فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕزگاریی ژنانی ئەفغانستان لە مەسیری ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاڵەبانەوە تێدەپەڕێ
شەممە ۳۱-۰۴-۱۴۰۲   |  22-07-2023
ڕزگاریی ژنانی ئەفغانستان لە مەسیری ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاڵەبانەوە تێدەپەڕێ

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی مانگی پووشپەڕ ژمارەیەک لە ژنانی شاغڵ لە ئارایشگاکانی ژنانە لە کابۆل هاتنە سەر خەیابانەکان و لە ئیعتڕاز بە حوکمی ڕێبەری تاڵەبان واتە قەدەغەکردن و داخستنی ئارایشگاکانی ژنانە لە ئەفغانستان دەستیان دایە ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. هەواڵنێریی فەڕانسە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لەم خۆپیشاندانەدا ژنانی ناڕازی بە هەڵگرتنی پلاکارد کە لەسەریان نووسرابوو: ”نان، کار، ئازادی”، “نان، کار، عەداڵەت” خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم حوکمە بوون. تاڵەبانیش هەروەک ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وڵامی ئەم خۆپیشاندانەی بە تەقەکردن و گازی فرمێسکڕێژ و ماشێنی ئاوپاش و هێرشی سەرکوتگەران وڵام دایەوە و بڵاوەی بە ناڕازییان کرد. لەم هێرشەدا ژمارەیەک لە ژنانی موعتەڕز برینداربوون و ژمارەیەکی دیکەش لەلایەن هێزەکانی تاڵەبانەوە دەستگیرکران. ئەم ژنانە کە بە شوغڵی ئارایشگەری ژیان و گوزەرانی خۆیان و بنەماڵەکەیان دابین دەکەن، تەئکیدیان کرد کە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم حوکمە زاڵمانەیە لە بەرامبەر دەفتەری هەیئەتی جێگری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان “یومانا” لە کابۆل ئیدامە دەدەن. لەم دوایانەدا وتەبێژی وەزارەتی تەحمیقی “ئەمر بە مەعڕوف و نەهی لە مونکەر”ی تاڵەبان ڕایگەیاند کە “مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە” ڕێبەری تاڵەبان وجودی ئارایشگای ژنانەی بەپێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام زانیوە و دەستووری داوە لە سەرانسەری ئەفغانستان دایانبخەن. لەگەڵ دەرکرانی ئەم حوکمە کۆنەپەرستانەیە هەزاران ژنی ئەفغانستان لە کارکردن بێبەری دەکرێن. بەکردەوە دەرهێنانی ئەم حوکمە دژەژنەی ڕێبەری تاڵەبان دەبێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری بێکاری و هەژاریی خەڵکی ڕەنجدیتووی ئەفغانستان.

لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کە گرووپی تاڵەبان لە ئەفغانستان دووبارە هاتووەتەوە سەر کار، بەردەوام بۆ سنووردارکردن و و پەراوێزخستنی ژنان لە کار و چالاکی کۆمەڵایەتی هەوڵی داوە و بەم هۆیەوە خەڵکی ستەمدیدەی ئەفغانستان بەتایبەت ئەو ژنانەی کە ناندەرهێنەری بنەماڵەن بەرەوڕووی هەژاری و مەحرومیەتی زیاتر بوونەتەوە. لەو جێگەوە کە ئەم دەسەڵاتە ئیسلامییەش ژیان و چارەنووسی خەڵکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بەلایەوە گرینگ نییە و لەبواری ئابووریشەوە توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیانی نییە، وەها ئەحکامێکی کۆنەپەرستانەی ئیسلامی تەنها بە هەڵسووکەوتی وەحشیانە و سەرکوت بەکردەوە دەردێنێت. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە دوایین ڕاپۆرتی ٦٢ لاپەرەیی خۆی لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، هەڵسووکەوتی حکوومەتی تاڵەبان لەگەڵ ژنان و ئازار و ئەشکەنجەی ئەوانی بە تاوان دژبە مرۆڤایەتی پێناسەکرد. “ڕیچارد بێنێت”، هەواڵنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان ، هەڵسووکەوتی تاڵەبان بەرانبەر بە ژنانی ئاپارتایدی ڕەگەزی وەسفکرد و وتی: ”تاڵەبان پێویستە سەبارەت بە مافی ژنان واز لە ئیدیعای بێناوەرۆک و گاڵتەجارانەی بێنێت”.

حکوومەتی ئسیلامیی تاڵەبان لەژێرناوی بەڕێوەبردنی شەریعەتی ئیسلام بە خانەنشینکردنی ژنان هەم ژیانی ئەوانی بەرەوڕووی هەژاری و بێبەشیی زیاتر کردووە و هەم کۆمەڵگای ئەفغانستانیشی لە هێزی کار و داهێنانی ژنان بێبەری کردووە کە یەکجار پێویستیەتی. ژنانیان لە خوێندن لە مەدرەسە و زانکۆکان بێبەری کردووە، ئەوانیان لە مافی کارکردن و حزوور لە کۆمەڵگا، چوون بۆ پارک و ساڵۆنی وەرزشی مەنع کردووە. لە حاڵێکدا کە زۆربەی ماڵەکان لە ئەفغانستانیان حەمامیان نییە، تەنانەت چوونی ژنان بۆ حەمامی گشتیشیان قەدەغە کردووە. چەند مانگ لەمەوبەر تاڵەبان بە دەرکردنی حوکمێکی دیکەی ئاپارتایدی ڕەگەزی ئیسلامی، کارکردنی ئەو دەستەیە لە پزیشکان و پەرستارانی ژن کە لە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی پزیشکانی بێسنووردا کار دەکەن، قەدەغەکرد. دەسەڵاتی تاڵەبان بەم کردەوەیەی، خەڵکی ستەمدیدە و مەحرومی ئەفغانستان بەتایبەت ژنان و منداڵانی لەم ئاستە کەمە لە یارمەتیی ئینسانی و تەندروستی کە لایەن ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانی جیهانەوە دەنێردرا، بێبەری کرد. ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ڕایگەیاند: ”لە سەدا ٥١ی هەزار و ٧٠٠ کارمەندەکەی ئەم ڕێکخراوە ژنان پێکی دێنن و بەبێ هاوکارە ژنەکانی ئەم ڕێکخراوە حازر بە ئەنجامدانی ئەرکەکانی لە قەباڵ خەڵکی مەحرومی ئەفغانستان نییە و ناتوانێ درێژە بە خزمەتگوزارییەکانی بدات”.

پێکهێنانی گرووپ و ڕێکخراوی چەکداری ئیسلامی لە ئەفغانستان و پێکهێنانی دەوڵەتە ئیسلامییەکان لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بەرهەمی سیاسەتی ڕەقابەتی ئیمپریالیستی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا لەگەڵ حکوومەتی شۆرەوی و ڕووسیەی ئێستا بووە. ئاکامی ئەم ڕەقابەتە ئیمپریالیستییە لەسەر ئەساسی جەنگی نیابەتی و کوشتار و وێرانی و ئاوارەیی ملیۆنان خەڵکی ستەملێکراوی ئەفغانستان و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی ئەوان بە هاودەستی لەگەڵ هاوپەیمانانی سەرمایەداری ئەفغان بووە. هێنانەوە سەر کاری تاڵەبان لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی بەدوای دانوستان و ڕێکەوتنێک کە ئەمریکا لەگەڵ ئەم گرووپە تاوانکارە ئیسلامییە ئەنجامی دا، ئاکامی شکستی سیاسەتی ئیمپریالیستیی ئەمریکا بوو کە دەیهەویست بە هەر قیمەتێک کە بووە، خۆی لە گێژاوی قەیرانێک کە دروستی کردبوو دەرباز بکات. هەزیمەتی بەپەلەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و دانانی گرووپی تاڵەبان لەجیات حکوومەتی دەست نیشاندەی ئەشرەف غەنی سناریۆیەکی ڕەشی دیکەی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان بۆ خەڵکی ڕەنجدیدەی ئەفغانستان بەتایبەت ژنان بوو. لەئێستادا دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری بۆ دەربازکردنی خۆیان لە قەیرانی پێکهاتەیی نیزامەکەیان دەیانهەوێ بەرەبەرە دەسەڵاتی دژەئینسانیی تاڵەبان جێبخەن و لە هەوڵی بەڕەسمی ناسینیدان. تا ئەمجار ئەفغانستان بکەنە مەیدانی ڕەقابەتی ئابووریی لەگەڵ دەوڵەتی چین. حەفتەی ڕابردوو لە پەرلەمانی بریتانیا لەوپەڕی بێشەرمیدا باس لە ئیمکانی بەرقەرارکردنی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی تاڵەبان و بەڕەسمی ناسینی ئەم حکوومەتە دژە ئینسانە کرا. لە سەروبەندی کێبەڕکێی هەڵبژاردنەکان لەنێوان دوو پارتی ڕکابەر لە ئەمریکا، بەبیانووی دووهەمین ساڵڕۆژی چوونەدەری کارەساتباری ئەمریکا لە ئەفغانستان، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی مانگی جولای سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەم وڵاتە، دەوڵەتی جۆو بایدێنی لەمبارەوە بە بەرپرسیار زانی و ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوە بۆ مەجلیس بانگکرا تا سەبارەت بە نەدانی بەڵگەی پەیوەندیدار بە مەجلیس لێپرسینەوەی لێبکرێ.

مێژووی نیو سەدەی ڕابردووی ئەفعانستان هەتا ئێستا نیشانی داوە کە دەخاڵەتی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکانی شۆرەوی، ئەمریکا و باقیی دەسەڵاتەکانی دیکەی سەرمایەداری و دانانی حکوومەتی دەستنیشاندە، بێجگەلە شەڕ و کوشتار، ئاوارەیی و دەربەدەری و سووکایەتی، هەژاری و برسیەتی و بێبەشی دەستکەوتێکی دیکەی بۆ ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش نەبووە. ڕزگاریی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئەفغانستان لە چنک ئەم هەمووە سەختی و نەهامەتییە تەنیا لە گرەوی پەرەپێدانی خەبات و پێشڕەویی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان، سازماندانی شۆرایی، ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵاتی تاڵەبان و ئاڵوگۆڕی سۆسیالیستی لە کۆمەڵگادایە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co