فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەژێر مەنگەنەی قەیرانی ئەتۆمیدا
یەکشەممە ۱۸-۰۳-۱۴۰۴   |  08-06-2025

لەکاتێکدا کە قۆناغی شەشەمی دانوستانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر قەدەغەکردنی پیتاندنی ئۆرانیۆم، بەدوای وتەی ناتەبا و توندی ترامپ بەدژی کۆماری ئیسلامی، وە وڵامی بەرامبەری خامنەیی دوا خراوە، قەرارە ڕاپۆرتی نوێی “ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی” ڕۆژی دووشەمممە ١٩ی مانگی جۆزەردان بەفەرمی بدرێتە شۆرای حوکامی ئەم ئاژانسە لە ڤیەن. لەم ڕاپۆرتەدا تەئکید کراوە کە کۆماری ئیسلامی بە ڕێژەی زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆنی پێتێندراوی ٦٠%ی بەرهەمهێناوە و تەنیا یەک هەنگاو دوورە لە پیتاندنی ٩٠% و دروستکردنی بۆمب. ئەم ڕاپۆرتە ئەمە بەپێچەوانەی ڕێککەوتنی بەرجام دەزانێت کە کۆماری ئیسلامی پابەندی نەبووە.

بەگوێرەی ڕێککەوتنی بەرجام، ئەم ئاژانسە ڕێگەی بە کۆماری ئیسلامی داوە کە بۆ کاری غەیری نیزامی هەتا ٢٠٢ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی بەڕێژەی تەنیا ٣.٦٧% هەبێت. لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەوڵەتانی ئاڵمان، فەڕانسە و بریتانیا سێ ئەندامی ئورووپایی بەرجام، ناسراو بە تروئیکا، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەئاست گفتوگۆی خودسەرانە و موعامەلەگەرانەی ترامپ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە بێ ڕاوێژی ئەوان، لە بەیاننامەیەکدا ڕوو بە ڕافائێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ڕەخنەیان گرت کە کۆماری ئیسلامی ٢٧ بەرابەر لە ئاستی ڕێگەپێدراو پیتاندنی ئۆرانیۆمی بردووەتە سەرێ. قەرارە ئەم سێ دەسەڵاتە بەپێی ڕاپۆرتی ڕافائێل گرۆسی، بەهۆی هاوکاری نەکردنی شەفافی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، بڕیارنامەیەکی توند لەدژی کۆماری ئیسلامی بڵاوبکەنەوە و بۆ پەسندکردن پێشکەشی کۆبوونەوەی شۆرای حوکامی بکەن. بەپێی بڕگەکانی ڕێککەوتنی بەرجام کە کۆماری ئیسلامی واژۆی کردووە، پەسندکردنی وەها بڕیارنامەیەک لەلایەن شۆرای حوکامەوە، ڕێگا بۆ ڕادەستکردنی بۆ شۆرای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن سێ دەوڵەت و چالاک کردنی “مێکانیزمی ماشە” و گەڕاندنەوەی ئۆتۆماتیکی هەموو گەمارۆ هەڵوەشاوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژبە کۆماری ئسیلامی هەموار دەکات. ئەمە یەکەمجار دەبێت کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە فەرمی کۆماری ئیسلامی بە پێشێلکردنی بەڵێنەکانی بەپێی یاسای NPT، یان پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار بکات.

سەبارەت بە ئاستی بەرزی پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕۆیتەرز ئاشکرای کرد کە گرۆسی لە ڕاپۆرتەکەیدا کە بڕیارە پێشکەشی شۆرای حوکامی بکات، دانی بەوەدا ناوە کە “ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کۆنترۆڵی زانیارییەکانی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی لەدەستداوە”. ناوبراو لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە دەکات کە حکوومەتی ئیسلامی لە سێ سایتی ڕانەگەیەندراودا کە لە زۆر پێشترەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوون، چالاکیی ئەتۆمیی نهێنیی بە ماددەی ڕانەگەیەندراو ئەنجام داوە و بەوە گەیشتووە کە ئەم شوێنانە و شوێنە پەیوەندیدارەکانی تر، بەشێک لە بەرنامەی ئەتۆمیی ڕانەگەیەندراوی کۆماری ئیسلامی بوون. پێشێلکارییەکی دیکەی نوێ کە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی پێکراوە، ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەر “بەڵگە نهێنییەکانی بەرپرسانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی”دا گرتووە. ڕاگرتنی بەڵگەنامە زۆر نهێنییەکانی ئاژانس لەلایەن کۆماری ئیسلامی، نیگەرانیی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە چونکە جێبەجێ کردنی کاریگەری ڕێککەوتنەکانی چاوەدێری (یان پادمانی) لە ئێران لاواز دەکات.

کۆماری ئیسلامی نیگەران و تووڕە لە فشارەکانی ئاژانس و سێ زلهێزی ئورووپایی لە پەنابردن بۆ “میکانیزمی ماشە”، ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی جۆزەردان، یادداشتێکی بۆ ئەندامانی شۆرای حوکام نارد و ڕاپۆرتی نوێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕەتکردەوە و گرۆسیی بە تێپەڕاندنی دەسەڵاتی خۆی و بە ئیستناد بە بەڵگەی ساختە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کرد. هەروەها وەزارەتی دەرەوە و ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامیش بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و هەڕەشەیان کرد کە “لە ئەگەری سوئیستفادەی هێندێک لە دەوڵەتەکان” لە ڕاپۆرتی ئاژانس، ڕێوشوێنی گونجاو دەگیرێتەبەر و جێبەجێ دەکرێت.

ناردنی ئەم یادداشتە بۆ ئەندامانی شورای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەلایەن کۆماری ئیسلامی چوار ڕۆژ بەر لە کۆبوونەوەی سەرەکیی ئەم شۆرایە، بە ئامانجی ڕێگری لە دەرکردنی بڕیارنامەی مەحکوومییەتی ڕژیم ئەنجام دەدرێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دڵنیان کە پەسندکردنی وەها بڕیارنامەیەک لە شۆرای حوکام حەتمییە و ئەمریکاش سەرەڕای لەئارادابوونی گفتوگۆی دوولایەنە، دەنگی پێ دەدات. هەڵبەت بەلەبەرچاوگرتنی پێشینەی کۆماری ئیسلامی لە دروکردن و نەبوونی شەفافییەت لە ڕاگەیاندنی ئەو ناوەند و سایتانەی کە چالاکیی ئەتۆمی تێیدا ئەنجام داوە، وە بە لەبەرچاوگرتنی دان پێدانانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە بوونی ناوەندی جۆراوجۆری ئەتۆمی لە تەبلیغاتەکانیاندا، ناردنی وەها یادداشتێک بۆ کەسانێک کە سەدان ڕاپۆرتیان لە کردەوەی پێچەوانەی بەڵێنە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی بینیوە، هیچ کاریگەرییەکی نابێت.

جگە لەوەش تەنیا ڕافایل گرۆسی نییە کە وەک بەڕێوەبەری گشتیی ئێستای ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕاپۆرت لەسەر پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دەدات. لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا دەزگاکانی چاوەدێری نێودەوڵەتی بە بەردەوامی ئەم جۆرە ڕاپۆرتانەیان خستووەتەڕوو و ئەمەش زیاتر کۆماری ئیسلامیی بێ ئیعتبار کردووە و بووەتە هۆی سەپاندنی سزا بەسەر کۆماری ئیسلامیدا. بەڵام لەڕاستیدا، گەمارۆکان ئەگەر بوونەتە هۆکارێک بۆ پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و گرانی و هەژاری و برسیەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، بۆ تاجران و مافیای گەمارۆکان کە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی سپای پاسداران و دەست و پەیوەندەکانیانن، ئیمکان و فورسەتی فەراهەم کردووە بۆ ئەوەی میلیاردها دۆلار لە سەروەت و سامانی کۆمەڵگا تاڵان بکەن.

توندبوونەوەی کردەوەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و سێ زلهێزی ئورووپا لەدژی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەڕەشە و هەڵوێستە دژبەیەکەکانی ترامپ و هەڵوێستی ناژیرانە خامنەیی و جەختکردنەوە لەسەر درێژەدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم، بووەتە بەربەستێکی جیددی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و سووککردنی گەمارۆکان. بەڵام بە هۆکاری بابەتی و هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە و بەهۆی پەرەسەندنی ڕەوتی خەباتی کرێکاری و جەماوەری لە ناو ئێراندا، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کۆتاییدا هیچ ڕێگەیەکی تری بێجگە لە تەسلیمبوون نابێت. کێشمەکێشی سەرمایەدارانە و کۆنەپەرستانەی نێوان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەلایەک و ئەمریکا و دەسەڵاتە ئۆرووپاییەکان لەلایەکی دیکەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆرینەی خەڵکی ستەملێکراوی ئێرانەوە نییە و زیاتر لە ڕابردوو ژیان و گوزەران و ئاسایشی جەماوەری ئێرانی خستووەتە ژێر فشارەوە.

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv