فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕووخانی دیواری بەرلینی حیجابی ئیجباری و یاسا ئیسلامییەکان
چوارشەممە ۱۰-۰۳-۱۴۰۲   |  31-05-2023
ڕووخانی دیواری بەرلینی حیجابی ئیجباری و یاسا ئیسلامییەکان

ڕۆژی دووشەممە ٨ی مانگی جۆزەردان ڕێکخراوی پێشڕەو و شۆڕشگێڕی خوێندکاری و چالاکانی خوێندکاریی پێنج زانکۆ، لەڕێگەی بەیاننامەیەکی هاوبەشەوە لەژێرناوی “سەرکەوتنی شۆڕش لەڕێگای مانگرتنی سەرانسەری و گشتییەوە تێدەپەڕێت” ڕایانگەیاند کە: “دەسەڵات هەموو هەوڵی خۆی دا تا خاکڕێژی فەتحکراو لەلایەن ژنانی شۆڕشگێڕ و خەباتکار کە هەموو کۆمەڵگایان لەپشتە، وەربگرێتەوە، بەڵام سەرنەکەوت. ئێمە خاکڕێژی حیجابمان لە شەممە ٢٦ی مانگی خاکەلێوەوە سەقامگیر کرد”. ئەم ڕێکخراوە خوێندکارییانە لەم بەیاننامەیەدا تەئکیدیان کردووە کە ئێعدامی جەنایەتکارانە و سیاسەتی .زۆرترین سەرکوت بۆ مانەوە، سەلمێنەری بێتوانایی کۆماری ئیسلامییە لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خرۆشی خەڵکی تێکۆشەر و ناڕازی و بێبەشکراو و چەوساوە کە ئێستا لە هەزاران ناوەەند و گرووپ و ڕێکخراودا سازماندراون. ڕێکخراوە خوێندکارییەکان لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، لە هەموو چالاکان و بنەماڵە دادخوازەکان، لە هەموو ئەو کەسانەی کە دڵیان بۆ ئازادی و بەرابەری لێدەدات، داوایان کردووە کە لەپێناو ڕووخاندنی حکوومەتی سێدارەی کۆماری ئیسلامی هاوکار و هاوپشتی یەک بن و ڕایانگەیاندووە کە کۆتایی ئێعدام و سەرکوت لە گرەوی سەرکەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامیدایە.

ئەوەش لە حاڵێکدایە کە شۆرا سینفییەکانی خوێندکارانی ئێران ڕۆژی ٧ی جۆزەردان باسیان لەوە کرد کە لانیکەم ٤٠ خوێندکاری کچی زانکۆی هونەری تاران مەمنوعولورود کراون و ڕۆژی ٥ی جۆزەردانیش ڕایگەیاند کە حوکمی تەعلیقی یەک تێرم و دەرکردنی ٢٠ خوێندکاری خابگای موتەئەهلانی زانکۆی تاران لەلایەن حەراسەتی زانکۆوە داسەپێندراوە. دەرکردن و تەعلیقی خوێندنی خوێندکاران لەلایەن ڕژیمی ئیسلامی لە حاڵێکدایە کە لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا و بەتایبەت لە کۆتاییەکانی ئەم تێرمەدا، ژمارەیەکی زیاتر لە خوێندکاران لەوانە سپیدە ڕەشنو، ئەسما گەنجی زادە، عارف کەمانی دەبیری پێشووی شۆرای سینفیی زانکۆی علومی پزیشکیی ئەراک، دەریا ئەمیری کیا بەخاتری ڕەعایەت نەکردنی حیجابی ئیجباری لە خوێندن بێبەری کراون. شۆرا سینفییەکانی خوێندکاران، ڕەوتی دەرکردن لە زانکۆ و ڕاگرتنی خوێندنی خوێندکاران کە بەئامانجی سەرکوتی بزووتنەوەی خوێندکاری و پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و نیگەرانی لە زانکۆکان لەلایەن حەراسەتی ڕژیمەوە ئەنجام دەدرێت، بە درێژەی ڕەوتی دوورخستنەوەی خوێندکارانی ناڕازی لە چوارچێوەی زانکۆ دەزانێت.

بەڵام کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا نە بە سەرکوتی وەحشیانە، نە بە ئێعدام و زیندان و ئەشکەنجە و نە بە بێبەریکردنی ژنان لە خوێندن و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و ئیداری و بانکی و تووریستی و نە بە پلۆمبی دوکانەکان و هیتر نەیتوانیوە کۆمەڵگا بۆ دواوە بگەڕێنێتەوە. لابردنی حیجابی ئیجباری، ئەم هێمایەی سووکایەتی و کۆیلەتیی ژن، یەکێک لە دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری ٩ مانگی ڕابردوو لە ئێران بووە. ئاستی بێ حیجابی و ژمارەی ژنانێک کە ئیتر حازر نین تەسلیمی یاسای خورافی و مەزهەبیی کۆماری ئیسلامی و کەلتووری کۆنەپەرستانە و دژەژن و پیاوسالار بن هێندە بەرینە کە بە ئیعترافی مەسئولان و کارگێڕانی حکوومەت، کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بەرەنگاریان بێتەوە و لە بەرامبەریاندا عاجز و بێتوانایە. بۆ نموونە مەجید ئیمامی دەبیری بەناو شۆرای فەرهەنگی گشتیی ئێران ڕۆژی شەممە ٦ی جۆزەردان لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا دانی بەوە دانا کە: “لە تاران ژمارەی ژنانێک کە حیجاب لەسەر دەکەنەوە هێندە زۆر بووە کە حکوومەت توانای بەرەنگاربوونەوە و دەستگیرکردنیانی نییە. ئەگەر قەرار بێت هەموو ژنانی بێ حیجاب سزا بدەین، تەنیا لە تاران ڕۆژانە دەبێ لانیکەم پێنج هەزار ژن دەستبەسەر بکرێت کە ئەوەش مومکین نییە”. حسێن خوسرەوپەنا دەبیری شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگیی ڕژیمیش دوو ڕۆژ پێشتر لە بابەت بێتوانیی ڕژیم لە دەستبەسەرکرنی ژنانی بێحیجاب وەدەنگ هاتبوو. نموونەیەکی بەرچاوتر لەناو بەرپرسانی ڕژیم کە بەخاتری پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و بەتایبەت لابردنی حیجاب لەلایەن ژنانی تێکۆشەرەوە ترساون و خوازیاری سزادانی توندتری ژنانن، مێهیدی حسێنی هەمەدانی، ئیمام جومعەی کەرەج و نوێنەری عەلی خامنەیی لە پارێزگای ئەلبۆرزە. ئەو ڕۆژی هەینی ٥ی مانگی جۆزەردان، هۆشداری بە مەقاماتی کۆماری ئیسلامی دا کە: “گەڵاڵەی نوێی حیجاب تەنانەت ئەگەر پەسند و ئیجراش بکرێت ناتوانێ بەربە ڕووخانی دیواری بەرلینی نیزام بگرێت”.

دەوڵەتی وەرشکستەی ڕەئیسی لە هەوڵی ئەوەدایە تا بەڵکوو لەڕێگەی ناردنی گەڵاڵەی “تەخەلوف ئینگاریی حیجاب” لە جیات “جورم ئینگاری” بۆ مەجلیسی کۆنەپەرست و پەسەندکردنی، بتوانێ بەشێک لە کەسری بودجەی دەوڵەتەکەی دابین بکات. لەم گەڵاڵەیەدا ڕەعایەت نەکردنی حیجاب، ڕووتبوونەوە پێناسەکراوە و بۆ هەر ئاستێکی، جەریمەی نەغدی تا ٢٤ ملیۆن تمەن دیاریکراوە.

واقعیەت ئەوەیە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کۆتاییەکانی تەمەنیدایە و سەرانی ئەم دەسەڵاتە، لەم هەڵدێرەی مەرگدا بەگژ یەک دادێن. سەرانی ڕژیم کە ناتوانن بەرەنگاری خۆڕاگری و دژایەتیی ژنان بەرانبەربە حیجابی ئیجباری ببنەوە، یەکتر بە خەتابار دەزانن و هەر کامیان گەڵاڵەیەکی جیاواز دێننە گۆڕێ. مۆحسێن ئێژەیی جەلاد و سەرۆکی دەزگای ئێعدام و زیندان و شەللاقی ڕژیم، سزادانی دژبەرانی حیجابی، بە چاوەڕوانیی “خەڵکی دیندار” لەم دەزگایە وەسف کرد و وتی کە دەزگای قەزایی لەو باوەڕەدایە کە دەبێ موخالفانی حیجاب توندوتیژانە سزا بدرێن و بەتاوانبار بناسرێن. لەبەرامبەردا محەممەد دێهقان جێگری یاسایی ڕەئیسیی قاتڵ وتی: “گەڵاڵەی پێشنیارکراوی دەزگای قەزایی دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکی لە وڵاتدا و دەوڵەت نایهەوێ بەڕێوەی بەرێت”. سەرپاسدار قالیباف سەرۆکی دزی مەجلیسی ئیسلامیش وتوویەتی کە: “تۆپەکە نابێ لەناو زەویی مەجلیسدا بێت”. جەلال ڕەشیدی یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسیش بە سەرەنجدان بە ناکۆکیی دەوەڵەت و دەزگای قەزایی وتبووی کە: “ئەوان نابێ ڕێگاچارەی کێشەکانی خۆیان لە مەجلیس داوا بکەن. گەڵاڵەی دەزگای قەزایی و دەوڵەت لەسەر داسەپاندنی حیجابی ئیجباری کە تەنیا باس لە گرتن و زیندانی کردن و جەریمە کردن دەکات، لە ناو مەجلیسدا تاوتوێ ناکرێ”. ئەو بە تانەوەوتەشەرەوە پێشنیاری بە ئیبراهیم ڕەئیسی کردبوو کە گەڵاڵەی دەوڵەت وەربگرێتەوە و دوای گونجاندنی ڕاوبۆچوونی باوکی ژنەکەی (عەلەمولهۆدا) لەناو گەڵاڵەکە، بیهێنێتە مەجلیس.

لەڕاستیدا ڕژیمی داماو و داڕماوی کۆماری ئیسلامی کە ناتوانێ هیچ گۆڕانێک لە بارودۆخی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگادا پێکبێنێت و تەنیا بە سەرکوت و کوشتار و ئێعدام لە هەوڵی درێژەی دەسەڵاتەکەی دایە، بەتەمایە ئەم باسانە بکاتە کێشەی کۆمەڵگا و خەڵکیان پێوە مەشغوڵ بکات. ڕێبەرانی سپا و خودی خامنەییش دەزانن کە چیتر ناتوانن بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ژنان کە پایەکانی دەسەڵاتی جەهل و تاوانی خستووەتە لەرزە، بۆ دواوە بگەڕێننەوە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co