سەعدی شاهڕۆخیفەر، خەڵکی شاری بۆکان، پاش ئەوەی کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد، لەلایەن ئەو هێزانەوە تەرمەکەی ڕفێندراوە و بۆ ڕادەستکردنەوەی بە بنەماڵەکەی، داوای بارمتەی دوو ملیارد تمەنی دەکەن.
سەر لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەر، سەعدی شاهڕۆخیفەر خەڵکی شاری بۆکان، لە کاتێکدا شتومەکی ڕۆژانەی کڕیبوو و بەرەو ماڵەکەی خۆی دەڕۆیشتەوە، کەوتە بەر تەقەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کوشتوویان. پاش کوشتنیشی دەستبەجێ تەرمەکەیان ڕفاندووە.
بە وتەی شایەتحاڵانی ڕووداوەکە، هێزەکانی ڕژیم لە چوارڕێیانی “ئیمام جومعە”ی شاری بۆکان تەقەیان لەو هاووڵاتییە کردووە و دەستبەجێ ئەو هێزانە تەرمەکەیان ڕفاندووە.
ناوەندە حکومەتییەکان دوای پێنج ڕۆژ لە ڕفاندنی ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی سێشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەی ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان، دەبێت دوو ملیارد تمەن بارمتە دابین بکەن و بەڵێن بدەن کە بە شێوەیەکی نهێنییش ئەسپەردەکەی بکەن.