زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر یەکێک گەورەترین و درێژخایەنترین بزووتنەوە ئینقلابییەکانی ٤٥ ساڵی ڕابردوو لە ئێران، کە بە قەتڵی حکوومەتی ژینا چەخماخەکەی لێدرا، تێدەپەڕێت. ئەم ئاخێزە کۆمەڵگای بردە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە. بابەتی شۆڕشی دووبارە خستەوە سەر زمانەکان. پایەکانی ئایدیۆژۆیی حکوومەتی ئیسلامیی تێکشکاند. ڕۆڵی ژنانی لە ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای ئێران بەشێوەیەکی بەرچاوتر نیشان دا. هاوسەنگیی هێزی بەقازانجی بزووتنەوەی کرێکاری و هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕی. وە خەباتی شۆڕشگێڕانەی بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی خستە قۆناغێکی نوێوە. ئەم بزووتنەوەیە ئەگەرچی سەرەڕای دامرکانی ناڕەزایەتییەکانی شەقام هێستاش بەشێوەی جۆراوجۆر درێژەی هەیە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە دوو ساڵ هێستا نەیتوانیوە بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی خۆی واتە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن و نابەرابەری بگات.
ئێستا بەتایبەت لە بارودۆخێکدا کە بەشێک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی لە ڕووی بێتوانایی و داماوییەوە، بێشەرمانە بانگەشەی هێرشی مووشەکیی ئیسرائیل بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەکەن، بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە چۆن دەتوانین پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی زەمانەت بکەین. ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بابەتێکی مومکینە. قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی قووڵتر و بەربڵاوترن لەوەن کە ڕژیم بتوانێ بەرەنگاریان بێتەوە. جگە لە قەیرانە قووڵە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە ستراتێژی ناوچەیی “شەڕی پێشگیرانە”ی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە بە دامەزران و تەیارکردنی حیزبوڵڵا لە لۆبنان و باقیی ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامییەکان لە ناوچەکە لەژێرناوی “میحوەری موقاومەت”، بە کێبەرکێی نیزامی و پڕۆژەی ئەتۆمیی بە قیمەتی داسەپاندنی هەژاری و فەلاکەت و نائەمنی بەسەر ژیانی کرێکاران و زۆرینەی خەڵکی ئێران بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا بەڕێوەچوو، توانای بەرگریی نییە و گەیشتووەتە بنبەست. بناغەی ئایدیۆلۆژیی حکوومەتی ئیسلامی داڕماوە. قەیران و ململانێی باڵەکانی حکوومەت بەردەوامە و دەستنیشانکردنی پزیشکیان وەک سەرۆک کۆماری نیزامی ئیسلامی نەتەنیا ئەم قەیرانە حکوومەتییەی کەم نەکردووەتەوە، بەڵکوو زیاتریشی کردووە. لەوانەش گرینگتر، بێتوانایی ڕژیم لە وڵامدانەوە بە داخوازییەکانی بزووتنەوەی مانگرتنی کرێکاران و باقی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، گەشەسەندنی سیاسیی ئەم بزووتنەوانەی خستووەتە ئاسۆوە.
بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەم تایبمەتمەندییانە نابێ بەڵێنی سەرکەوتنی سەهل و ئاسان بە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بدەین. حکوومەتی ئیسلامی بە هەموو باڵەکانییەوە پەرەپێدانی سەرکوتی کردووەتە ستراتێژی پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەی. ئەم ڕژیمە بۆ مانەوەی خۆی بە حیزبی پادگانیی سپای پاسداران کە تۆڕەکانی سیخوڕی و مافیایی و سەرکوتی بە بەرینایی هەموو ئێران پەرەپێداوە، پشت ئەستوورە. حیزبێگی پادگانی کە زیاتر لە ٦٠%ی ئابووریی ئێران، هێزی چەکدار، سەدا و سیما، دەزگا ئەمنییەکان و ئامرازەکانی پێشخستنی سیاسەتی دەرەوەی لە ئیختیاردایە. لەم ڕووەوە پێویستە بە هێزێکی چەند بەرابەر بەتواناتر بێینە مەیدان تا بتوانین ستراتێژی سەرکوت تێکبشکێنین و کۆماری ئیسلامی لەپێناوی بەرژوەندی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا بڕووخێنین.
ئەزموونی ئاخێز و بزووتنەوە ئینقلابییەکانی حەوت ساڵی ڕابردوو لە ئێران و ئەزموونی شۆڕشەکان نیشانیان داوە کە کەمینەیەک دەتوانێ شۆڕش وەڕێبخات. بەڵام ئەگەر هێزی سەرەکی شۆڕش نەیەتە مەیدان ئەم کەمینەیە ناتوانێ شۆڕش بەسەکەوتن بگەیەنێت. لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی دینامیزم و هێزی بزوێنەری شۆڕش لە ئێران ئەوەمان پێ دەڵێ کە بە بێ بەشداریی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا، پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی زەمانەت ناکرێت. ئەزموونی هەموو شۆڕشەکان لە سەدەی بیستەم و ئاخێزە ئینقلابییەکان لە سەدەی بیست و یەک و ئەزموونی شۆڕشە ئینقلابییەکانی ساڵانی ڕابردووی ئێران نیشانیان داوە کە لە بارودۆخی ئەمڕۆی ئێراندا مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکاران لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری کە بووبنە بڕبڕەی پشتی مانگرتنی گشتی و سیاسی، موحتەملترین ڕەوتی پێشڕەویی شۆڕشە. هەر شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینە کە خوازیاری ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە پێویستە بۆ هێنانە مەیدانی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار تێبکۆشێت. چینی کرێکار زۆرینەی جەمعیەتی ئێران پێکدێنێ و بەلەبەرچاوگرتنی پێگەی گرینگ و چارەنووسسازی لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، بەسەرەنجدان بە پێگەیەک کە لە سەنعەتە سەرەکییەکاندا هەیەتی، دەتوانێ چەرخی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران و سەرچاوەی دابینکردنی هێزی سەرکوت و بوروکراسیی دەوڵەتی ئیفلیج و زەمینگیر بکات. ڕاستە بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە چینی کرێکار دەبێت بەسەر پەرتەوازەبوونی ڕیزەکانیدا زاڵ بێت و دەرفەتی زاڵبوونی بەسەر لاوازییەکانی خۆیدا هەبێت. بەڵام چینی کرێکاری ئێران ئەم دەرفەتەی لەڕێگەی وەڕێخستنی بزووتنەوەی مەزنی ناڕەزایەتی و مانگرتنەوە خوڵقاندووە. لەئێستادا بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران لە بواری بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتی و مانگرتندا یەکێکە لە چالاکترین بزووتنەوە کرێکارییەکانی جیهان. بێگومان چینی کرێکاری ئێران بەسەرنجدان بەو دەرفەتەکەی کە لەڕێگەی بزووتنەوەی مانگرتنی خۆیەوە ڕەخساندوویەتی، ئەویش لەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیەدا، دەتوانێ بەسەر ئەم خاڵە لاوازانەدا زاڵ بێت. لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستە هەوڵ بدرێت چینی کرێکار داخوازییە ئابوورییەکانی خۆی لەگەڵ خواستی سیاسیی گونجاو لەگەڵ ئەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیە ئاوێتە بکات. لەئێستادا بەرژەوەندی چینایەتی و خەباتی سیاسیی چینی کرێکار دەخوازێت کە ئاڵای خەبات بۆ ئازادیی گشت بەندکراوانی سیاسی، ئاڵای خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام، ئاڵای خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای حیجابی زۆرەملی، لە دەستی چینی کرێکاردا بێت. ئێستا کاتی ئەوەیە کە شەڕی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر ژنان لەسەر مەسەلەی حیجاب بکەینە شەڕی هەموو کۆمەڵگا لەدژی کۆماری ئیسلامی. ئێستا کاتی ئاوێتە کردنی داخوازیی ئابووری و داخوازیی سیاسییە. کاتی ئەوەیە کە چینی کرێکار ئاڵای خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بگرێتە دەست. ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بە ڕێبەریی چینی کرێکار نەک هەر لە ڕوانگەی بەرژوەندی چینی کرێکار و بزووتنەوەی ئازادیخوازی و بەرابەری تەڵەبی لە ئێران بووەتە زەروورەت و پێویستییەکی سیاسی، بەڵکوو لە ڕوانگەی بەرژوەندی کرێکاران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بزووتنەوەی ئازادیخوازی لەم ناوچەیە و جیهانیش ئاڵوگۆڕێکی گرینگ بە حیساب دێت.