
شەوی شەممە ٣١ی مانگی خەرمانان بەهۆی تەقینەوەیەکی ترسناک کە لە قووڵایی ٧٠٠ میتریی دوو توونێلی مەعدەنی زۆغاڵی سەنگی “مەعدەنجوو” لە تەبەس ڕوویدا بەداخەوە ٥٢ کرێکاری ئەم مەعدەنە گیانیان لەدەست دا و ٦١ کرێکاری دیکەش بریندار بوون کە ژمارەیەکیان باری تەندروستییان ناجێگیرە. محەممەد عەلی ئاخوندی بەڕێوەبەری بەناو قەیرانی ئۆستانداریی خۆراسانی جنووبی ڕۆژی سێشەممە دوای تێپەڕینی سێ ڕۆژ لەم کارەساتە ڕایگەیاند کە: ”هەموو ئەو مەعدەنکارانەی کە لەم مەعدەنەدا گرفتاربوون بە مردوو حیساب دەکرێن”. ڕۆژی چوارشەممە ٤ی مانگی ڕەزبەریش سەرۆکی زانکۆی علوومی پزیشکیی بیرجەند ڕایگەیاند کە پێنج کرێکاری بریندار ڕەوانەی یەزد کراون کە یەکیان تووشی مەرگی مەغزی بووە. لە مەعدەنە جۆراوجۆر و دەوڵەمەندەکانی زوغاڵی سەنگی تەبەسدا زیاتر لە ١٠ هەزار کرێکار لە سەختترین بارودۆخدا بە کەمترین ئیمکاناتی ئیمەنییەوە کار دەکەن و بەردەوام مەترسیی مەرگیان لەسەرە. لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ١٢ تەقینەوە لەم مەعدەنانەدا ڕوویان داوە بەڵام تەقینەوەی مەعدەنی “مەعدەنجوو” خوێناویترین کارەساتی مەعدەن لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بووە.
ڕێبەران و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە بێ بایەخدان بە مەرگی ئەم کرێکارانە هەوڵیان داوە لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەم کارەساتە خۆیان بدزنەوە. پزیشکیان سەرۆک کۆماری ملکەچ و خزمەتکاری ویلایەت، بە بێ ئەوەیکە هیچ بەرپرسایەتییەک لە ئاست کرێکارانی گیانبەختکردوو و بنەماڵەکانیان بگرێتە ئەستۆ، بیر لە موعامەلە و سەودا بە خوێنی ئەوان دەکاتەوە و هۆکاری ڕوودانی ئەم کارەساتەی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا دژبە خەڵکی ئێران ڕاگەیاند. ئەحمەد مێیدەری “وەزیری کار و ڕەفاهی ئیجتماعی”ی دەوڵەتی پزیشکیان، ئەم کارەساتەی بە ڕووداو پێناسە کرد و لەوپەڕی بێشەرمیدا ڕایگەیاند کە: ”لەم مەعدەنەدا هیچ سەرپێچییەک ئەنجام نەدراوە و ئەمە بەڕاستی ڕووداو بووە”. غۆڵام عەباس تورکی، جێگری دادستانی گشتیی کۆماری ئیسلامی بۆ کەم بایەخ نیشان دانی ئەم کارەساتە و پاکانە کردن بۆ دەوڵەت و خاوەنکاران وتی: ”بە سەرەنجدان بە “هێندێک بەڵگە”ی ئیدارەی کار دەرکەوتووە کە لە “هێندێک حاڵەت”دا بواری ئیمەنی لە مەعدەنی تەبەسدا ڕەعایەت نەکراوە. بەڵام بۆ زانینی ئەوەیکە ئەم حاڵەتانە تا چ ئاستێک لە ڕوودانی ئەم کارەساتەدا کاریگەر بوون پێویستی بە وەرگرتنی بۆچوونی کارناسانی جۆراوجۆرە”.
لە لایەکی دیکەوە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیش بۆ فریوکاری و لابردنی بەرپرسیارێتی لەسەر خۆی، هەیئەتێکی تایبەتی ناردە شوێنی ڕووداوەکە تا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن و ڕاپۆرتێک بۆ مەجلیس بنێرنەوە. ئەوان شەوی یەکشەممە لە مەحەل جەلەسەیەکی نهێنییان بە بێ حزووری هەواڵنێریان بەڕێوەبرد کە هەتا ئێستا لە ناوەرۆکی ئەم کۆبوونەوەیە هیچ زانیارییەک بڵاو نەکراوەتەوە. بەڵام لە هەر حاڵدا ڕاپۆرتەکەی ئەوان دەبێ بە پێی ئامۆژگارییەکەی قالیباف سەرۆکی دزی مەجلیس بێت کە وتی: ”ئەم ڕاپۆرتە دەبێ بەجۆرێک بێت کە دەزگای قەزایی بتوانێ وەک کەیفەرخواست بە کاری بێنێت”. پێویستە بوترێ کە دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕژیم هیچ زانیارییەک سەبارەت بە گیانبەختکردووان تەنانەت بە بنەماڵەکانیشیان نادەن.
لێدوانە ناڕاست و چەواشەکارییەکانی بەرپرسانی حکوومەتی دژە کرێکاری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوە دەردەخات کە ڕژیم نیازی نییە هەنگاوی جددی بۆ بەدواداچوونی ئەم کارەساتە بگرێتەبەر. لە بارودۆخێکدا کە ئەگەری ڕوودانی ئەم جۆرە کارەساتانە زۆر لەسەرێیە، ئەم جۆرە هەڵوێستانە ئەوپەڕی نابەرپرسیارێتی حکوومەتی ئیسلامیە بەرامبەر بە ئیمەنی ژیان و تەندروستی کرێکارانی مەعدەنەکانی دیکەش. مەسەلەکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە. تەقینەوەکە بەهۆی کۆبوونەوەی زۆری گازی مێتان لە توونێلەکانی مەعدەندا ڕوویداوە. نەک هەر پرۆسەی ئاسایی ئەندازەگرتنی ڕێژەی گاز کە یەکێکە لە مەرجە سەرەتاییەکانی کارکردن لە مەعدەنەکان جێبەجێ نەکراوە، بەڵکوو سەرۆکی کانونی کاری شۆرای ئیسلامیی ڕژیم لە خۆراسان دانی بەوەدا ناوە کە ئەگەر سێنسۆڕی گازی مێتان لەم مەعدەنەدا هەبووایە، تەقینەوەکە ڕووی نەدەدا. کەمتەرخەمی سەرمایەداران و حکوومەتەکەیان لە پاراستنی ژیانی کرێکاران کاتێک زیاتر دەردەکەوێت کە کرێکاران بەردەوام ئەم بابەتەیان بەبیری خاوەنکار و بەرپرسانی حکوومەت هێناوەتەوە. وتەبێژی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی کۆنەپەرست لە کۆبوونەوەی عەلەنیی ڕۆژی سێشەممە ٣ی مانگی ڕەزبەر دانی بەوە دانا کە کرێکارانی ئەم مەعدەنە لە کاتی سەردانەکەی ئیبڕاهیم ڕەئیسیی قاتڵیش ئەم بابەتەیان لەگەڵ ئەو باس کردبوو. هێنێدک لە ئەندامانی بنەماڵەی کرێکارانی گیانبەختکردووش بە کەناڵی تێلێگرامیی ئۆردووی کاریان وتووە کە کرێکارانی مەعدەن ڕۆژی هەینی، واتە یەک ڕۆژ بەر لە ڕوودانی ئەم کارەساتە مەرگبارە، دزەکردنی گازی مێتانیان بە بەڕێوەبەرانی ئەم شیرکەتە ڕاگەیاندبوو. بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرانی پەیوەندارەوە کە ئەوانیش لە یەکەمین تۆمەتبارانی ئەم تاوانەن، هەرەشەیان لێکراوە کە ئەگەر ناڕەزایەتی دەربڕن لەسەر کار دەریان دەکەن.
مەعدەنی زۆغاڵی سەنگی “مەعدەنجوو” سەربە شیرکەتی خسووسیی زۆغاڵی سەنگی “پەروەدە”ی تەبەسە. حکوومەتی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی بەدوای کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق، لە سەردەمی ڕەفسەنجانیدا دەستی کرد بە بەڕێوەبردنی سیستمی ئابووریی نیئۆلیبڕاڵی (واتە خسووسی سازی). بە ڕادەستکردنی کارخانە، مەعدەن و ناوەندە دەوڵەتییەکان بە قیمەتی ڕانتی بە مۆرەکانی سپای پاسداران و ئاخوند و ئاغازادەکان و نزیکانی حکوومەت لەژێرناوی خسووسی سازیدا، دەستی ئەوانی بۆ تاڵانکردن و چەوساندنەوەی کرێکاران ئاواڵەتر کرد. سەرمایەدارە تازەپێگەیشتووەکان لەڕێگەی ناوەند و دامودەزگاکانی حکوومەتەوە هەرجۆرە ناڕەزایەتییەکی کرێکاران بەدژی حەقدەستی سێ بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری، خواستی دابینکردنی پێداویستی ئیمەنیی شوێنی کار، خواستی تازەکردنەوە و بەڕۆژکردنەوەی ئامرازەکانی کار و هەمووجۆرە داخوازییەکی ڕەفاهیی کرێکاران، سەرکوت دەکەن. لەئێستاشدا بەرپرسان، دەزگا ئەمنییەکان، دەوڵەت و دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی لە هەوڵی پاکانەکردن و بێ تاوان نیشاندانی خاوەنکارانی گەندەڵ و تاوانکاردان و دەیانهەوێ لەڕێگەی یاسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامییەوە لەژێرناوی “دییە” کۆتایی بەم ماجەرایە بێنن و بنەماڵە ڕەنجدەیدە و جەرگسووتاوەکانی ئەم کارەساتە لە خەسارەت و بیمە و دابینکردنی هەزینەی ژیان بێبەری بکەن. هەڵبەت بۆ ئەو بنەماڵانە، پێدانی هیچ بڕە پارەیەک ناتوانێت قەرەبووی لەدەستدانی ئازیزانیان بکاتەوە. بێگومان سەرانی حکوومەتی ئیسلامی و بەرپرسانی پەیوەندیدار و خاوەنکاری سەرمایەدار تۆمەتباری سەرەکین و ڕاستەوخۆ بەرپرسی ئەم کارەساتە پڕ لە ئازارەن.
لەگەڵ بەردەوامی دەسەڵاتی دز و گەندەڵی ئیسلامیدا، بەداخەوە دەبێت هەموو ڕۆژێک لە هەموو ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا شاهیدی دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە بین. پێویستە بوترێ کە ساڵی ڕابردووش لە ئاکامی پشتگوێخستن و کەمتەرخەمی حکوومەت و خاوەنکارە مفتەخۆرەکان لە ئێران، ٢ هەزار و ١١٥ کرێکار بە هۆی ڕووداوی شوێنی کارەوە گیانیان لە دەست داوە. بەڵام چینی کرێکار کە چەرخی بەرهەمهێنانی هەموو پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤی لە دەست دایە، دەتوانێت کۆتایی بەم دۆخە فەلاکەتبارە بهێنێت. کرێکاران بە یەکگرتوویی و هاوپشتی، بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕێکخراوی خۆیان دەتوانن لە مافی ژیانی خۆیان و هاوچینەکانیان لە بەرامبەر خاوەنکارانی سەرمایەدار و حکوومەتی پشتیوانیان، بەرگری بکەن. چینی کرێکاری یەکگرتوو و ڕێکخراو بە مانگرتن و ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان نەک هەر دەتوانێت پاشەکشە بە خاوەنکار و حکوومەتی سەرمایەداری بکات، بەڵکوو دەتوانێت حکوومەتی سەرکوتگەر و تاوانکاری ئیسلامی بخاتە زبڵدانی مێژووەوە و لەسەر وێرانەکانی دەسەڵاتی خۆی دامەزرێنێت.