ڕوودانی دوو تەقینەوەی بەهێز لە شاری قامشلۆ
شەممە ۲۹-۱۰-۱۴۰۳   |  18-01-2025

ڕۆژی هەینی ٢٨ی بەفرانبار،، دوو تەقینەوەی بەهێز لە شاری قامشلۆی سوورییە ڕوویدا کە بە گوێرەی زانیارییەکان، یەکێک لە تەقینەوەکان ئاگرکەوتنەوە و سووتانی تانکی سووتەمەنی بووە لە باڵەخانەیەک کە دەکەوێتە ناوچەی “عەین خربە” لە نزیک کارگەی دروستکردنی بەفر لە ڕۆژئاوای شارەکە، بەڵام تەقینەوەی دووەم دەرکەوتووە کە هێرشێکی درۆنی بووە بۆ سەر هەمان شوێن و هەمان باڵەخانە.
بنکەی ئاژانسی هەواڵی هاوار و بارەگەی دەستەی بەرگریی شارستانی و چەند دامەزراوەیەکی دیکەی مەدەنی لە دەوروبەری شوێنەکە هەن و بەر لە تەقینەوەکانیش دەنگی سوڕانەوەی فڕۆکە لە ئاسمانی ناوچەکە بیستراوە. هەروەها لە بارەی بوونی ژمارەی قوربانییان و شوێنی بۆمباران کراوەکە، هێشتا ئیدارەی خۆسەر لە قامشلۆ هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە.