هەواڵێکی کورت و دڵتەزێنە. ڕۆژین عەزیمیی ١٨ ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی ئاخکەندی سەربە شارستانی دیواندەرە ڕۆژی شەممە ١٣ی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٢ لەلایەن براکەیەوە دەکوژرێ. بۆ جارێکی تر و ئەمجارەیان، ڕۆژینی لاوی ١٨ ساڵە بە چەکوش دەکوژێ تا بەناو “پەڵەی شەرمەزاری لە داوێنی شەرافەتی بنەماڵە بۆ هەمیشە بسڕێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان ڕۆژینی گەنج بەهۆی هەبوونی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕێک، لەلایەن براکەیەوە بەشێوەیەکی دڵتەزێن کوژراوە. برا و باوکی ڕۆژین دوای ئەنجامدانی ئەم تاوانە دەستگیر دەکرێن. بەپێی ڕاپۆرتێکی تر ڕۆژی دووشەممە ٨ی مانگی جۆزەردان، ژنێکی لاوی ١٨ ساڵ تەمەن بەناوی “پەرەستوو شەهبازی” دایکی منداڵێک، و دانیشتووی ئاوایی “میرەکی” سەربە شارستانی دێگولان لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە چەقۆ دەکوژرێ. پەرەستوو شەهبازی لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا ناچار بە هاوسەرگیری کرابوو و لەڕاستیدا بوو بە قوربانیی منداڵهاوسەریی ڕژیمی ئیسلامی.
لەم کارەساتە دڵتەزێنانەدا تەنیا ئەو پیاوە تاوانکارانەی کە بە زەربەی چەقۆ یان چەکوش خوشک یان هاوسەری لاویان خەڵتانی خوێن دەکەن تاوانبار نین. بەڵکوو کلتووری دواکەوتووی دینی و نەریتی پرتووکاوی پیاوسالاری، پێکهاتەی چینایەتی، سیاسی و ئایدیۆلۆژیک کە بەپێیان دەزگای قەزایی ئەم قەتڵانە بە “دیفاع لە نامووس” پاساو دەکات و سزای تاوانباران کەم دەکاتەوە، هەر هەموویان هۆکار و سەرچاوەی خوڵقانی ئەم کارەساتانەن. لەم ڕووداوەدا هەموو پێکهاتە و ناتەباییەکانی کۆمەڵگا دەستیان داوەتە دەستی یەک تا قەتڵی دڵتەزێنی ڕۆژین عەزیمی ئەنجام بدرێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دەزگای ئایدیۆلۆژیکی ڕووحانیەت زیاتر لە چوار دەیەیە تا ئەو جێگایەی کە توانیویانە ئەم کۆمەڵگایەی لەبواری کلتووری و کۆمەڵایەتییەوە بەرەو دواوە گەڕاندووەتەوە و بەستێنی سەرهەڵدانی ئەم تاوانانەی فەراهەم کردووە. لە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوودا، لە کۆمەڵگایەک کە ئاستی خەبات و وشیاری و کلتووری گشتیی خەڵک گەیشتووەتە ئاستێک کە کلتووری مەزهەبی و پیاوسالاری و منداڵئازاری لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا پاشەکشەیان پێکراوە، مافی پەیوەندی و هەڵسووکەوتی ئازادانە لەگەڵ پیاوان سەرەتاییترین مافی تاکەکەسی و ئینسانیی ژنان بەحیساب دێت و هەرجۆرە پێشێلکردنێکی ئەم مافە تاوانە و کەسانی تاوانبار سزا دەدرێن. بەڵام یاساکانی ڕژیمی ئیسلامی مافی پەیوەندی و هەڵسووکەوتی ئازادانە لەگەڵ پیاوانی لە ژنان زەوت کردووە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەم مافە ئینسانییە لە ژنان زەوت دەکات، بەڵام بە یاسای منداڵهاوسەری، بە ڕێگەپێدانی هاوسەرگیریی پیاوان لەگەڵ کچانی سێزدەساڵ تەمەن و تەنانەت خوارتر لەم تەمەنە، باری شەرعی و یاسایی بەم دەستدرێژییە ئاشکرایە بەخشیوە.
قەتڵی نامووسی وەک یەکێک لە دزێوترین توندوتیژییەکان دژبە ژنان لە کۆمەڵگایەکی وەک ئێران کە تێیدا دین و سەرمایە و یاسای شەرعی ئیسلام لەگەڵ دەسەڵاتی سەرمایەداری تێکەڵ بووە، وە ژنان بەپێی یاسا بە ڕەگەزی دووهەم و نیوەی پیاو بەحیساب دێن، بەشێوەیەکی خۆفناک پەرەی سەندووە. ئەم ڕژیمە بە کەڵک وەرگرتن لە دینی ئیسلام وەک ئامرازی ئایدیۆلۆژیک و بە یارمەتیی کلتووری دواکەوتووی پیاوسالاری وەک یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتەکەی، هەڵاواردن و نابەرابەریی جنسیەتی و توندوتیژیی بەرانبەربە ژنان کردووەتە یاسا و جێگیری کردووە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی مافە سەرەتاییەکانی ژنان لەوانە، مافی هاوڕێیەتی و هەڵسووکەوتی ئازادانە لەگەڵ پیاوان، مافی تەڵاق، مافی سەرپەرستی منداڵ، مافی میرات، مافی سەفەر کردن، مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ، مافی هەڵبژاردنی لقی خوێندن و گەلێک مافی تر زەوت کراوە. ڕژیم بە دانی مافی چەندهاوسەری بە پیاوان و بە پەرەپێدانی سیغە، ڕواڵەتی یاسایی بە لەشفرۆشی و کڕین و فرۆشتنی ژنان وەک کاڵا داوە. هەڵاواردنی ڕەگەزی لە هەموو شوێنێکی کۆمەڵگا، تەنانەت لە ناوەندەکانی پەروەردە بووەتە ئەسڵێکی نەگۆڕ. داسەپاندنی ئەم بێ مافی و توندوتیژیانە وێنەی ئاشکرای جەحەنەمێکە کە پێکهاتەی سەرمایە و دین لە ئێران خوڵقاندوویەتی. لەڕاستیدا توندوتیژیی بەرینی دەوڵەتی دژبە ژنان بەستێنێکی گونجاوتری بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی لەئاستی کۆمەڵگا فەراهەم کردووە کە نموونەکەی زۆر بوونی “قەتڵی نامووسی”یە. لەم ڕووەوە توندوتیژی بەرانبەربە ژنان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و وەک هەموو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی تر پێویستە بەستێن و سەرچاوەکەی بناسرێت و بۆ خەبات لەدژی هێزی جەماوەری ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و مرۆڤی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب بێتە مەیدان. لەڕاستیدا لەناوبردنی زەمینەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایی توندوتیژیی دژبە ژنان و قەتڵی نامووسی لە مەسیری تەعەڕوزی ڕادیکاڵ بۆسەر ڕژیمی سەرمایەداریی مەزهەبی لە ئێران و لە مەسیری ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامییەوە تێدەپەڕێ. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە بەناوی ڕەمزی ژینا و ژن، ژیان، ئازادی و بە پێشەنگایەتیی ژنان دەستیپێکرد زەربەی بەتەوژمی لە پایەی ئایدیۆلۆژی و دژەدژنی ڕژیمی ئیسلامی داوە.
لە وەها بارودۆخێکدا ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی شارستانی دیواندەرە و دێگولان و ئاواییەکانی ئەم ناوچەیە نابێ ڕێگە بدەن کە قەتڵی ڕۆژین عەزیمی بە دەستی براکەی و پەرەستوو شەهبازی بە دەستی هاوسەرەکەی، بابەتێکی شەخسی، بنەماڵەیی، کلتووری و مەزهەبی لەقەڵەم بدرێت و لە بەدواداچوون و سزادان لە ئەماندا بێت. هەروەک ژنان و پیاوانی خەباتکار و ئازادیخوازی مەریوان لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی شلێر ڕەسووڵی، قوربانیانی کلتووری پیاوسالاری، بە بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر فەرمانداریی ئەمشارە تووڕەیی و ئیعتڕازی خۆیان لەئاست ئەم تاوانە و کلتووری پرتووکاوی پیاوسالاری کە ڕژیمی ئیسلامی ڕەواجی داوە نیشان دا، خەڵکی شارەکانی دیواندەرە و دێگولانیش نابێ نیسبەت بە قەتڵی ڕۆژین و پەرەستوو بێ تەفاوت بن.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە