سەرەنجام دەوڵەتی بێلژیک ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆمات – تیرۆریستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی کە لە بێلژێک زیندانی بوو ئازاد و ڕەوانەی ئێران کرد. ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆمات تیرۆریست و کۆنسوولی کۆماری ئیسلامی لە ئۆتریش بوو کە لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٧ لەگەڵ سێ کەسی تر لە هاوکارانی بە تەقەمەنیەوە دەستبەسەر کران. ئەسەدی و هاوکارانی دوای موحاکمە لەلایەن دادگایەکەوە کە مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ لە شاری “ئانتوێرپ”ی بێلژیک بەڕێوەچوو، بە تۆمەتی هەوڵ بۆ بۆمبنانەوە لە فەڕانسە بە ٢٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.
دوو حەفتە لەمەوبەر “کۆڕی کۆمەڵایەتیی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان” لەوپەڕی بێشەرمیدا ڕژیمی ئەشکەنجە و قەتڵ و کوشتاری ئیسلامیی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی شۆرای مافی مرۆڤ دیاریکرد. ئەمجارەیان دەوڵەتی بێلژیک لە درێژەی سیاسەتی شەرمەزارانەی خۆیدا و بە پشتیوانیی ناڕاستەوخۆی باقیی دەوڵەتانی ئورووپایی، بەرانبەر بارمتەگیری و تیرۆریسمی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەچۆک داهات تا ئەم دەسەڵاتە جەنایەتکارە بە خەیاڵی ئاسوودەتر ئێعدامی زیندانیان و دەسبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان درێژە بدات. دەوڵەتی بێلژیک ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆمات تیرۆریستی ڕژیمی ئیسلامیی لەگەڵ “ئۆلیویە واندکاستیل” گۆڕییەوە. ئۆلیویە واندکاستیل، فریاگوزاری بێلژیکی کە لە بواری پێوەندیدار بە پەنابەرانی ئەفغانستانی چالاکیی دەکرد لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠ لە ئێران دەستبەسەر و بە زیندان مەحکووم کرا. کاربەدەستانی ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیی ڕژیمی ئیسلامی ئەویان بە تۆمەتی سیخوڕی بە بارمتە گرت. ڕژێمی شانشینی عومان بەرپرسی نێوەندگیری ئەم ڕێکەوتنە قیزەونە بووە. نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، کاتێک کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بێلژیک، گەڵاڵەی حکوومەتی سەبارەت بە “گواستنەوەی مەحکوومان لە نێوان بێلژیک و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی” پەسەند کرد، لەگەڵ دژایەتی و کاردانەوەی توندی لایەنە سیاسییەکان و چالاکوانان و بەشێک لە پەرلەمانتاران، دادوەران، کەسایەتی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە لێبوردنی نێودەوڵەتی و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە بێلژیک، بەرەڕوو بووەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی بێلژیک لەگەڵ ئەم گەڵاڵەیە دژایەتیی کرد و وتی کە ئەم گەڵاڵەیە بۆ ڕادەستکردنی تیرۆریستەکانی ڕژیمی ئێرانە و هۆشداری دا کە: ”کۆماری ئیسلامی دەوڵەتێکی تیرۆریستە و ئەم گەڵاڵەیە دژی بەها و بنەماکانی حکوومەتی ئێمەیە”. هەر لەو پێوەندییەدا، نۆ کەس لە دادوەران و دادستان و کاربەدەستانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا نامەیەکیان بۆ حکوومەتی بێلژیک نووسی و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی “پەیماننامەی غەیری ئەخلاقی”ی ئەم دەوڵەتە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بوون و لەگەڵ تەحویلدانی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی دژایەتییان کرد.
ئازادکردنی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، تیرۆریستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەئاشکرا بەمانای سازان لەگەڵ بارمتەگیری و چاوپۆشی کردن لە تیرۆریسم و جەنایاتی ڕژیمی ئیسلامی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتە. ئەمە نیشانەی ئەوپەڕی ڕیاکاری و ئیدیعای درۆیینی دەوڵەتانی سەرمایەداریی ئورووپایە لەئاست پشتیوانییان لە مافی مرۆڤ و ئازادی. بەند و بەستی دەوڵەتی بێلژیک لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامی بەمانای پێشێلکردنی یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتەیە لەپێوەند لەگەڵ سەربەخۆیی سیستمی قەزایی و نیشاندەری داسەپانی ئیرادەی دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەکانە بەسەر دەزگای قەزاییدا.
کردەوەی موعامەلەگەرانەی دەوڵەتی بێلژیک و باقیی دەوڵەتانی ئورووپایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەم ڕژیمە دژەئینسانە تیرۆر و ڕفاندن و بارمتەگیری زیاتر پەرەپێبدات. بەپێچەوانەشەوە هەرکات مەقاماتی قەزایی و ئەمنیەتی ئەم دەوڵەتانە بەرانبەر بە تیرۆریسمی ڕژیم کاردانەوەی جیدییان نیشان داوە و کۆماری ئیسلامییان خستووەتە ژێر گوشار، ڕژیم تا ماوەیەک لە دەست بردن بۆ کردەوەی تیرۆریستی پارێزکار بووە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕژیمێکی تیرۆریستە. دادگای میکۆنوس کە شەش ساڵی خایاند، نیشانی دا کە گشت کاربەدەستانی باڵای حکوومەتی ئیسلامی لەوانە خامنەیی، ڕەفسەنجانی، وەلایەتی، فەلاحیان، موحسین ڕەزایی لە هێرشی تیرۆریستیی میکۆنوسدا دەستیان بووە و هەر هەموویانی بە هۆکار و بڕیاردەری ئەم تاوانە مەحکووم کرد.
تیرۆر و ڕفاندن و هەڕەشە لە دەرەوەی وڵات یەکێک لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ درێژەی دەسەڵاتە نگریسەکەی. هەڵبەت هەتا ئێستا زۆرێک لە عەمەلیاتە تیرۆریستییەکانی شکستیان خواردووە و مۆرە بەکرێگیراو و تیرۆریستەکانی ڕژیم دستگیر و دادگایی و بە زیندان مەحکووم کراون. حکوومەتی ئیسلامی بە کردەوەی دژەئینسانیی بەبارمتەگرتنی کەسانی بێ تاوان و پەروەندەسازی بە تۆمەتی ساختە و بێبنەمای وەک سیخوڕی، هەوڵدان دژبە ئەمنییەتی وڵات، تەبلیغ دژبە نیزام، سووکایەتی بە ڕێبەر و هیتر، ئەوان دەخاتە ژێر گوشار و ئەشکەنجە و لە دادگا فرمایشییەکاندا بە ئێعدام و زیندانی درێژماوە مەحکوومیان دەکات. ڕژیمی ئیسلامی هێندێکیان وەک بارمتە ڕادەگرێت تا لە سەری وەختی خۆیدا لەگەڵ تیرۆریستە لەداوکەوتووەکانی خۆی لە وڵاتانی تر بیانگۆڕێتەوە. دەستبەسەرکردنی ئۆلیویە واندکاستیل، فریاگوزاری بێلژیکی کە لە بواری پێوەندیدار بە پەنابەرانی ئەفغانستانی چالاکیی دەکرد، یەکێک لەم نموونانەیە. بەبارمتەگرتن و ڕفاندنی مرۆڤ، کردەوەیەکی جەنایەتکارانەی دیکەی کۆماری ئیسلامییە دەرحەق بە ئینسانە بێ تاوانەکان، کە دەکرێنە ئامرازی موعامەلەی ڕژیمی ئیسلامی و ماوەیەکی زۆر لە تەمەن و ژیانیان لەناو زیندانەکانی ڕژیم و لەژێر گوشاری دەروونی و جەستەییدا بەفیرۆ دەچێت.
ئازادکردنی ئەسەدوڵڵا ئەسەدیی دیپلۆمات – تیرۆریست لەلایەن دەوڵەتی بێلژیکەوە نەتەنیا ڕیاکاریی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بەرانبەربە تیرۆریسمی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو لە هەمان حاڵدا ماهیەتی واقعیی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی نیشان دەدات کە بۆ دەست بەدەست کردنی دەسەڵاتی سیاسی لەئێران لەسەر سەری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، بە پشتیوانیی دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا ئۆمیدیان بەستووە. بێگومان کرێکاران و جەماوەری ڕەنجدیتوو و ڕاپەڕیوی ئێران لەم ئەزموونانە دەرس وەردەگرن.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە