریکای لاتین پەرەی سەندووە. تەوەری سەرەکیی سیاسەتەکانی ترامپ، بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕەوتە چەپەکان و پشتیوانی لە “ڕاستی نیۆفاشیستی” لە دژی حیزب و بەرە چەپەکان لە ئەمریکای لاتین بووە. ئەم سیاسەتانە لە شێوازی جۆراوجۆردا وەک پەرەپێدانی گەمارۆکان، گوشارە دیپلۆماتیکەکان، دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکان و پشتیوانیی ئاشکرا و ڕاشکاو لە هێزە ڕاستە فاشیستەکان لە وڵاتانی وەک بەڕازیل، کووبا، ئێلسالڤادۆر، بۆلیڤی، نیکاراگوئە، گواتیمالا و… دەرکەوتووە.

لەم دواییەدا دەوڵەتی ترامپ بە ئاشکرا دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی ئارژانتیندا کرد و بە ڕاگەیاندنی پشتیوانیی دارایی و ئەنجامدانی پڕوپاگەندەی بەربڵاو، زەمینەی بۆ زیادبوونی دەنگەکان و هەڵبژاردنەوەی “خاڤێر میلی”، کەسایەتیی سەر بە باڵی ڕاست، خۆش کرد. هەڵبژاردنەکان لە هێندۆراس بە دەستێوەردانی ئەمریکا بە قازانجی ڕاستەکان کۆتایی هات. لە هەڵبژاردنەکانی شیلی‌شدا، “خۆزێ ئەنتۆنیۆ کاست”، بەربژێری ڕاستڕەوی لایەنگری ترامپ و داکۆکیکاری پینۆشە، بە بەڵێنیی قەرزە کەڵانەکان و پشتیوانیی دارایی، سیاسی و دیپلۆماتیکی ئەمریکا، دەنگێکی بەرچاوی بەدەست هێنا. لەگەڵ ئەوەشدا، لە هەفتەکانی ڕابردوودا، سیاسەتی ئاشکرای “ڕژیم‌چەینجی”ی دەوڵەتی ترامپ دژی دەسەڵاتی “نیکۆلاس مادۆرۆ” لە ڤێنێزوێلا دەرکەوتەیەکی بەرچاوتر و دەنگدانەوەیەکی بەربڵاوتری لە ئاستی نێونەتەوەییدا هەبووە.

ئەمریکا بە ئاشکرا و بە بیانووی جۆراوجۆر لەوانە بانگەشەی گاڵتەجاڕانەی “بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان”، کەشتییە جەنگییەکانی خۆی ڕەوانەی ناوچەی کارائیب کردووە و تا ئێستا دوو کەشتیی هەڵگری نەوتی ڤێنێزوێلای دەستبەسەر کردووە. هەروەها داوای دەستلەکارکێشانەوەی مادۆرۆی کردووە و تەنانەت هەڕەشەی دەستێوەردانی سەربازیی بۆ ڕووخاندنی لێ کردووە. ئەم کردەوانە پێشێلکردنی ئاشکرای ماف و پەیوەندییە نێونەتەوەییە بۆرژوا-لیبراڵییەکان و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆیە لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکەدا؛ مافگەلێک کە لیبراڵ-دیموکراسییەکان بەردەوام بەقسەی خۆیان پارێزگاریی لێدەکەەن. هەرچەندە پووچەڵبوونی ئەم ئیدیعایانە بەهۆی کوودەتا جۆراوجۆرەکانەوە، بەتایبەت لە ئەمریکای لاتین، چەندین جار سەلمێنراوە.

پێداگری لەسەر مەحکوومکردنی سیاسەتی دەستێوەردەرانە و شەڕخوازانەی ئەمریکا، بە هیچ شێوەیەک بە واتای چاوپۆشیکردن لە ناکارامەیی، سنووردارێتی یان گەندەڵیی حیزب و بەرە پەرلەمانتاریستە چەپەکان لە ئەمریکای لاتین نییە. لەم ناوچەیە و لە حەوزەی کارائیب، لە سەرەتای سەدەی ئێستاوە و لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا، کۆمەڵێک بزووتنەوەی پێشکەوتووخواز دژی سیاسەتە نیۆلیبراڵییەکانی سەرمایەداری و لەپێناو باشترکردنی دۆخی ژیان سەریان هەڵدا. ئەم بزووتنەوانە دەرفەتێکیان خستە بەردەم حیزب و بەرە چەپەکان یان ئەوانەی بانگەشەی چەپبوونیان دەکرد تا بە گەڵاڵەکردنی داخوازیگەلێکی وەک تەندروستیی گشتی، خوێندنی خۆڕایی، دەستەبەرکردنی مافی ژنان، باشترکردنی دۆخی ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، بەهێزکردنی یەکێتییە کرێکارییەکان و پەرەپێدانی ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان، دەسەڵاتی پەرلەمانی بەدەست بێنن و هێندێک ڕێفۆرمیش ئەنجام بدەن.

بەم حاڵەوە، لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، ئەگەرچی ئەم بزووتنەوانە دەسکەوتی گرنگیان هەبووە، بەڵام زۆربەی حیزب و بەرە ئاماژەپێکراوەکان، چ بە ویستی خۆیان و چ لە ڕووی ناچارییەوە و لەژێر کاریگەریی ئەو سیاسەتانەی کە دامەزراوە بۆرژواییەکانی وەک سندوقی نێونەتەوەیی دراو و بانکی جیهانی دەیانسەپاند و یان لە ئاکامی گوشاری دیپلۆماتیکی زلهێزە سەرمایەدارییەکان و بەربەستە پێکهاتەییەکانی سیستەمی سەرمایەداری، نەیانتوانی یان نەیانویست بەڵێنەکانیان بەرنە سەر. بەم چەشنە، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، زۆرێک لەم حیزب و بەرانە بەناچار یان بە ویستی خۆیان ئاوێتەی سیستەمەکە بوون، دێفۆرمە یان ناکارامە بوون و یان تووشی گەندەڵیی بوون.

حکوومەتی مادۆرۆش لە ڤێنێزوێلا یەکێکە لەم نموونانە کە بۆ پاراستنی دەسەڵات، دەستی داوەتە گەندەڵی، باجدان بە نیزامییەکان و بەهێزکردنی پێگەی دارایی بۆرۆکرات و تەکنۆکراتە دەوڵەتییەکان و پەنای بۆ هەموو تاکتیکێک بردووە کە دەرەنجامەکەی بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتیی ڤێنێزوێلایی. سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەمە بنەمایەکی پەسەندکراوە کە خەڵکی هەر کۆمەڵگایەک دەبێ خۆیان چارەنووسی سیاسیی خۆیان دیاری بکەن. ئەزموونیش نیشانی داوە کە کودەتاکان و سیاسەتەکانی “ڕژیم‌چەینجی”، بەکردەوە تەنیا بەرژەوەندیی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و دەستنیشاندەکانیان دابین دەکات و زۆربەی کات دۆخەکە خراپتر دەکات؛ هەروەک چۆن لە عێراق و ئەفغانستان لەدوای هێرشی ئەمریکا ڕووی دا.

هەروەها ئاوڕدانەوەیەک لە ئەزموونی ئەم حیزب و بەرانەی بانگەشەی چەپبوونیان دەکرد، جارێکی دیکە یەکێک لە بنەماکانی ستراتیژیی سۆسیالیستی دەسەلمێنێتەوە کە دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەناو پێکهاتەی دەوڵەتی بۆرژواییدا، کێشە و گرفتەکانی سەرچاوەگرتوو لە پێکهاتەی سەرمایەداری چارەسەر ناکات، بەڵکوو مەرجی پێویست، ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانە، تێکشکاندنی پێکهاتەی سیاسی و دەزگای بۆرۆکراتیک-سەربازیی بۆرژوایی و دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆراییە بۆ پەرەپێدانی خۆشگوزەرانی، ئازادییە سیاسییەکان و دابینکردنی بەرژەوەندیی کرێکاران و زەحمەتکێشان. خاڵێک کە جەمعی ئێمە هەمیشە جەختی لەسەر کردووەتەوە.

هەموو بانگەشە پاوانخوازییەکانی ئێستای ئەمریکا لەسەر بنەمای “بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەیی”ـە کە لەم دواییەدا لەلایەن ترامپەوە بڵاو کراوەتەوە. بەڵگەنامەیەک کە بە ڕوونی هێمای وەرچەرخانە بەرەو جیهانی فرەجەمسەریی نوێ. بەشێکی گرنگی ئەم بەڵگەنامەیە، ستراتیژیی ئیمپریالیزمی ئەمریکا لە ناوچەی کارائیب و ئەمریکای لاتین ڕوون دەکاتەوە. کابینەی ترامپ لەم بەڵگەنامەیەدا جەخت لەسەر زیندووکردنەوەی “دۆکتۆرینی مۆنرۆ” دەکاتەوە؛ دۆکتۆرینێک کە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ساڵی ١٨٢٣ی ئەمریکا و پەیامەکەی لەو سەردەمەدا بۆ زلهێزە ئەورووپییەکان ئەوە بوو کە ئەمریکای لاتین بەشێکە لە حەوزەی نفووز و “حەوشەی خەڵوەت”ی ویلایەتە یەکگرتووەکان. هەر لەم سۆنگەیەوە، پیتەر هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، ڕایگەیاند: “لەگەڵ سەرۆککۆمار ترامپ، ئێمە بڕیارە حەوشەی خەڵوەتەکەمان وەربگرینەوە.”

خوێندنەوەی نوێ بۆ دۆکتۆرینی مۆنرۆ لەلایەن ترامپەوە لە “بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەیی”دا بە واتای بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەژموونی ئابووریی چین و دەرکردنی ڕکابەرەکانە لە گۆڕەپانەکانی هەژموونی سیاسی، سەربازی و دیپلۆماتیک لە ئەمریکای لاتین. پەرەپێدانی گەمارۆکان، دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی وڵاتانی جۆراوجۆر بە قازانجی ڕاستی نوێ، چەتەیی دەریایی و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان و سیاسەتی شەڕخوازانە و ڕژیم‌چەینجی لە ڤێنێزوێلا و دروستکردنی نائەمنی لە ناوچەکە، بەشە پێکەوەگرێدراوەکانی ستراتیژیی نوێی ئیمپریالیزمی ئەمریکان و بە ڕوونی بانگەشەی گاڵتەجاڕانەی “ئاشتیخوازی”ی ترامپ ئاشکرا دەکەن.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، وێڕای ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشان، چەپی شۆڕشگێڕ و هێزە پێشکەوتووخوازەکان لە ئەمریکای لاتین، هەرچەشنە دەستێوەردانێکی فاشیستی و شەڕخوازانەی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و هێزە کۆنەپەرستەکانی دیکە لەم ناوچەیە مەحکووم دەکات و خوازیاری ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتی و کۆتاییهێنانە بەم دۆخە مەترسیدارە.

بڕووخێت ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم!

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

۲۷ی دێسامبری ۲۰۲۵

۶ی بەفرانباری ۱۴۰۴‎

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت

سایتی شۆرای هاوکاری:

www.shorah.org

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv