فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

“ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی” بەزەبری فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی ئیسرائیل هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژوەندی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ئێرانەوە نییە
سێشەممە ۲۴-۰۷-۱۴۰۳   |  15-10-2024

دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل کە لە غەززە بە بۆمباران و مووشەکبارانی بەردەوام و وێرانکاری، بە کوشتنی زیاتر لە ٤٢ هەزار فەلەستینی، بە پەرەپێدانی قاتی و برسیەتی لەم وڵاتە، بە لەناوبردنی هەموو ژێرخانەکانی تەندروستی و پەروەردە و فەرهەنگی نیشانی داوە کە دابینکردنی “ئەمنیەت”ی ئیسرائیل لە نابوودیی نەتەوەی فەلەستیندا دەبینێ، لەئێستادا بە ڕاگەیاندنی قۆناغێکی تازە لەژێرناوی “شەڕ بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ئاوارەی باکووری ئیسرائیل”، بڕیاری داوە کە بە کوشتار و خەڵتانی خوێن کردنی خەڵکی سڤیل و وێران کردنی ماڵ و تەنانەت نەخۆشخانە و دەرمانگاکان، خەڵکی لۆبنانیش بە چارەنووسی دانیشتووانی غەززە گرفتار بکات. بەپێی ڕاپۆرتەکان هەتا ئێستا زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ کەس لە هاووڵاتییانی لۆبنان و لەناویاندا سەدان منداڵ گیانیان لەدەست داوە و هەزاران کەسیش برینداربوون. تەنیا شەوی شەممە، بەهۆی بۆمبارانە بەرینەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە ناوەندی شاری “نەبەتییە” ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئاسایی کوژران. لە درێژەی پێکدادانەکاندا، سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی ٢٣ گوندی دیکەی باشووری لوبنانی داوە و تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس کە دەکاتە یەک لەسەر چواری دانیشتوانی لوبنان لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون. ئەم کەسانە قوربانی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلن بۆ سەر “ئامانجە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا” لە بەیرووت. لە وەڵامدا، حیزبوڵڵاش بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر باکوور و ناوەڕاستی ئیسرائیل و بەهۆیەوە چوار سەربازی ئیسرائیلی کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.

قۆناغی نوێی ئەم قەیرانە جەنگییە لەلایەکەوە درێژەی سیاسەتی دەوڵەتی دەستی ڕاستیی نەتانیاهۆ بۆ پەرەپێدانی بەرینایی شەڕ و گۆڕینی جینوسایدی خەڵکی فەلەستین لە غەززە بۆ دەستپێکی شەڕێکی ناوچەییە و لەلایەکی دیکەوە درێژەی شەڕی فەرسایشیی گرووپی کۆنەپەرستی حیزبوڵڵا لەدژی ئیسرائیل بەپێی نەخشەی ستراتێژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. دەوڵەتی ئیسرائیل کە نەیتوانیوە لە شەڕی غەززەدا بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی واتە نابوود کردنی حەماس و ئازادکردنی بەدیلگیراوان بگات و لە ناوەوەش گرفتاری قەیرانە، مانەوەی دەسەڵاتی سیاسیی خۆی لە گرتنەبەری تاکتیکی تەهاجومی و پەرەپێدانی ڕەهەندەکانی شەڕ لە ناوچەکەدا دەبینێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش لەڕێگەی حیزبوڵڵا، واتە باسکی سیاسی و نیزامیی خۆی لە لۆبنان، بە درێژەی ستراتێژی شەڕی درێژخایەن و فەرمایشی بەرانبەر ئیسرائیل بەکردەوە بەستێنی بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتە جەنگییەکانی دەوڵەتی دەستی ڕاستیی ئیسرائیل ئامادە کردووە.

