دوای خۆپیشاندانی خەڵکی شاری قەسری شیرین، لە ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی خەزەڵوەر و هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی چلەی ژینا ئەمینی، زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتی ئەو شارە لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراون.
هەتا ئێستا ناوی ١٤ کەس لەو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانە زانراوە کە بریتین لە: ئارین ڕەزایی تەمەن ١٧ ساڵ، قوباد پابەرجا، مەسعود مورادی، ئەشکان مورادی، ئەردەڵان نەجەفی، مێهرداد ڕەزایی، وەحید شادمان، کامەران باڵکان، سینا باڵئەفکەن، مەهدی فەقیری، ئەبولفەزڵ ڕۆستەمی، فەرید مەردانی، ڕەزا ئەمیری تەمەن ٥٠ ساڵ و جەوهەر مورادی.
جەوهەر مورادی لەکاتی دەستبەسەرکرانی، کەوتووەتە بەر کوتان و لێدانی هێزە حکومییەکان و بەهۆیەوە دەست و لاقی شکاوە و تووشی خوێنبەربوونی گەدە بووە.
هەروەها ناوەندە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرکردنی کوڕی ڕەزا ئەمیری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی، بەڵام لە دوای ئەوەی کە نەیانتوانیوە کوڕەکەی دەستبەسەربکەن ڕەزا ئەمیرییان ڕفاندووە.
شیاوی ئاماژیە کە ژمارەی دەستبەسەرکراوانی شاری قەسری شیرین زیاتر لە ٢٠ کەسە. بەڵام هەتا ئێستا ناوی ١٤ کەسیان زانراوە.