ڕزگار کردنی ٧٣ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست
یەکشەممە ۱۸-۱۰-۱۴۰۱   |  08-01-2023
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە تیمەکانی بە هاناچوونی کۆچبەران، ٧٣ کۆچبەریان لە دەریای ناوەڕاست ڕزگار کردووە کە چەندین کەسیان منداڵ بوون.
رۆژی شەممە ١٧ی بەفرانبار، رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ڕایگەیاند کە ئەو کۆمەڵە کۆچبەرە لە کەناراوەکانی لیبی دۆزراونەتەوە.
فولڤا کۆنتێ، بەرپرسی کەشتیی جیۆ بارێنتسی پزیشکانی بێسنوور دەڵێت، ٧٣ کۆچبەر لەنێو ئەو بەلەمە چووپەدا بوون. گوتیشی کە رۆژی هەینیش بەلەمێکی دیکەیان بەدیکردووە کە بە دووریی ٦١ کیلۆمیتر لە کەناراوەکانی ئیتالیا ژێرئاو کەوتووە. گوتیشی کە بەلەمەکە ٣٧ کەسی هەڵگرتبوو و سێ لەوانە، دوای وەرگەڕانی بەلەمەکەیان خنکاون. بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لانیکەم ٢٠ هەزار و ٢١٨ کەس لە کاتی گەشتکردن بەنێو دەریای نێوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە.