
ئەمڕۆ لە ئێران تەنانەت شرۆڤەکارانی حکوومەتیش ناتوانن حاشا لە بوونی بزووتنەوەیەکی چەپی کۆمەڵایەتیی بەهێز بکەن. ئەم ڕەوتە هێزی جۆراوجۆر کۆمەڵایەتییەکان لەخۆدەگرێت. چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری کە ئاڵای داخوازیی کرێکارانیان هەڵکردووە و لە ڕێکخستن و ڕێبەریی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاریدا دەورونەخش دەنوێنن، داهێنەری پێکهێنانی کۆمیتەی مانگرتن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی گشتی لە ناوەندە سەنعەتی و کرێکارییەکانن و ئیدەی ڕێکخستنی شۆرایی دەبەنە ناو کرێکارانەوە، پێگەیەکی تایبەتیان لەم تەقسیمبەندییەدا هەیە. ئەو بەشە لە چالاکانی بزووتنەوەی ژنان لەخۆدەگرێت کە لە بەرامبەر فێمێنیسمی کۆنەپەرستی ئیسلامی و فێمێنیسمی نیۆلیبراڵدا ئاڵای ڕزگاریی ژنانیان بە ئاسۆی دژەسەرمایەدارییەوە بەرز کردووەتەوە. ئەو ژنە خەباتکارانەی کە بە بەشداریی خۆیان لە پێشەوەی خەباتی مامۆستایان، خانەنشینکراوان، خوێندکاران، پەرستاران و لەناو ڕیزی خەباتی کرێکاران و بە خۆڕاگریی بەرین لەبەرامبەر سیاسەت و یاسای دژی ژن، ئاسۆی ڕزگاری لە ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەدارییان بەهێز کردووە. ئەم ڕەوتە چەپە کۆمەڵایەتییە، هەروەها ئاراستەی سۆسیالیستیی ناو بزووتنەوەی خوێندکاری لەخۆدەگرێت کە بەرامبەربە ئاراستەی نیۆلیبڕالیی بورژوایی ئێران و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان، ئاڵای یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوەکانی هەڵکردووە. ئەو بەشە لە نووسەران، هەواڵنێران، مامۆستایانی زانکۆ، سینەماکاران و هونەرمەندان لەخۆدەگرێت کە بەرەنگاری کلتوور و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای چینی دەسەڵاتدار بوونەتەوە و لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان دیفاعیان کردووە. بەشێک لەم هێزە کۆمەڵایەتییە لە کوردستان ئاڵای هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی سەرانسەری ئێرانیان بەرز کردووەتەوە. ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە چەپ و ڕادیکاڵە لە ئاخێزی جەماوەریی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ هاتە مەیدان و مۆری خۆی بەسەر بزووتنەوە سیاسییەکاندا کوتا. ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دژی سەرمایەدارییە. مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری لەژێر کاریگەریی ئەم چەپە کۆمەڵایەتییەدا لەئارادان. ناوەرۆکی خواست و داخوازیی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە، درووشمی “نان، کار، ئازادی” پەیوەندی داوە. لەلایەکی دیکەشەوە شایەدی چالاکیی حیزب، ڕێکخراو و هێزەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێرانین. ئەگەرچی ڕەنگدانەوەی چالاکیی ئەم هێزانە لەناو ئەم بزووتنەوەیە، دەتوانین لە بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاری و شەفافبوونی خواستی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم چەپە کۆمەڵایەتییەدا ببینین، بەڵام حیزب و ڕێکخراوەکانی ئێستا سەرەڕای هەموو پێشکەوتنەکانیان هێشتا لەئاستی کۆمەڵایەتیدا پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری نییە. بە واتایەکی تر هێشتا بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لەئاستی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی موتەحەزیب و ڕێکخراو پێک نەگەیشتوون.
