چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی “ئەحمەد مامزادە، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ئازادی”، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ٢۶ی خاکەلێوە، ئەحمەد مامزادە، تەمەن ٦٤ ساڵ و بەرپرسی پێشووی دەستەی بەڕێوەبەریی تۆپی پێی بۆکان، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆی ڕفێندراوە. هەر لەو پێوەندەدا، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی سۆران قاسمی، تەمەن ٢٧ ساڵ، بەیانیی ڕۆژی شەممە، لە پێش ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراوە. هەروەها پژمان سوڵتانی، تەمەن ٣٠ ساڵ، لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ سەر ماڵ و شوێنی کارەکەی، ڕفێندراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی کاوە ئازادی، پاش ئەوەی کە لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراوە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. تاکاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکران و چارەنووسی ئەو چوار هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.