ئەگەر هێرشی مووشەکیی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆسەر کۆنسوولخانەی کۆماری ئیسلامی لە سووریە و کوشتنی فەرمانەدەکانی سپا و تیرۆری ئیسماعیل هەنییە لە تاران، کادری ڕێبەریی سپای پاسدارانی بەو باوەڕە نەگەیاندبوو کە سەردەمی شەڕی درێژخایەن و نیابەتی دژبە ئیسرائیل بەسەر چووە، لەم دواییەدا هێرشی یەک لە دوای یەکی ئیسرائیل بۆسەر حیزبوڵڵا، ئەو زەربە قورسانەی کە لەم گرووپەی داوە و ڕەهەندەکانی کوشتن و وێرانیی ئەم شەڕە نابێ گومانێ بۆ هێشتبنەوە کە ستراتێژی شەڕی بەرگرانە و فەرسایشیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر دەوڵەتی ئیسرائیل شکستی هێناوە. چونکە دەوڵەتی ئیسرائیل نیشانی داوە کە دەیهەوێ ستراتێژی شەڕی فەرسایشیی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا بە تاکتیکی هێرشبەرانە و داگیرساندنی شەڕی ڕاستەوخۆ و گشتگیر وڵام بداتەوە. هاودەنگیی ئەندامانی کابینەی جەنگی ئیسرائیل لە ڕاگەیاندنی قۆناغی نوێی شەڕ نیشانەی ئەوەیە کە فاشیستەکانی دەسەڵاتدار لە ئیسرائیل بۆ ئەم قۆناغە لە شەڕیش هەروەک عەمەلیاتی جینۆساید لە غەززە ڕەزامەندی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەورووپایی ئەمریکایان لە ناتۆ وەرگرتووە.

کادری ڕێبەریی سپای پاسداران کە لە بواری ستراتێژیکدا بێ دەرەتانە و ناتوانێ بۆ داکۆکی لە مەوجوودییەتی حیزبوڵڵا ڕاستەوخۆ هەنگاو بنێت، بە دوایین هێرشە مووشەکییەکەی بۆسەر ئیسرائیل خۆی زیاتر خستووەتە گێرەوکێشەوە. چونکە کادری ڕێبەریی سپای پاسداران چوونە ناو شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناتۆ لەڕاستای ستراتێژی پاراستن و مانەوەی کۆماری ئیسلامی و بەرژوەندە ئابوورییەکانیدا نابینێت. دەست لەسەر دەست دانان و بژاردەی “سەبری ستراتێژیک”یش بێجگەلە پەرەپێدانی قەیران و ململانێی نێوان باندەکانی حکوومەتی ئیسلامی و لەدەستدانی هێزەکانیان، بەکردەوە بە مانای قەبووڵکردنی شکستی ستراتێژی شەڕی پپێشگرانە و بێ خاسییەت بوونی “میحوەری موقاومەت”ە، کە قەرابوو لە “سووریە و لۆبنان بەشەر بێن تا ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی لە خوڕەمشار و تاران زەمانەت بکرێت”. حیزبوڵڵاش کە توێژێک لە سەرکردایەتی و فەرماندەیی و بەشێک لە توانای سەربازی خۆی لە ژێر هێرشە قورسەکانی سوپای ئیسرائیلدا لەدەستداوە، خوازیاری پەرەستاندنی ئەم شەڕە نییە. دەوڵەتی بایدن لە ئەمریکاش کە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدایە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو شکستانەی کە لە لەشکرکێشی و شەڕ لە ئەفغانستان و عێراق تووشی بووە، بەهۆی نیگەرانی لەئاست داهاتووی ئێران، شەڕی ئۆکراین و ئەو ئەولەوییەتانەی کە لە کێبەرکێ لەگەڵ چین و ڕووسیە لە دەستووری کاری دایە، چوونە ناو شەڕێکی گشتگیر لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕاستای بەرژەوەندی خۆیدا نابینێت. بەڵام دەوڵەتی ئیسرائیل بەهۆی شکست و بێ ئاکام مانەوەی لە غەززە، دەیهەوێ لە هێرش بۆسەر حیزبوڵڵا و ئەو زەربە قورسانەی کە لێی داوە وە هەروەها لەو ئاستەنگانەی کە ڕژیم بەرەوڕووی بووەتەوە وەک دەرفەتێک بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خۆی و بە زیانی کۆماری ئیسلامی کەڵک وەرگرێت. هاوسەنگییەک کە نەتەنیا تێیدا حەماس جێگە و پێگەیەکی لە دیاریکردنی داهاتووی غەززەدا نەبێت، نەتەنیا بۆ هەمیشە کۆتایی بە مووشەک هاویشتنی حیزبوڵڵا بێنێت، بەڵکوو ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانیشی توانای درێژەی شەڕی پێشگرانە و توانای بەدواداچوونی پیلانی سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جوگرافیایان نەمێنێت. لەم ڕووەوە دەوڵەتی ئیسرائیل بەدوای داگیرساندنی شەڕێکی گشتگیر لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانیەتی. ئەگەر دەوڵەتی نەتانیاهۆ لەم بوارەدا پارێزکارانە دەجووڵێتەوە تەنیا بەو دەلیلەیە کە هێستا لە هاوکاریی تەواوی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی ئەمریکا لە ناتۆ دڵنیا نەبووەتەوە. بەڵام ئەزموونی یەک ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە کە لە بارودۆخێکدا کە پێگەی هەژمۆنیک و ڕێبەریی ئەمریکا لە جیهان و ناوچەکەدا ڕوو لە لاوازبوونە، دەوڵەتی ئیسرائیل وەک هاوپەیمانێکی ستراتێژیک و جێی متمانە، توانیویەتی ئەمریکا بەرەو تەمکین و قەبووڵکردنی نەخشەکانی خۆیدا بەرێت. بەلەبەرچاوگرتنی ئەم فاکتۆرانە هەرچەند ئەگەری شەڕێکی گشتگیر و ناوچەیی هێستا لاوازە، بەڵام مەترسیی سەرهەڵدانی وەها شەڕێک جیددییە و دەبێ بەجیددی وەربگیرێت. لەبەر ئەوەیکە لایەنەکانی ئەم شەڕە هەڵسەنگاندنێکی ڕوون و وردیان لە ئاستی تەحەمولی یەکتر نییە و هەرجۆرە لێکدانەوەیەکی هەڵە دەتوانێ شەڕێکی ماڵوێرانکەری ناوچەیی داگیرسێنێت.

بێگومان کرێکاران و خەڵکی فەلەستین، لۆبنان، ئیسرائیل و ئێران کە هەر کامیان بەجۆرێک قوربانیی سەرەکیی ئەم شەڕخوازییانەن، هیچ بەرژوەندییەکیان لەم شەڕە کۆنەپەرستانە و سەرمایەدارانەیەدا نییە. شەڕی ئیحتمالی و گشتگیری نێوان دەوڵەتی فاشیست و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و ڕژیمی فاشیستی کۆماری ئیسلامی درێژەی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە و جەحەنەمێکە کە حکوومەتی ئیسلامی لە ئێران بەرپای کردووە. ئەم شەڕە شەڕێکی کۆنەپەرستانە و سەرمایەدارانەیە و بۆ خەڵکی ئێران و ئیسرائیل و ناوچەکە هیچ قازانج و بەرژوەندێکی تێیدا نییە. هەروەک چۆن لەشکرکێشیی ئەمریکا بۆسەر ئەفغانستان و عێراق و ڕووخاندنی ڕژیمی تاڵەبان و سەدام و ڕووخاندنی دەسەڵاتی قەزافی لە لیبی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ناتۆ بێجگەلە وێرانی، ئاوارەیی، هەژاری و پەرەسەندنی ڕەوتە توندڕەوەکانی ئیسلامی سیاسی ئاکامێکی تری نەبوو، شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیلیش ئاکامێکی لەوە باشتری نابێت. مەترسیی سەرهەڵدانی ئەم شەڕە هەتا ئێستا بێجگەلە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی زیاتری بەهای ڕیاڵ لە بەرامبەر دۆلار، چوونەسەری نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی ڕۆژانەی خەڵک و پەرەسەندنی شەپۆلی ڕەشبگیری و ئێعدام و کەشوهەوای ئەمنیەتی، ئاکامێکی دیکەی نەبووە. لەگەڵ دەستپێکی شەڕێکی گشتگیر و پەرەسەندنی کوشتار و وێرانی و ئاوارەیی، بزووتنەوەی کرێکاری و هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بۆ بەدواداچوونی خەبات و ڕێکخستن و شکڵدان بە ڕێبەری دەکەونە هەلومەرجێکی دژوارترەوە. بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێرانیش بۆ شکڵدان بە ئاڵتێرناتیڤێکی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی دەکەوێتە دۆخێکی دژوارترەوە. لەم ڕووەوە “ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی” بەزەبری فڕۆکە جەنگییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل کە سەرانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە ڕاستەکان مەوعیزەی دەکەن هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژوەندی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ئێرانەوە نییە. بەڵام بێگومان لە ئەگەری سەرڵهەدانی شەڕدا چینی کرێکار و هێزە شۆڕشگێڕەکان نابنە تەماشاچیی بێکردەوە. ستراتێژی ڕاگەیەندراوی ئێمە بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و یارمەتیدان بە ڕێکخستن و ئامادەکردنی چینی کرێکار بۆ ڕاپەڕین لەپێناوی گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی ناگۆڕدرێت، تەنیا بارودۆخی چالاکی و پێشخستنی ئەم ستراتێژییە دەگۆڕدرێت.