ڕێکخراوی کەشناسیی ئێران ڕۆژی دووشەممە ٢ی مانگی گەلاوێژ ڕایگەیاند: “هەستانی تۆز و خۆڵ بووەتە هۆی نزمبوونەوەی کوالیتیی هەوا و بارودۆخی نالەباری کەشوهەوا هەروا بەردەوامە. کەشوهەوای ١٤ پارێزگای ئێران لەوانە پارێزگاکانی مەرکەزی، ئیسفەهان، قۆم، سمنان، کرمان، خووزستان، خۆراسان، چوارمەحاڵ و بەختیاری و سیستان وبەلوچستان گەیشتوونە وەزعیەتی زەرد”. لە زۆرێک لەم ناوچانە بەهۆی تۆفان و تۆز و خۆڵ سەدان کەس بەتایبەت بەساڵاچووان و منداڵان تووشی کێشەی هەناسەدان و دڵ و چاو بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. ئەم بارودۆخە جێی نیگەرانییە، تەنها تایبەت بەم چەند ڕۆژە نییە، بەڵکوو لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تا هاتووە خراپتر بووە. مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو سەرپەرستی ڕێکخراوی سەرچاوە سرووشتیەکانی ڕژیم باسی لە پەرەسەندنی لەسەدا ٦٦ی پارێزگا بیابانییەکان کرد و دانی بەوە دانا کە ناوچە قەیراناوییەکان بۆ هەستانی تۆز و خۆڵ ٤٣ لەسەد زیادیان کردووە. ئەوەش بەو مانایەیە کە نیوەی دانیشتووانی ئێران لەگەڵ ئاکامەکانی قەیرانی ژینگە بەرەوڕوون. نوێنەری زاهیدان لە مەجلیسی کۆنەپەرستیش مانگێک پێش ئێستا هۆشداری بە ڕەئیسیی قاتڵ دابوو کە: “بارودۆخی کەشوهەوای پارێزگای سیستان و بەلوچستان غەیری قابیلی تەحەمول و کارەساتبارە” و گۆیا خوازیاری پێڕاگەیشتنی ببوو. ئەو تەزەکوری دابوو کە کێشەکان یەک و دوان نین، هەستانی تۆز و خۆڵ، نەبوونی ئاو و پیسبوونی، قەتعیی بەرق لە گەرمای سەرووی ٥٠ پلە بووەتە هۆی ئەوەیکە ڕۆژانە ٤٠٠ کەس سەردانی ئەو نەخۆشخانانە بکەن کە لەگەڵ کەمبوونی دەوا و دەرمان و ئیمکاناتی پزیشکی بەرەوڕوون. بەوتەی بەرپرسانی نەخۆشخانەکان، قەیرانی ژینگە و شەپۆلی خۆڵبارین لە پارێزگای خۆرسانی جنوبیش لەماوەی یەک حەفتەدا ٢٠ هەزار کەسی ڕەوانەی نەخۆشخانە کردووە. ڕۆژی یەکشەممە یەکی مانگی پووشپەڕ نوێنەرانی چابەهاریش لە پێوەند لەگەڵ قەیرانی ئاو، وێڕای دان پێدانان بەوەیکە ماوەی سێ مانگە تەنانەت یەک دڵۆپ ئاویش بۆ ئەم شارە نەناردراوە وتی: “خەڵک مەجبوورن لە بارودۆخی هەژاری و تەنگدەستیدا بۆ هەر تانکێرێک ئاو یەک ملیۆن و دووسەد هەزار تمەن پووڵ بدەن و مەقامات بایەخ بە ناڕەزایەتیی خەڵک نادەن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە قەرار بووە لە ئەوەڵی مانگی جۆزەردانەوە دابەشکردنی ئاو لە زاهیدان سەهمیەبەندی بکرێت و دەوڵەت پێویستیی ئاوی ئەم شارە دابین بکات. بەڵام بەرپرسانی دەوڵەت لەوپەڕی بێشەرمیدا ڕایانگەیاندووە کە پارێزگای سیستان و بەلوچستان تا مانگی سێپتامبر لە ئاوی شاری بێ بەهرە دەبن و خەڵک دەبێ لە فکری خۆیاندا بن.
لەگەڵ گەرمبوونی هەوا و نەبوونی ئیمکانات، کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئێران بێجگەلە قەیرانی ئابووری و هەژاری و برسیەتی، لەگەڵ کێشەی کەم ئاوی و پیسبوونی هەواش بەرەوڕوون. دەسەڵاتی سەرمایەدار و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی ساڵەهایە بە گرتنەبەری سیاسەتی قازانجپەرستانە و ناکارناسانە ژینگەی ئێران وێران دەکات و ئاکامەکەی بووەتە هۆی سەرهەڵدانی کارەساتی ژینگەیی. ڕۆژنامەی “واشنتۆن پۆست” هەفتەی ڕابردوو بە پشتبەستن بە بۆچوونی شارەزایانی بواری ژینگە ڕایگەیاند کە ئێران بە خێرایی بەرەو “وەرشکتەیی ئاو” هەنگاو دەنێت و هۆکاری ئەمەش خراپ بەڕێوەبردنی چوار دەیەی ڕابردووە. سەرانی ڕژیم لە هەستەی ڕێبەریی سپای پاسدارانەوە تا خامنەیی و باقیی ناوەەندەکانی ڕووحانیەت بە بەڕێوەبردنی بەرنامەکانی بەناو پێنج ساڵەیان نەتەنها نەیتوانیوە نانێک بخەنە سەر سفرەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، بەڵکوو ئەوانیان لە ئاوی خواردنەوە و تەنانەت لە هەوای سالمیش بێبەری کردووە. بەرنامەکانی پێنج ساڵەی ئابووری لەڕاستیدا بەستێنێک بۆ دزی و ڕانتخۆریی سەران و کارگێڕانی ڕژیم و باقیی سەرمایەدارانی سەربە حکوومەت بووە.
هەواڵنێریی دەوڵەتیی ڕژیمی ئیسلامی “ئیرنا”ش وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە سەرهەڵدانی شەپۆلێکی دیکە لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری دژبە ڕژیم، لەئاست تەواوبوونی سەبر و تەحەمولی خەڵک هۆشداری بە سەرانی حکوومەتی ئیسلامی دا. بەڵام دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران بەهۆی قەیرانی ئابووری و حکوومەتی توانای وڵامدانەوەی بە هیچ کام لە کێشە و داخوازییەکانی خەڵک نییە و هۆکاری کەم ئاوی بە بابەتی بێناوەرۆکی وەک بەکارهێنانی زۆری ئاو لەلایەن هاوڵاتییان و ڕووداوی سرووشتی یان حکوومەتی تاڵەبان و هیتر پاساو دەکات. بێگومان ڕژیمی ئیسلامی ناتوانێ کەمبوونی ئاو و ئاکامەکانی، کە نەتیجەی سیاسەتی بەناو “تەوسەعەی” ڕژیم لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودایە، بەمجۆرە پاساوانە پەردەپۆش بکات. قەیرانی ژینگە لە ئێران لەئێستادا بووەتە کارەسات و بەداخەوە بژاردەی زۆر بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لە ئارادا نییە. لەم ڕوانگەیەوە زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی بە پشتبەستن بە داتا و ئەنجامی شیکارییەکانیان لەو باوەڕەدان کە قەیرانی کەشوهەوا لەگەڵ قەیرانە قووڵەکانی دیکەی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی، کۆمەڵگای ئێران بەرەو ڕاپەڕینە کۆمەڵایەتییەکان دەبات. لەبەر ئەوەیکە قەیرانی ژینگە لەگەڵ هەژاریی بەرین، ڕاستەوخۆ دووکەڵەی چووەتە ناو چاوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشەوە و ژیانیانی بەرەوووڕی مەترسی کروودەتەوە. ئەوە کرێکارانن هەڵبەت ئەگەر شانسیان بێت و کاریان وەگیر کەوێ، وەک کرێکارانی عەسەلویە لە گەرمای ٦٧ پلەدا و لە فەزای ئاڵودە و بێ ئاودا مەجبوورن کاری تاقەت پڕووکێن بکەن و لەم بارودۆخەشدا چارەیەکی تریان نییە. ئەگینا بۆ سەرمایەداران و دەست و پێوەندەکانی حکوومت هەر لەم ناوچانەش ئاوی پێویست و خاوێن لەبەردەستە و بۆ ئەوان کێشەیەک پێش نایە.
ئاکامی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و قەیرانی ژینگەیی تەنها تایبەت بە سیستان و بلوچستان و ناوچە بیابانییەکان نییە و بەردەوام بەرەو ناوچەکانی تری ئێرانیش پەرە دەستێنێت. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا “تاڵاوی گاوخونی” لە پارێزگای ئیسفەهان وشک بووە و بووەتە شۆرەکات. لەمبارەوە بەڕێوبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای ئیسفەهان لەم دوایانەدا دانی بەوە دانا کە: “لەگەڵ وشکبوونی ئەم تاڵاوە ساڵانە ٥٠ هەزار هێکتار بە ناوەندەکانی هەستانی تۆز و خۆڵ لەم پارێزگایە زیاد دەبێت. لە وەها بارودۆخێکدا دەوڵەتی وەرشکستەی ڕەئیسی، بوودجەی لەناوبردنی بیابانی لە ئیسفەهان کە لە ساڵی ١٤٠٠دا ٢٠ ملیارد تمەن بووە، لەم ساڵدا بۆ ٣ ملیارد تمەن کەم کروودەتەوە. بەهۆی ئەم سیاسەتانەی حکوومەتی ئیسلامی، “دەریاچەی ورمێ”ش لە حاڵی وشکبووندایە و بێگومان ئاکامی کارەساتباری ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەئاستی ناوچەکەدا زیاتر بەرەوڕووی مەترسی دەکاتەوە. مانەوەی حکوومەتی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بۆ ژینگەش کارەساتبارە و پێویستی ڕووخاندنی، دەبێ ببێتە پرسێکی بەپەلە و گرینگ بۆ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراو.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە