
لەگەڵ تێپەڕینی سێ شەو و ڕۆژ لە دەستپێکی بۆمباران و مووشەکبارانی بەرامبەر لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە خەڵکی بێدیفاعی دوو وڵات گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەس برینداربوون و دەیان هەزار کەس لە خەڵکی تاران ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە: “دانیشتووانی تاران بەم زووانە بەهای هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆسەر خەڵکی مەدەنی دەدەن.” لە کاتێکدا کە پاکستان دەربازگە سنوورییەکانی خۆی داخستووە، هەزاران کەس بۆ چوونەدەر لە ئێران لە سنووری ئێران وتورکیە بەڕیز بوون. جیا لە کوشتار و پەرەسەندنی کەشی نائەمنی و ترس و نیگەرانی و ئاوارەیی، ڕاپۆرتە میدیاییەکان باس لە کەمبوون و گرانبوونی یەرینی کاڵا پێویستەکانی خەڵک دەکەن. ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە و سەرمایەدارانەیە هەتا ئێستا بووەتە بەربەست لەسەر ڕێگای بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگا. بەم حاڵەوە ڕژیم چەینجییە ڕەنگاوڕەنگەکانی وەک قافڵەی ڕەزا پەهلەوی، یاسەمین پەهلەوی، مەسیح عەلینەژاد، عەبدوڵڵا موهتەدی و هاوپەمانانیان بە هاتوچۆ کردن لە کۆریدۆرەکانی کۆنگرەی ئەمریکا، بە سەرخۆشی و بە بزەی ڕەزایەتەوە، بە هیوای دەست بەدەست کردنی دەسەڵات لە سەرەوەی ئیرادەی جەماوەر، باس لە “کۆتایی کاری” ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەکەن. ئەم بەشە لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنە ئۆڵترا ڕاستەکانی بورژوازیی ئێران بە پشتیوانیی کەناڵە تەلەڤیزیۆنەکانی وەک دەنگی ئەمریکا و ئێران ئینترنەشناڵ، بەکردەوە بوونەتە بەشێک لە پڕوپاگەندەی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل. ئەگەر ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە و وێرانگەرە لەلایەکەوە درێژەی سیاسەتی ئەتۆمی، میلیتاریستی و فراوانخوازییەکانی حکوومەتی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامییە کە هەزینەکەی بە پەرەپێدانی چەوساندنەوەی چینی کرێکاری ئێران و بە تاڵانکردنی سەرچاوەکانی سەروەتی کۆمەڵگا دابین کردووە، لەلایەکی دیکەوە درێژەی سیاسەتی فاشیستی و درێژەی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەلەستین بۆ شکڵدان بە نەزمی ناوچەیی و ئیمپریالیستیی دڵخوازیەتی. گۆڕانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی بورژوازی و ڕژیم چەنجییەکان بۆ ماشێنی پڕۆپاگەندەی دەوڵەتی ئیسرائیلیش درێژەی سیاسەتی هەوڵدان بۆ لەباربردنی خەباتی کرێکاری و جەماوەری، دەست بە دەست کردنی دەسەڵاتی سیاسی لە سەرەوەی ئیرادەی جەماوەر بەئامانجی ڕزگارکردنی سەرمایەداریی ئێران لە مەترسیی شۆڕش و بەئامانجی بووژاندنەوەی دەسەڵاتێکی سەرمایەداری و دیکتاتۆری غەیرە دینییە.
دیارە چینی کرێکار و بەرەی کار و زەحمەت لە ئێران کە بۆ ژێروژوور کردنی موناسباتی سەرمایەداریی زاڵ خەبات دەکەن، نە لەگەڵ ڕژیمە فاشیستەکانی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل و نە لەگەڵ هیچ بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران سەری سازشیان نییە. چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە ئەزموون بۆیان دەرکردووە کە بۆمبارانی لیبی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ناتۆ، لەشکرکەشیی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان و عێراق و دەستوەردانی ئیمپریالیستی لە قەیرانی سووریە هیچ کامیان بێجگەلە کوشتار و وێراننی و کارەساتی ئینسانی، ئازادی و ئاشتی و سەقامگیرییان بۆ خەڵکی ئەم وڵاتانە بە دیاری نەهێناوە. هەربۆیە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلیش جیا لە کوشتار و وێرانی و ئاوارەیی، هەژاری و نەهامەتی ئابووری و پەراوێزخرانی بزووتنەوە ئیعترازییەکان، بۆ خەڵکی ئێران ئازادی و ئاشتی و سەقامگیری ناهێنێت.
ئێستا کە هەم ڕژیمی فاشیستی ئیسرائیل و هەم ڕژیمی فاشیستی ئیسرائیل تەپڵی درێژەی ئەم شەڕە دەکوتن، چینی کرێکار و ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران کە تەنیا لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا سێ ئاخێزی جەماوەری و شۆڕشگێڕانەیان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و هەزاران مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەرییان ئەزموون کردووە، نەتەنیا نابێ لەئاست ئەم شەڕەدا کەمتەرخەم بن، بەڵکوو دەبێ بە دروشمی وەک نا بۆ ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە و ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ، لە ناڕەزایەتی و خەباتیان بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بن. لەم بارودۆخەدا خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و پووچەڵ کردنەوە پڕۆژەکانی ئاڵترناتیڤسازیی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی بۆ دەست بە دەست کردنی دەسەڵات لەسەرەوەی ئیرادەی جەماوەر، لە مەسیری بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەری و سەرتاسەری لەدژی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە تێدەپەڕێت. پێویستە خواستی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ ببێتە خواستی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران. پێویستە هەموو ناوەندەکان، ڕێکخراو و ڕێبەران و چالاکانی ناسراوی بزووتنەوەی کرێکاری، ژنان، کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام، بزووتنەوەی دادخوازی لە ڕوانگەی داکۆکی کردن لە بەرژوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران لەدژی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە هەڵوێست بگرن و خوازیاری کۆتایی هێنان بەم شەڕە بن و بەستێنی زەینی بۆ ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی جەماوەری لەدژی ئەم شەڕە ئامادە بکەن.
ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک هەست بەو زەروورەتە دەکرێ کە ناوەندەکان، ڕێکخراوەکان و ڕێبەرانی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە ناوەند و دامەزراوە سەنعەتی و خزمەتگوزارییەکان، موعەلیمان، شۆفیرانی کامیۆن، پەرستاران، خانەنشینان، کرێکارانی ڕێگەی ئاسن و چالاکانی بزووتنەوەی ژنان و خوێندکاری، لە تۆڕێکدا، پێکەوە پەیوەند بدرێن و چالاکییەکانیان لەم بوارەدا هاوئاهەنگ بکەن. پێویستە چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە ئاستی شارەکاندا پێکەوە پەیوەند بگرن و بۆ بەرپاکردنی ناڕەزایەتیی جەماوەری لەدژی شەڕ و گرانی بەرنامە دابڕێژن. ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ ئەم شەڕە بکاتە دەرفەتێک بۆ پەراوێزخستن و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری، دەبێ ئەم هاوکێشەیە بگۆڕدرێت و بە وەڕێخستنی ناڕەزایەتیی جەماوەری و مانگرتنی سیاسی جەماوەری و سەرتاسەری بە خواستی ڕاگرتنی دەسبەجێی شەڕ، خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی چەند هەنگاو بەرەو پێش بچێت. نابێ ڕێگە بدرێت تاران و شارەکانی دیکەی ئێران تاوانی پێداگریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر درێژەی بەرنامەی پیتاندنی ئۆرانیۆم و درێژەی بەرنامەی ئەتۆمی و فراوانخوازیی ناوچەیی ئەم ڕژیمە جنایەتکارە بدەن. بەرنامەی ئەتۆمی و زێدەخوازییە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی و کێشمەکێشی ئەم ڕژیمە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر ئەم پڕۆژانە، کە هەزینە قورسەکانی بە هەرزان کردنی هێزی کار و پەرەپێدانی چەوساندنەوەی چینی کرێکاری ئێران دابین کراوە، لە ڕۆژی یەکەمەوە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی ئێرانەوە نەبووە. پێویستە بە وەڕێخستنی ناڕەزایەتیی جەماوەری لەدژی ئەم شەڕە و بە گەشەپێدانی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، سەرانی ئەم ڕژیمە جنایەتکارە ناچار بکەین کە هەزینەی قورسی ئەم ستراتێژی و سیاسەتە شەڕخوازانەیە بدەن. هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئاڵترناتیڤی سۆسیالیستیش لە ڕێگەی خەبات لەدژی شەڕ و میلیاریزم و لە ڕێگەی پەرەپێدانی خەباتی چینایەتیی کرێکاران و پەرەپێدانی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی تێدەپەڕێت.
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە