شاری سنە، هاوشێوەی شارەکانی دیکەی کوردستان بەردەوام لەژێر گوشاری هێز و ناوەندە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی دایە و لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ڕۆژدا، لانیکەم ٢٢ هاووڵاتی خەڵکی ئەو شارە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.
ڕۆژی دووشەممە، ٧ی سەرماوەز، ٥ هاووڵاتی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی:ڕەفێق سەلیمی و کورەکەی فواد سەلیمی، کاوە حسێن پەناهی، فواد حوسێنی و پەرویز ئەمانی لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراون.
لە درێژەی ئەم سەرکوتانەدا ڕۆژی یەکشەممە، ۶ی سەرماوەز زانیار عەلیمورادی، پزیشکی ددان و برایەکی ناوبراو بە ناوی ڕامیار عەلیمورادی، خەڵکی گوندی “نەنەڵە”ی شاری سنە و هەروەها یەزدان کەرەمی، و مەهیار مورادوەیسی، ڕفێندراون.
ڕۆژی شەممە، ۵ی سەرماوەز، بیژەن ڕۆستەمی لە دووکانەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە و هەر لەو ڕۆژەدا چەند هاووڵاتیی تر بە ناوەکانی ئەسعەد مورادی، دانیشتووی گەڕەکی “عەباس ئاوا”ی شاری سنە، ئارمین سەلیمی و دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی سیامەک و بابەک لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراون.
پێشتریش لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی سەرماوەز سیامەک مینبەری، خەڵکی گوندی “نییەر”ی شاری سنە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە. شەوگەرد گوڵابی، هەڵسووراوی بوارە کۆمەڵایەتییەکان کە پێشتر لەلایەن ناوەندەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی سێشەممە، ١ی سەرماوەز بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستمان گەیشتوون، هەر لەو ڕۆژەدا ئاکۆ هیدایەتی، نووسەر و چالاکی بوارە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.هەر لە درێژەی ڕەوتی سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی خەزەلوەر، فەریبورز سوورسووری، تەمەن ۵١ ساڵ و چالاکی بواری ژینگەپارێزی، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، بۆ ئیتلاعاتی ڕژیم لەو شارە گوازراوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان؛ ڕۆژی شەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر ، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی فەرزاد سەڵواتی و سینا مەلایی ڕفێندراون و هەروەها هاووڵاتییەکی تر بە ناوی هێمن حاجیمیرزایی، ئەندامی تیمی “فەریاکەوتنی خێرا”ی مانگی سووری کوردستان، بە شێوەیەکی دڕندانە و لێدان لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە ڕفێندراوە.