پەیمان گەڵوانی، ٢٤ ساڵ تەمەن و خەڵکی مەهاباد کە لە ڕێکەوتی ٤ی مانگی پووشپەڕدا لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتییەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی بازجویانی ئەمنیەتیدا ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕ گیانی لەدەستدا. جەستەی نەمر پەیمان گەڵوانی لەناو خرۆشی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی تێکۆشەری مەهاباددا بە خاک سپێردرا. ڕۆژی شەممە ١٧ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٢ مووسا ئیسماعیلی خەڵکی گوندی پەسوێی سەربە شاری پیرانشار کە لەڕێکەوتی ١٧ی گوڵانی ١٤٠٢دا لەلایەن بەکرێگیراوانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکرابوو و لە گرتووخانەی ئەم ناوەندە ئەمنیەتییەدا ڕاگیرابوو، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا. هاوکات بێدادگای ڕژیمی ئیسلامی توماج ساڵحی، هونەرمەندی خەباتکار و داکۆکیکاری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی بە شەش ساڵ و سێ مانگ زیندان مەحکووم کرد.
ناوەندی نووسەرانی ئێران ١٦ی مانگی پووشپەڕ لە بەیاننامەیەکدا لەژێرناوی “گۆڕی ئازادیخوازان، نابێتە گۆڕی ئازادیخوازی” ڕایگەیاند: „سەرکوتی دەسەڵات هەروا بەردەوامە. دوای هێرشکردنەسەر ناڕازییانی سەرشەقام، دەستبەسەرکردنی بەرین، ئەشکەنجە و زەبروزەنگ و بەکردەوە دەرهێنانی ئەحکامی ئێعدام و زاڵکردنی فەزای گۆڕستانی، حکوومەت بانگکردن و پەروەندەسازی، بەڕێوەبردنی دادگای لەپشت دەرگای داخراو و دەرکردنی ئەحکامی قورسی پەرەپێداوە.
هەروەها لە ڕاگەیاندنێکدا کە خوێندکارانی زانکۆی عەلامە لەژێرناوی “ئەو سەرانەی کە دەشکێن و ئەو دەنگانەی کە دەمێننەوە” نووسییان: „لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، هیچ ڕۆژێک لە فەزای زانکۆی عەلامەی تەباتەباییدا ئارام نەبووە. ئەگەرچی پێشتریش حەراسەت لە حەساری زانکۆ بە مۆتۆر وەشوێن ئەو خوێندکارانە دەکەوت کە لە حیجابیان ڕازی نەبوو، بەڵام ئێستا هەموو کردەوەیەکی خوێندکاران فشاری حەراسەتی بەسەرەوەیە. لە بەشداریکردن لە کلاسەکان تا حزوور لە کتێبخانە و ساڵۆنی غەزاخۆری”. ئەوان لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیاندا دەنووسن: „لێرە هیچ شتێک ئارام نییە و تەنها کارێک کە باشی بەڕێوەدەچێت سەرکوتکردنە. بەڵام ڕوو بە ئەوان هەروەک پێشتریش وتوومانە: „هیچ کەس قەرار نییە تەسلیم و ملکەچتان بێت”.
هەموو ئەم جەنایاتە سەلمێنەری ئەو واقعیەتەیە کە ڕژیم بۆ درێژەدانی دەسەڵاتەکەی ڕێگایەکی بێجگەلە سەرکوت و ئێعدام و ئەشکەنجە نییە. واقعییەتێکی دیکەش ئەوەیە کە ماشێنی سەرکوتی ڕژیم کارایی ڕابردووی لەدەستداوە. هەم ڕژیم ئەوە دەزانێت و هەموو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش کە لە جەرەیانی ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و لە جەرەیانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژنان نیشانیان دا کە کۆمەڵگای ئێران چیتر کۆمەڵگای دەیەی شەست نییە کە دەسەڵات بتوانێ لەناو سەرسووڕمانی جەماوەردا بیانخەنە ناو گۆڕە بێ ناو و نیشانەکانەوە. ئەم کۆمەڵگایە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا سێ ئاخێزی شکۆمەندی شۆڕشگێڕانە و هەزاران مانگرتنی شکۆداری کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەریی تەجروبە کردووە. ئەم شەپۆلەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری و ڕووبەڕووبوونەوەی بوێرانەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بەرانبەر بە هێرشی سەرکوتگەرانی ڕژیم، ئینسجام و یەکڕیزیی هێزی سەرکوتی تێکداوە.
سەرانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بە خەیاڵی خاوی خۆیان لایان وایە دوای دامرکانی ناڕەزایەتییەکانی شەقام ئێستا کاتی تۆڵەسەندنەوە لە بەڕێوەبەرانی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە. ئەمانە کە لە گۆڕستانی مێژووەوە سەریانهەڵداوە لەو تەسەورە باتڵەدان کە دەتوانن بە قەتڵ و کوشتار، بێدەنگییەکی گۆڕستانی بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکەن. لە سەردەمێکدا کە لە هەموو شوێنێک، لە شەقام، لە کارخانە و لە زانکۆ و لە مەدرەسە، ترس جێگای داوە بە موقاومەت و تووڕەیی و ناڕەزایەتی، ئەم جەنایاتە ئیرادەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری وەگیانهاتوو لەپێناو ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە ڕێکخراوتر دەکات.
کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و پیاوانی تێکۆشەر و ئازادیخواز کە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا هەزاران مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و سێ ئاخێزی شۆڕشگێڕانەیان تەجروبە کردووە، بە شەپۆلی قەتڵ و کوشتاری ڕژیم چاوترسێن نابن. ڕەوتی پەیوەندخواردنی ئیعتڕازات و مانگرتنی کرێکاران لەوانە مامۆستایان و خانەنشیان لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ئێستا دەستیپێکردووە. بێگومان سەرانی ڕژیمی ئیسلامی ناکاریگەربوون و بێ ئاکامبوونی ئەشکەنجە و قەتڵ و ئێعدام لەناو زیندانەکان، لە دەروەی زیندانەکاندا دەبینن. ڕژیمی ئیسلامی بە درێژەدانی شەپۆلی ئەشکەنجە و قەتڵ و ئێعدام تۆفانی تووڕەیی جەماوەر و تۆوی لەناوچوونی خۆی دەچێنێت.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە