
با ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی گیانبەختکردووان هەرچی شکۆدارتر بەڕێوە بەرین
لە ڕۆژانێکدا کە کۆمەڵگای ئێران دوای کۆمەڵکوژیی ناڕازییان لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار لەلایەن ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامییەوە، شۆکی سەرەتایی تێپەڕاندووە و خەم و تووڕەیی خۆی کردووەتە هەوێنی هێزی هاوپشتی و ناڕەزایەتی، دەنگی خوێندکاران و قوتابیانی خەباتکار و ئازادیخواز بەرزتر لە هەمیشە دەزرینگێتەوە. بانگەوازی ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکانی قوتابیان لە بووشەهر، تاران و ئەلبورز بۆ مانگرتن و بایکۆتی پۆلەکانی خوێندن لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی ڕێبەندان، بەیاننامەی بەشێک لە ڕێکخراوە خوێندکارییەکان لە هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵە دادخوازەکان و هەروەها بانگەوازی شووڕای هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران بۆ مانگرتن و داخستنی قوتابخانەکان لە سەرتاسەری ئێران لە ڕۆژی ٢٩ی ڕێبەنداندا، دەنگدانەوەی ئیرادەی نەوەیەکە کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە ڕیزەکانی پێشەوەی خەباتی کۆمەڵایەتی دژی هەژاری، نایەکسانی، هەڵاواردن و سەرکوت وەستاوەتەوە. ئەم دەنگە، دەنگی ژیان و ئازادییە کە لە دڵی سەرکوتەوە سەری هەڵداوە و هیوا بە داهاتوویەکی دادپەروەرانەتر بە زیندوویی ڕادەگرێت.
لە هەلومەرجێکدا کە تا ئێستا ئاماری کوشتاری زیاتر لە ٧ هەزار کەس لە ناڕازییان پشتڕاست کراوەتەوە، هەزاران کەس بریندار و دەیان هەزار کەس لە بەندیخانەکاندان و بەپێی ڕاپۆرتی شووڕای هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان زیاتر لە ٢٠٠ قوتابی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا گیانیان بەخت کردووە، هەزاران کەس دەستبەسەر کراون و گوشارە ئەمنیەتییەکان، بانگهێشت و دەستبەسەرکردنی مامۆستایان، خوێندکاران و قوتابیان هەروا بەردەوامە؛ شووڕای هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران لە کاردانەوە بەم جەنایەتە ڕێکخراوە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی وەکوو ڕۆژی مانگرتن لە قوتابخانەکانی سەرتاسەری ئێران ڕاگەیاندووە. ئەم بڕیارە، نیشاندەری هەستی بەرپرسیارێتیی مامۆستایانە لە ئاست ئەمنییەت و کەرامەتی قوتابیان و دەربڕی پەیوەندیی قووڵی نێوان مامۆستایان و بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان و هاوپشتییە لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووان. هاوڕێییکردنی مامۆستایان، قوتابیان و خوێندکاران لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووان، هەنگاوێکی گرنگە لەپێناو بەهێزکردنی یەکگرتوویی و هاوپشتی و پتەوکردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان.
لەم هەلومەرجە هەستیارەدا، گرێدان و تێکەڵبوونی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان، قوتابیان، خوێندکاران، کرێکاران، ژنان، خانەنشینان، بنەماڵە دادخوازەکان و بزووتنەوەی “نا بۆ سێدارە” و… دەتوانێ وزە و پوتانسیەلێکی مەزن بۆ بەهێزکردنی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی پێک بێنێت. یەکگرتوویی و هاوپشتیی ئەم هێزانە ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێت کە ناڕەزایەتییەکان لە دۆخی پەرشوبڵاوی بێنەدەر و بۆ حەرەکەتێکی هەماهەنگ، سەرتاسەری و کاریگەر بگۆڕێن. دەبێ ئەم هێزی هاوپشتییە بکەینە ئامرازێکی گوشار بۆ ئازادکردنی سەرجەم دەستبەسەرکراوان و زیندانیانی سیاسی.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای دەربڕینی هاودەردی و هاوپشتیی دووبارە لەگەڵ بنەماڵەی ئازیزانی گیانبەختکردوو و مەحکوومکردنی جەنایەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، پشتیوانیی لێبڕاوانەی خۆی لە بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەریی شووڕای هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکانی قوتابیان و بەشێک لە ڕێکخراوە خوێندکارییەکان ڕادەگەیەنێت. داوا لە بنەماڵەی قوتابیان دەکەین بۆ سەرخستنی مانگرتنی سەرتاسەریی قوتابخانەکان، یارمەتیدەری مامۆستایان بن. داوا لە سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی ئێران دەکەین بە بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی گیانبەختکردووان لەسەر گڵکۆی ئەو ئازیزانە، ئەم هاودڵیی و هاوپشتییە شکۆمەندتر بکەن. داوا لە دامەزراوە و ڕێکخراوە کرێکارییەکان و سەرجەم کرێکاران دەکەین بە ڕاگرتنی کار لەم ڕۆژەدا یان بە هەر شێوازێکی دیکە کە دەتوانن، هێز و وزە بە بزووتنەوەی هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووان، لەگەڵ مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران ببەخشن.
بەرز و بەڕێز بێت یادی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤
١٦ی فێوریەی ٢٠٢٦