فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ مەحکوومکردنی کوشتار، دەستبەسەرکردن و بانگهێشتی چالاکانی سیاسی لە کوردستان
دوشەممە ۱۵-۱۰-۱۴۰۴   |  05-01-2026

تەنیا بە ناڕەزایەتیی یەکگرتووانە و یەکپارچە دەتوانرێ ئەم شەپۆلی سەرکوتە پاشەکشەی پێ بکرێت

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە ڕووبەڕووی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران دژی گرانی و بەرزبوونەوەی ڕۆژانەی نرخی کاڵا سەرەکییەکان و دابەزینی بەهای تمەن بووەتەوە، وەڵامی داخوازیی کرێکاران و جەماوەری ناڕازی بە گولـلە، کوشتار، گرتن و بانگهێشتکردن و ئازار و ئەزیەت دەداتەوە. ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە لە وەڵامی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکاندا کە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانبار لە بازاڕی تارانەوە دەستی پێ کرد و بۆ زیاتر لە ٤٠ شاری ئێران پەرەی سەند، بە ناردنی هێزە سەرکوتگەرە ئەمنیەتی و نیزامییەکان پەلاماری خەڵکی ناڕازیی داوە. بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە ئاکامی هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامیدا لە ماوەی ٨ ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ١٧ کەس لە ناڕازییان بە تەقەی ڕاستەوخۆی بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایە گیانیان بەخت کردووە؛ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بریندار بوون و زیاتر لە ٦٠٠ کەسیان دەسبەسەر کردووە و هەزاران کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کراوە. ئەم کردەوە جەنایەتکارانەیە بەشێکە لە ڕێکاری بەرنامە بۆ داڕێژراوی دەسەڵاتێک کە مانەوەی خۆی لە خامۆشکردنی هەر چەشنە ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتیدا دەبینێتەوە.

لەم پەیوەندییەدا لە شارەکانی کوردستانیش لەوانە مەلەکشایی و ئیلام، زیاتر لە دە کەس لە خەڵکی ناڕازی دژبە دۆخی ژیانی پڕ لە نەهامەتی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گولـلەی جەنگیی بەکرێگیراوانی حکوومەتی ئیسلامی کوژراون. ئەو گیانبەختکردووانەی ناسنامەیان ئاشکرا بووە بریتین لە: “ڕەزا عەزیم‌زادە، فارز ئاغامحەممەدی، محەممەد مۆقەدەسی (بزونە)، مەهدی ئیمامی‌پوور و لەتیف کەریمی”. ڕەهەندی تاوانەکانی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە کوشتاری سەر شەقام سنووردار نەماوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی برینداران و بە بارمتەگرتنی تەرمی گیانبەختکردووان، بە شێوەیەکی وەحشیانە هێرشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەکانیش. هەروەها لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دەیان کەسی دیکە لە خەڵکی شارەکانی کرماشان، نووراوا، هەرسین، دێهلۆڕان، مەلەکشایی، ئاودانان و سەراوڵەیان دەسبەسەر کردووە کە چارەنووسیان نادیارە.

سەرەڕای ئەوە، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانبار لە شاری سنە، دەزگا سیخوڕی و ئەمنییەکان بە هێرشی وەحشیانە بۆ سەر ماڵی چالاکانی سیاسی، مەدەنی و ژینگەپارێزی، دە کەس لەوانە بەیان فەرەجوڵڵاهی، خالید سەیف‌پەناهی، ئارمان سەلیمی، قانع خاتری، دلێر ئەسکەندەری، جەمال خودارەحمی، کەیوان زەند کەریمی، شاهۆ محەممەدی، وریا موعید و خەبات ئەسەدی-یان دەسبەسەر کردووە و ڕەوانەی شوێنێکی نادیاریان کردوون. ئەم کردەوە دژی‌مرۆییانە نیشانەی ترس و وەحشەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دیمەنێکی دیکەیە لە سیاسەتی هەمیشەیی سەرکوت، تۆقاندن و کوشتنی ناڕازییانێک کە لە بەرانبەر سەپاندنی هەژاری و برسیەتی، هەڵاواردن و زەوتکردنی ئازادی ڕاپەڕیون. ڕژیمی ئیسلامی کە لە قەیرانی قووڵی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ناوچەیی، نێونەتەوەیی و لە قەیرانی مەشرووعییەتدا دەست و پێ لێدەدات، بە پەنابردن بۆ کوشتار و سەرکوت ناتوانێ درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات و بێگومان بە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە ڕێکخراوەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەڕووخێت.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی قووڵی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووانی شەپۆلی نوێی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک لە سەرانسەری ئێران و بەرزڕاگرتنی یادی گیانبەختکردووان، کوشتار، گرتن، بانگهێشت و هەڕەشەکردن لە ناڕازییان لەلایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە بە توندی مەحکووم دەکات.

خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان!

ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام یان مانگرتنی گشتی و یان هەر چەشنە شێوازێکی دیکەی دەربڕینی ناڕەزایەتی، مافی سەرەتایی و بێ شەرت و مەرجی ئێوەیە لەدژی گرانی و هەڵاوسانی ڕەها و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و بێ‌مافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر زۆرینەی خەڵکدا سەپاندوویەتی. ئەزموونی عەینیی ئەم چەند مانگەی ڕابردوو و شەپۆلی لەسێدارەدانەکان، دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵی چالاکانی کۆمەڵایەتی، بانگهێشت و گرتن، دەرکردنی مامۆستایان و بەدواداچوونی ئەمنیەتی بۆیان، کوشتاری کۆڵبەران، خۆکوژییەکان و ئەو هەژاری و گرانییە بێ‌وێنەی کە بەسەر خەڵکدا سەپێندراوە و لە ئاکامدا هەزاران بنەماڵە لێک‌هەڵوەشاون، ئەوە نیشان دەدات کە تێچووی چاوەڕوانی زۆر قورسترە لە تێچووی ناڕەزایەتی. لەم ڕووەوە، کۆمەڵە داوا لە کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی خەباتکاری کوردستان دەکات کە لەدژی ئەم شەپۆلی کوشتار و گرتنانە و لەپێناو هاوپشتی لەگەڵ شەپۆلی نوێی ڕاپەڕینی سەرانسەری، بە شێوەیەکی یەکپارچە و یەکگرتووانە دەست بدەنە ناڕەزایەتی. بەشداریی بەربڵاو، یەکپارچە و یەکگرتووانەی خەڵک چ لە مانگرتنی گشتی و چ لە خۆپیشاندانەکانی سەر شەقام، دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر هێز و توانای سەرکوتی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ بکاتەوە و ڕیزەکانیان تێک بشکێنێت.

سەرکەوێ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دژی ڕژیمی ئیسلامی

بڕووخێ کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان

بژی سۆسیالیزم

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤

٤ی ژانویەی ٢٠٢٦