ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران لە حەفتەکان و ڕۆژانی ڕابردوودا بە پەرەپێدانی گرتن و دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی پانتاییەکی تازەی بە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی داوە. بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە کوردستان شەش چالاکی کرێکاری کورد بەناوەکانی شادمان عەبدی، کەماڵ کەریمی، خەبات مەحموودی، عەبدوڵڵا خەیرئابادی، ئیقباڵ پیشکاری و ئیقباڵ شەعبانی بە تۆمەتی بێ بنەمای “هەوڵدان دژبە ئەمنیەتی میللی”، “کۆبوونەوە و تەبانی دژبە ئەمنیەتی ناوخۆ و درەوە”، “پێکهێنانی گرووپی نایاسایی بەمەبەستی تێکدانی ئەمنیەتی وڵات” بە زیندان مەحکووم کران. هەموو ئەم تۆمەتە بێبنەمایانە بەو دەلیلە بوو کە ئەوان ڕێکەوتی ٢٧ی مانگی گوڵان سەردانی بنەماڵەی هوومەن عەبدوڵڵاهییان کردبوو کە لە جەرەیانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکدا گیانی بەختکرد. هەروەها سولەیمان عەبدی ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سەقز ڕێکەوتی ٢٦ی مانگی پووشپەڕ بە تۆمەتی “تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نایاسایی لە گۆڕستانی ئایچی” بە هەشت مانگ زیندانی تەعزیری و حەفتا زەربە شەلـلاق مەحکووم کرا. هەر لەم ڕۆژانەدا ٥٤ پارێزەری دادگوستەری لە مەهاباد بۆ دادسەرای گشتیی زیدی ئینقلابی بۆکان بانگکران. تاوانی ئەم پارێزەرانە ئەوەیە کە چەند ڕۆژ دوای قەتڵی دەوڵەتیی ژینا، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای مەحکوومکردنی هەرجۆرە ڕەفتارێکی نایاسایی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکان، و پشتیوانیی تەواو لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی، ئامادەبوونی خۆیان بۆ قەبووڵ پارێزەری و حمایەتی قانوونی ڕاگەیاندبوو. هەواڵنێریی هێرانا لە زاری شایەتحاڵێکەوە ڕایگەیاند کە “دوای نیوەڕۆی سێشەممە ٢٧ی مانگی پووشپەڕ ژنێکی موخالفی حیجابی ئیجباری کە لە یەکێک لە مەیدانەکانی شاری گونبەدی کاووس دژبە ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی دروشمی ناڕەزایەتیی وتبووەوە، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەدرێتە بەر توندوتیژی و دەستبەسەر دەکرێت و لەو ڕۆژەوە لە شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتی وەپاڵدراوی هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە”. بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکە عەبدولمەجید مورادزهی سەرەڕای تێپەڕینی ١٧١ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکردنی، لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی مەشهەد هەروا لەژێر ئەشکەنجەدایە و بنەماڵەکەی یەکجار نیگەرانیی سڵامەتی ناوبراون.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکە ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی مانگی پووشپەڕ چوار لاوی ناڕازی بەهۆی “لابردنی حیجاب” دەستبەسەرکران. ئەمانە تەنیا گۆشەیەکن لە سەرکوتگەریی کۆماری ئیسلامی بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم سەرکوتگەرییانە، ناڕەزایەتیی بەشێوەی جۆراوجۆر لەئاستی کۆمەڵگادا بەردەوام لەئارادابووە. لە زۆر شاری ئێران خانەنشیان سێشەممە و یەکشەممەی ئیعتڕازی بەڕێوەدەبەن و بە دەنگی ڕەساوە هاوار دەکەن “تا بە مافمان نەگەین، بۆ ساتێک پشوو نادەین”. مامۆستایان لە شیراز بە دروشمی “مامۆستای بەندکراو دەبێ ئازاد بکرێ” دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. هەر لەم ڕۆژەدا ژمارەیەک لە کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە لە بەرامبەر شیرکەتی تەرحی تەوسەعە و سەنایعی جانبی لە ئەهواز کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرپاکرد. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی مانگی پووشپەڕ کۆمەڵێک لە کرێکارانی پڕۆژەیی پێترۆشیمیی دێهلۆڕان لە ناڕەزایەتی بە تەعتیلکردنی ئەم پڕۆژەیە و بێکاربوونی کرێکاران لە شوێنی چوونەژوورەوە بۆ ناو ئەم پڕۆژەیە دەستیان دایە کۆبوونەوە. ڕۆژانە بەشێوەی مامناوەند دە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری لەئاستی ئێراندا بەڕێوەدەچێت.
سەرکوتگەریی ڕژیمی ئیسلامی و خۆڕاگری و ناڕەزایەتیی کرێکاران و جەماوەری هەژار و بێبەشکراو، سیمای ڕاستەقینەی ئەو کۆمەڵگایەیە کە دەمێکە بڕیاری داوە تەسلیمی شەپۆلی سەرکوتگەرییەکانی ئەم دەسەڵاتە نەبێ. نە کرێکاران بەم سەرکوتگەرییانە پاشەکشە دەکەن، نە ژنان ئیتر حازرن بێ مافی قەبووڵ بکەن و نە چالاکانی کۆمەڵایەتی بۆ داخوازیی مافی سەرەتایی و ئینسانییان حازرن فەرمانی حکوومەت بەڕێوەبەرن. سەرانی ڕژیم لایان وایە کە بە پەرەپێدانی سەرکوت لە سەروبەندی ساڵوەگەڕی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا دەتوانن کۆمەڵگا چاوترسێن بکەن. بەڵام ئەوە خەیاڵێکی خاوە. چونکە ئەو کۆمەڵگایەی کە هەموو ڕۆژێ تێیدا ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری لەئارادایە، کۆمەڵگایەک کە ئاخێزەکانی مانگی بەفرانبار ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینای تەجروبە کردووە، بە شەپۆلی سەرکوتگەریی ڕژیم، ڕاناوەستێ. لاوان و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز کە لە شەقام، زانکۆ و مەدرەسە بوێرانە لە بەرامبەر لات و چەقۆکێشەکانی ڕژیمدا خۆڕاگرییان کرد، بە توندکردنەوەی سەرکوت پاشەکشە ناکەن. چالاکان و ڕێبەرانی مەیدانی، چ ئەوانەی کە مانگرتنی شکۆداری کرێکارییان لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا سازمان داوە، چ ئەوانەی کە بە پێکهێنانی کۆمیتەکانی گەڕەکەکان ئاخێزی شەقامیان بەرەوپێش بردووە، خوێندکاران کە زانکۆ و مەدرەسەیان کردە سەنگەری دیفاع لە ئازادی، ئێستا بە ئەزموون فێربوون کە بۆ تێکشکاندنی ماشێنی سەرکوتی ڕژیم، بۆ کۆتایی هێنان بە بێمافی و پێگەی ژێردەستی ژن، بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی سەرمایەداران پێویستە بە هێزێکی چەند هێندە قەویتر لە هێزی دوژمن بێنە مەیدان.