فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، وڵامی لێبڕاوانەی خەڵک بە کوشتاری خەڵکی زاهیدان
دوشەممە ۱۱-۰۷-۱۴۰۱   |  03-10-2022

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، وڵامی لێبڕاوانەی خەڵک بە کوشتاری خەڵکی زاهیدان

لە جەرگەی ناڕەزایەتیی سەرانسەری و شەڕ و تێکهەڵچوونی خەڵک لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، دەستدرێژیی فەرماندەیەکی هێزی ئینتزامی بۆسەر منداڵێک لە میدیاکاندا بڵاو بووەوە و تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی دژبە تاوانبارانی ئیسلامی سەد هێندە کرد.

لە بارودۆخێکدا کە خەڵک لە سەرانسەری ئێران لەحاڵی پەرەپێدانی ناڕەزایەتییەکان دان و شەقامەکانیان گرتووەتەوە و بەرەو ڕووخاندنی ڕێژیمی تاوانکاری ئیسلامی هەنگاو هەڵدەگرن، دەستدرێژی بۆسەر کچێکی ١٥ ساڵ تەمەن لەلایەن فەرماندەیەکی هێزی ئینتزامی، بوو بەهۆی ئەوەیکە خەڵکی وەگیانهاتووی زاهیدانیش هاوکات لەگەڵ ئاخێزی سەرانسەریی ئێران بەگژ کۆماری ئیسلامیدا بێن.

خەڵکی زاهیدان لە ناڕەزایەتی دژبەم کردەوە دڕندانەیە،  ڕۆژی هەینی دوای نۆژی جومعە دەستیان دایە خۆپیشاندان. ئەم ناڕەزایەتییە بەرەوڕووی سەرکوتی وەحشیانە و تەقەی ڕاستەوخۆی بەکرێگیراوانی پایەگای بەسیج بووەوە. بەپێی هەواڵی ڕەسمیی دەوڵەت ٤٠ کەس کوژراون و بریندار بوون، بەڵام بەپێی هەواڵی خۆجێیی نزیکەی ٦٠ کەس کوژراون و ٢٠٠ کەسی تریش برینداربوون.

بەدوای ئەم جەنایەتەدا، تێکهەڵچوون لەنێوان خەڵک و بەکرێگیراوانی دەوڵەت توند دەبێتەوە و خەڵکی تووڕە هێرش دەکەنە سەر پایەگای بەسیج و ئاگری تێبەردەدەن و فەرماندەی ئیتلاعاتی زاهیدانیش دەکوژرێت. پاشان ئەم ناڕەزایەتییە شارەکانی دیکەی سیستان و بەلووچستانیش دەگرێتەوە.

ناڕەزایەتی دژی تاوانی ڕێژیم درێژەی هەیە و لەسەر بانگەوازی خەڵک، ڕۆژی شەممە ٩ی مانگی ڕەزبەر مانگرتن و خۆپیشاندان لە زۆربەی شارەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان دژی سەرکوتگەرانی ئیسلامی درێژەی بووە. 

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان هاودەردیی قووڵی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی گیان بەختکردووان و خەڵکی ستەملێکراوی زاهیدان و هەموو خەڵکی ئێران دەردەبڕێت و ئەم تاوانە خۆفناکەی ڕێژیمی دژەژن و دژەئینسانی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکات و هەموو خەڵکی ئازادیخواز بانگەشەی پەرەپێدانی ناڕەزایەتی و هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی ستەملێکراوی زاهیدان دەکات. دەسەڵاتێک کە هەمووجۆرە ناڕەزایەتییەکی ڕەوای خەڵک بە کوشتن وەڵام دەداتەوە، پێویستە بڕووخێت و ماشێنی سەرکوتی بەدەستی خەڵک تێک بشکێت. سەرانی ئەم دەسەڵاتە دەبێ دەستگیر و لەبەرچاوی خەڵک موحاکمە بکرێن و بەپێی تاوانەکانیان سزا بدرێن.

نەمێنێ ڕێژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

 شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١

٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢

واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کاریگەری-حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت