شۆڕای ئاتلانتیک لە واشینگتۆن لە ڕاپۆڕتێکی شیکاریدا ڕایگەیاند: عەلی خامنەیی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئوکراینیەکەدا ڕۆڵی هەبووە.
لە بەشیکی ئەم ڕاپۆڕتەدا هاتووە کە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی و پاش کوشتنی قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمریکاوە، کۆماری ئیسلامی لە کاتی هێرش بۆ سەر بنکەی عەینولئەسەد، بە ئەنقەست هەرێمی ئاسمانیی ئێرانی بە کراوەیی هێشتووەتەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: لەم نێوانەدا بە مەبەستی کەڵکوەرگرتن لە قەڵغانی مرۆیی لە بەرامبەر کاردانەوەی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی عەینولئەسەد، کۆماری ئیسلامی موسافیرەکانی فڕۆکەیەکی کردە قوربانی.
لە درێژەی ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە کە هێرش بۆ سەر بنکەی عەینولئەسەد بە ئاگاداریی ئەمریکا لە ڕێگەی بەغدادەوە بووە و تەنیا بە مەبەستی پاراستنی پێگەی عەلی خامنەیی لە نێوخۆدا و بۆ لایەنگرانی، ئەنجام دراوە.
لێکۆڵینەوەکانی ئەم شۆرایە دەری دەخات کە عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامی لە هەموو بڕیارەکانی پێوەندیدار بە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئوکراینییەکە هەتاکوو ڕانەگەیاندن و داپۆشینی لە پاش ڕووداوەکە، دەستی هەبووە.
فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢ی ئۆکراینی کە لە تارانەوە بەرەو کیێف دەچوو، لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویدا چەند خولەک پاش هەستانی لە فڕۆکەخانەی خومەینی، بە دوو مووشەکی سپای پاسداران کرایە ئامانج و ١٧٦ سەرنشینەکەی گیانیان لەدەست دا.
کاربەدەستانی ڕژیم بە تێکڕایی لە سەرەتاکاندا خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان لەلایەن سپای پاسدارانەوە ڕەت کردەوە، بەڵام دواتر بە هۆی دەرکەوتنی بەڵگە و نیشانەکان ناچار بە دانپێدانان بوون.