
بارودۆخی سیاسیی ئێران بەخێرایی لەئاڵوگۆڕدایە. قووڵبوونەوەی قەیران و ڕکوودی ئابووری و ئاکامەکانی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان، پرتووکاویی ژێرخانە ئابوورییەکان و گەندەڵی و دزیی بەرینی کاربەدەستانی حکوومەت، ئابووریی ئێرانی خستووەتە سەر لێواری داڕمان. سیاسەتە ستراتێژیکە ناوچەییەکانی ڕژیم وەک ڕەمزێکی مانەوەی نیزامی ئیسلامی تووشی شکست بوون. ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی وەک یەکێک لە پایەکانی دەسەڵات لەژێر فشاری حەقیقەتە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت لەژێر فشاری خەباتی بێباکانەی ژناندا سست و لاواز بووە. بێتوانایی ڕژیم لە وڵامدانەوە بە داخوازییە خێراکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، ئاراستەیەکی هێرشبەرانەتری بەم بزووتنەوانە بەخشیوە و سەرهەڵدان و گەشەی ئەم خەباتانەی لە داهاتوویەکی نزیکدا خستووەتە ئاسۆوە. لە کاتێکدا کە دەزگای ڕووحانییەت و ئیدئۆلۆژیی ڕژیم توانای مەشرووعییەت بەخشینی بەو هەمووە هەژاری و فەلاکەت و بێمافییە نییە، کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم ڕەوتە زیاتر لە هەموو کاتێک ڕووی کردووەتە ستراتێژی پەرەپێدانی سەرکوت. بەڵام ستراتێژی سەرکوتیش کاریگەریی ڕابردووی خۆی لەدەستداوە. ئەم ستراتێژییە نەیتوانیوە جەماوەری خەڵک چاوترسێن بکات. لەئێستادا زیندان و ئەشکەنجەخانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش بوونەتە سەنگەری خەبات لەدژی ئێعدام و بەرگری لە ئازادیی زیندانییانی سیاسی. لەم بارودۆخەدا کۆمەڵگا گەیشتووەتە ئاستی تەقینەوە و هەر ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراوە دەتوانێ ببێتە چەخماخەیەک بۆ سەرهەڵدانی ئاخێزێکی جەماوەریی یەکجار گەورەتر لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیران و ڕێگری لە ڕەوتی داڕمانی ئابوورییەکەی، خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانی سات و سەودایەکی گەورە لەگەڵ ئەمریکا. لە ئاکامی ئەم بنبەستانەدا، شکست و ناکارامەیی، ناکۆکی و قەیرانی ناو باندەکانی حکوومەت پەرەیسەندووە و میدیاکانی حکوومەت و کۆبوونەوەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی بوونەتە شوێنی نمایشی ئەم قەیرانە. بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە ئەم ڕژیمە نەک بەشێوەی ڕابردوو بەڵکوو بەشێوەی ئێستاش ناتوانێ درێژە بە دەسەڵاتی بدات. ئەمەش یەکێکە لەو فاکتۆرانەی کە دۆسیەی دیاریکردنی چارەنووسی دەسەڵاتی سیاسی لە داهاتوودا بەڕووی کۆمەڵگادا کردووەتەوە.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەزموونە مێژووییەکان، ئەزموونی ئاخێزە جەماوەری و ئینقلابییەکان لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوو لە ئێران و بەسەرەنجدان بە دینامیسمی کۆمەڵگای ئێران و هێزە بزوێنەرەکانی ئێستا، گونجاوترین ڕەوتی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکان درێژەیان بێت، ئەم مانگرتنانە بەرەو ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری پەرەبستێنن، بە ئاوێتەکردنی خواستی ئابووری و سیاسی ببنە بڕبڕەی پشتی مانگرتنە گشتییە سیاسی و جەماوەرییەکان، ماشێنی سەرکوتی حکوومەتی ئیسلامی و دەزگای دەوڵەت زەمینگیر بکەن و لەم ڕێگەوە پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکەن. هەڵبەت بۆ سەرکەوتنی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی سێ ڕووداو پێویستە ڕوو بدەن.
یەکەم – چینی کرێکار و بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئەم چینە بە پشت بەستن هەر بەم مێکانیسمەی بزووتنەوەی مانگرتن و بە پشت بەستن بەو چالاک و ڕێبەرانەی کە لە دامانی خۆیدا پەروەردەی کردووە، پێویستە ئاستی خۆڕێکخستن لەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیەدا بەهێزتر بکات. بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران لە جەریانی بزووتنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەیی زیاتر لە یەک دەیە و نیوی ڕابردوو، بە پەروەردەکردنی جیلێک لە ڕێبەران لەناو ڕیزەکانی خۆیدا، بە ڕێکخستنی هەزاران مانگرتن و ناڕەزایەتی و سەدان کۆمیتەی مانگرتن و کۆمیتەی کارخانە و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی گشتی لە بواری کادر و ئەزموونەوە، توانای وڵامدانەوەی بەم پێداویستییە بەدەستهێناوە.
دووهەم – پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری، بۆ ئەم قۆناغە گوزارە واتە لەم قۆناغەدا کە هێستا ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکانی کرێکاران لەوانە شۆراکان و سەندیکاکان شکڵی نەگرتووە، پێویستە چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری لەگەڵ هەموو بەشەکان بۆ نموونە لەگەڵ موعەلیمان، خانەنشینان و پەرستاران کە پەیوەندییەکی زیندوویان لەگەڵ ناوەندەکانی خەباتی چینی کرێکاردا هەیە، هەروەها لەگەڵ چالاکانی بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان پەیوەندیی نزیکیان هەبێت و ڕێبەرییەکی سەرتاسەری پێکبێنن و تا ڕادەیەک بۆشایی نەبوونی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان پڕ بکەنەوە. وە لەم ڕێگایەوە بتوانن بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لەگەڵ خۆیان هاوڕێ بکەن.
سێهەم – هەر لەم ڕەوتەدا کۆمۆنیستە موتەحەزب و ڕێکخراوەکان دەبێ بتوانن لەگەڵ ئەم چەپە کۆمەڵایەتییە وەک دوو پایەی ئاڵترناتیڤی سۆسیالیستی ئاوێتەی یەکتر بن. وە پەیوەندی مەعنەوی و سیاسیی خۆیان لەگەڵ ئەم بزووتنەوە چەپە کۆمەڵایەتییە بکەنە پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیک.
بەڵام ئەگەر ڕەوتی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و لە جەرگەی ئەم ڕەوتەدا شکڵدان بە ئاڵترناتیڤێکی سۆسیالیستی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی ئەگەرێکی واقعییە، لە هەمان کاتدا نابێ ئەگەرەکانی دیکەی ڕووخانی ڕژیمی ئیسلامی لەبەرچاو نەگرین. نابێ ئەم حەقیقەتە نادیدە بگرین کە هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بورژواییەکانیش لە گۆڕەپانی سیاسییی ئێراندا حزووریان هەیە، چالاکی دەکەن و بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی بە یارمەتیی دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا، وە تەنانەت بە یارمەتیی بەشێک لە ڕێفۆرمخوزانی پەراوێزخراوی حکوومەتی، هەوڵ دەدەن. توێژی بەرین و ڕەنگاوڕەنگی کۆماریخوازانی لائیک و سێکۆلارەکان واتە سۆسیال دیموکراتەکان و ئێئۆلیبڕاڵەکانی لایەنگری ڕۆژاوا کە لەگەڵ توێژێک لە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتیش پەیوەندییان هەیە، بەشێکی سەرەکی لەم ئۆپۆزیسیۆنەن. ئەگەر ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا ئامانجیان ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بێت، کە لەئێستادا ئەم ئامانجەیان نییە، دەچنە سۆراغی ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن کە لەگەڵ توێژێک لە فەرماندەکانی ئەرتەش و سپاش پەیوەندییان هەیە. لەئێستادا ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا، سەڵتەنەتخوازەکان وەک ئامرازی فشاری کۆنتڕۆڵکراو لەدژی کۆماری ئیسلامی بەکار دێنن. ئەمریکاش دەزانێ کە ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەتخوازەکان ئاڵترناتیڤی حکوومەتی نین.