لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پێنج قوتابی ١٧ ساڵە لە شاری سەوڵاوا بە نێوەکانی پەروا حوسێنی، شنیا حوسێنی، ئەشکان ئیبراهیمی، ئاریا مورادی و موبین مورادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراون.
هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر، هێرشیان کردووەتە سەر قوتابخانەی کچانەی “سومەیە”سەوڵاوا و بە دروستکردنی کەشێکی تۆقێنەر هەڕەشەیان لە قوتابییەکان کردووە و دوو کچی مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵیان بە نێوەکانی پەروا حوسێنی و شنیا حوسێنی ڕفاندووە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی ڕەزبەر سێ قوتابی ١٧ ساڵەی قوتابخانەی “کازمی” سەوڵاوا بە نێوەکانی “ئەشکان ئیبراهیمی، ئاریا مورادی و موبین مورادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراون.
موبین مورادی ڕۆژی سێشەممە و دوای سێ ڕۆژ لە دەستبەسەرکران ئازاد بووە. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا کەوتووەتە بەر لێدان و کوتانی هێزە ئەمنییەکانی رژیم. بەڵام هەتا ئێستا چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی چوار قوتابییەکەی دیکە نادیارە.