ئەو واقعییەتە کە ئەم حەرەکەتانە هێشتا لە بزووتنەوەیەکی واحیدی سیاسی بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و بۆ گۆڕینی وشیارانەی نیزامی سەرمایەداری تێکهەڵنەکێشراون، خۆی مەترسییەکە بۆ چارەنووسیان. ئەم هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە خاوەنی ڕێبەرییەکی سیاسی سەرانسەری نییە. هەربۆیە توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە هێشتا ئاڵتێرناتیڤێکی بەهێز لە مەیداندا نابینن کە بۆ ڕزگاری خۆیان پێی هیوادار بن. جەماوەری خەڵک هێشتا وێنەیەکی ڕوونیان لەوە نییە کە بەدیلی ئەم باروودۆخە یەکجار قەیراناوی و شڵەژاوە دەتوانێ چی بێت. ئەوە ڕاستە کە لە کێشمەکێشی ئاڵتێرناتیڤەکاندا، بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوایی بەهۆکاری بێگانەبوونیان لەگەڵ خواستی ئابووری و ئازادیخوازانە کە لە ناو بزووتنەوەی ناڕەزایەتیدا دێتە گۆڕێ، بەهۆی نامۆبوونیان لەگەڵ داخوازیی نان، کار، ئازادی، نفووزێکی بەرچاویان لەناو جەماوەری ناڕازیدا نییە، بەڵام لە نەبوونی هێژمۆنیی چینی کرێکار بە ئاسۆی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی، لە نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی سۆسیالیستیی بەهێز، بەردەوام ئەو مەترسییە لەئارادایە کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ببێتە خۆراکی شەپۆلی تەبلیغاتی ناسیۆنالیستی و مەزنخوازانەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازیی نیۆلیبرالی لایەنگری ڕۆژاوا و هێزیان بکەوێتە خزمەت مانەوەی نیزامی چینایەتیی زاڵ و بەدەسەڵات گەیشتنی دیکتاتۆرییەکی غەیرەدینی.
سەبارەت بە پڕۆسەی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕێژیمی ئیسلامی پێویستە تەئکید بکرێت کە لە باروودۆخی ئێستای ئێراندا درێژە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و تێکەڵ بوونی خواستی ئابووری و خواستی سیاسی و لەدرێژەدا بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتیی سیاسی کە ماشێنی سەرکوتی ڕێژیم زەمینگیر بکات، گونجاوترین شێوەی دەستپێکی شۆڕشە. بەڵام پێویستە ئەوە بزانین کە مانگرتنی سەرانسەریی کرێکاران کە ستوونی سەرەکیی مانگرتنی سیاسییە، ناتوانێ ئاکامی حەرەکەتێکی خۆڕسک بێت. بۆ وڵامدانەوە بە پێداویستیی ئەم بزووتنەوە چینایەتییە، لە باروودۆخی ئێستادا پێکهێنانی کۆمیتەی مانگرتن، درووستکردنی کۆمیتەی کارخانە و پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکان یەکجار گرینگە. ئاخێزە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، ئەگەرچی لە گەشەی وشیاری و پێگەیشتنی سیاسیی جەماوەردا دەورونەخشی بەرچاویان بوو و ستراتێژی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتییان بەرەوڕووی شکست کردەوە، بەڵام ئەم ئەزموونە نیشانی دا کە ئەمجۆرە ئاخێزە خۆڕسکە جەماوەرییانە بەبێ حزووری بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار لە مەیدانی خەباتی سیاسیدا ناتوانن باروودۆخێکی شۆڕشگێڕانە بخوڵقێنن. لە هەلومەرجی ئێستادا بزووتنەوەی کرێکاری دەرفەتێکی گونجاوی بۆ هێزەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران خوڵقاندووە تا بە گرینگی دان بەم بزووتنەوە واقعییە و هەوڵ و یارمەتی بۆ لابردنی کۆسپ و بەربەستەکانی سەر ڕێگای، بتوانن بەسەر ئەم جیاییەدا زاڵ بن و پێش مەرجەکانی پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سیاسیی سەرانسەری بە ستراتێژی سۆسیالیستییەوە فەراهەم بکەن. وڵامدانەوەی هاوبەشی چالاکان و ڕێبەرانی ئەو هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە و چەپی موتەحەزیب بە کۆسپ و بەربەستەکانی سەر ڕێگای بزووتنەوەی کرێکاری و جەماوەریی ئێستا، کلیلی پێکگەیشتنی ئەم دوو بەشە لە چەپی ڕادیکاڵە.