
بەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٠ی مانگی پووشپەڕ ڕێوڕەسمی فەرمی و سەمبۆلیکی دانان و ئاگرتێبەردانی چەکی ٣٠ کەس لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”، لەوانە کڵاشینکۆف، بی کەی سی و ئار پی جی، بەڕێوەچوو. ئەوان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە پەیڕەوی لە پەیامەکەی ئۆجەلان دەکەن و داوای ئازادکردنی ئۆجەلانیان کرد. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا گەریلاکان خوازیاری پشتیوانیی نێونەتەوەیی و ناوچەیی لە پڕۆسەی ئاشتی بوون. لە هەمان کاتدا ڕێبەریی پەکەکە “کەجەکە”ش بەیاننامەیەکی دەرکرد و لە بەشێکدا باسی لەوە کرد کە ئەم چالاکییە بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شوێنێک بەناوی “ئەشکەوتی جەسەنە” لە ناوچەی “سوورداش”ی سەربە شاری سلێمانی ئەنجام دراوە. لە مەراسیمەکەدا نزیکەی ٢٠٠ نوێنەری حیزبەکانی کوردستانی عێراق و شاندی ” دێم پارتی” و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سووری نێودەوڵەتی و میوانانی تورکیا و ئەوروپا و ئەمریکا لەژێر ناونیشانی “کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمییەکان” ئامادەبوون. ڕۆژی دووشەممە ١٦ی مانگی پووشپەڕ، ڕێبەریی پەکەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە ناوچەیەکی دەوروبەری شارۆچکەی دوکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، مەراسیمی دانان و لەناوبردنی چەک بەڕێوەدەچێت، و لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیشەوە بڵاو دەکرێتەوە. هەڵبەت هەواڵنێران نە ڕێگەی پەخشی ڕاستەوخۆیان پێدرا و نە ئیجازەی ئەوەیان هەبوو لەگەڵ کەسانی پەکەکەدا وتووێژ بکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی مانگی پووشپەڕ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرکردەی زیندانیکراوی پەکەکە، بۆ یەکەمجار بە شێوەی سنووردار لەگەڵ کۆمەڵێک زیندانی دیکە دوای ٢٦ ساڵ، بە ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی ئەمنی تورکیا دەرکەوت و پەیامێکی ڤیدیۆیی ٧ خولەکی خوێندەوە. پێدەچێت دەرکەوتنی ئۆجەلان لەم پەیامەشدا لەسەر داوای “دێم پارتی” و بە ڕەزامەندی ئەردۆغان بووبێت. بۆ ئەوەی بۆ جارێکی دیکە ئۆجەلان بتوانێ ڕوو بە ڕیزەکانی پەکەکە بەئاشکرا پەیامی تەسلیمبوون واتە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان و کۆتایی خەباتی چەکداریی ئەم حیزبە ڕاگەیەنێت. ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کە لە ڕێکەوتی ٢٩ی مانگی جۆزەرداندا تۆمارکراوە، ڕایگەیاندووە: پڕۆسەی ئێستا تێپەڕینی خۆبەخشانەیە لە قۆناغی خەباتی چەکدارییەوە بۆ قۆناغی سیاسەتی دیموکراتیک و یاسایی. ئەمە سەرکەوتنە نەک شکست. ئێستا کاتی ئاشتی و هەنگاوی کردارییە. چونکە ئامانجی سەرەکیی ئێمە کە بریتی بوو لە بەڕەسمی ناسینی کوردەکان، هاتووەتەدی و لە ڕۆژانی داهاتوودا چەکدانان دەستپێدەکات”. ئۆجەلان بۆ چاوەدێری کردنی بەناو “پرۆسەی ئاشتی” داوای پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی لە پەرلەمانی تورکیادا کرد.
“دێم پارتی” و ئۆجەلان لە کاتێکدا هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و لەناوبردنی چەک بە پڕۆسەی ئاشتی ناو دەبەن کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی مانگی پووشپەڕ دوای بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی ئۆجەلان، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی حیزبی داد و گەشە لە پەرلەمانی تورکیا دیسان باسی “تورکیەی بێ تیرۆر”ی کرد و هەتا ئێستا حازر بە دانی هیچ ئیمتیازێک بە پەکەکە و ئۆجەلان نەبووە. تەنانەت ڕێگەیان پێنەداوە کە پەیامەکەی بەشێوەی ئازادانە بنێرێت. لەم پەیوەندییەدا دەوڵەتی باغچەلی ڕێبەری حیزبی فاشیستی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی تورکیا کە پێشناردەری گەڵاڵەی بەناو ئاشتی بوو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی مانگی پووشپەڕ وێڕای ڕەخنە گرتن لە ئەردۆغان وتی: ” حکوومەت لەوە زیاتر ناتوانێ بێدەنگ بێت و دەبێ خۆی بە خاوەنی ئەم پڕۆژەیە بزانێ. ئێستا ئەرکی حکوومەتە کە هەنگاو بنێت”.
بەڵام ئەردۆغان هەلپەرستانە دەیهەوێ تەسلیمبوون و چەکدانانی پەکەکە بە حیسابی سەرکەوتنی خۆی دەرخواردی خەڵک بدات تا بەڵکوو بتوانێ شکستە ئینتخاباتییەکانی لە بەرامبەر ڕەقیبەکانی، کە ئاکامی قووڵبوونەوەی قەیرانی سیاسی و ئابووریی ناوخۆیی و ناوچەیی تورکیایە قەرەبوو بکاتەوە. ئەردۆغان لە وتارەکەیدا لە پەرلەمان وتی: ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕ کۆبوونەوەیەکی پڕ دەستکەوتم لەگەڵ شاندی دێم پارتی ئەنجامدا. لەم دیدارەدا جەختمان لە ئامانجی خۆمان کرد کە تورکیایەکی بێ تیرۆرە. کاتێک دیواری تیرۆر دەڕووخێت، هەموو شتێک باشتر دەبێت. میللەتەکەمان دەیان ساڵە چاوەڕێی ئاشتەوایی دەکات و دەبێت ئەم پرۆسەیە بە خێرایی و بەبێ هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو یان تێکدانی ناوەندەکانی خراپەکاری بە ئاکام بگات”. بە ئیحتمالی زۆر مەبەستی ئەردۆغان لە ناوەندەکانی ئاژاوە و خراپەکاری ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی ناو دەوڵەت و هێندێک لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە بێت.
لەلایەکی دیکەوە عومەر چلیک جێگری ڕێبەریی حیزبی ئاکپارتی و وتەبێژی ئەم حیزبە لە وتووێژێکدا لەمبارەوە وتی: “لە ئەگەری چەکدانانی پەکەکەدا، ئەردۆغان ڕۆژی شەممە ١٢ی جولای، وتارێکی هەمەلایەنە کە هێستا ناوەرۆکەکەی مەعلووم نییە، بەیان دەکات. چلیک ئاماژەی بەوەشکرد، دانانی چەک پەکەکەی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات و پژاکیش دەگرێتەوە. سەبارەت بە چارەنووسی گەریلاکانی پەکەکە، چلیک بە شێوەیەکی ناپەیوەندیدار و ناڕوون وتی: لە یاسای تورکیادا، چ بۆ ئەوانەی تاوانێکیان ئەنجام نەداوە و خۆیان تەسلیم کردووە و چ بۆ ئەوانەی تاوانێکیان ئەنجامداوە و تەسلیم دەبنەوە یان دەستگیرکراون، چارەسەری زۆر هەیە کە هێشتا ڕەوا و کاریگەرن. بە گوتەی چلیک، تا ئێستا دیار نییە حکوومەتی تورکیا چۆن مامەڵە لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکە و گەریلا دەکات. بەڵام تۆلای حاتەم ئۆغولاری، ئەندامی سەرکردایەتی و وتەبێژی فراکسیۆنی ” دێم پارتی” لە پەرلەمان، ڕایگەیاند کە کارێکی زۆرمان لە پێشە. پێویستە بەم زووانە، پێش پشووی پەرلەمان، کۆمیسیۆنێک بۆ بڕیاردان و هەنگاونان پێکبهێنرێت و ئەم پرۆسەیەش خێراتر بکرێت.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە سەردەمانێک لە ستراتیژی “سەربەخۆیی کوردستانی گەورە” کۆتا نەدەهات، ئێستا بەڕەسمی ناسینی ناسنامەی کورد لە تورکیا بە بەس دەزانێت. مەعلوومیش نییە کە ناسنامەی کوردەکان لەلایەن چ کەسێک و چ کاتێک بەڕەسمی ناسراوە. واقعییەت ئەوەیە کە بەهۆی بوونی بزووتنەوەی جەماوەری لە دژی ستەمی نەتەوایەتی و هەروەها بەهۆی ئەو ئاڵوگۆانەی کە لەم بوارەدا لەو وڵاتانەی کە بەرەوڕووی مەسەلەی کوردن ڕووی داوە، مەسەلەی کورد گۆڕاوە بۆ دیاردەیەکی بابەتی، ئۆبژێکتیڤ و حاشاهەڵنەگر، نەتەنیا هەر لەم وڵاتانە بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست و لەئاستی جیهانیشدا ڕەنگدانەوەی بووە. ئەمڕۆ به بێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی پرسی کورد ناتوانرێت بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوون بکرێته. کەوابوو لە وەها بارودۆخێکدا بەڕەسمی ناسینی دیاردەیەکی حاشاهەڵنەگر لەژێرناوی دەستەواژەی سووکایەتیئامێزی “تورکیای بێ تیرۆر” لەلایەن ئەردۆغانەوە نەتەنیا بەمانای دانی هیچ ئیمتیازێک بە خەڵکی کوردستان نییە، بەڵکوو فریوکاریی بەئاشکرای دەوڵەتی تورکیا نیشان دەدات. پەیامی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکی ئۆجەلان و پاشان پڕۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، لەناو بەشێک لە خەڵکی کوردستاندا ئەو خۆشباوەڕییەی دروست کرد کە ڕێبەریی پەکەکە لە بەرامبەر وەرگرتی ئیمتیازاتێک لەڕاستای وەدیهێنانی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستاندا ئامادە بووە چەکدابێنت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە. ئەمانە لە کاتێکدایە کە نەتەنیا هیچ باسێک لە وەدیهێنانی مافە دیموکراتیکەکانی خەڵکی کوردستان نەهاتووەتە گۆڕێ، بەڵکوو دەوڵەتی فاشیستی ئەردۆغان بەردەوام هێرش دەکاتە سەر مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی تورکیا لە سەرتاسەری ئەم وڵاتە. نەیارانی سیاسی خۆی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان دەکات. تەنانەت یاساکانی دیموکراسییە ڕواڵەتییەکەش دەخاتە ژێر پێ. کەسانێکی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی پارتی سیاسیی “هەدەپە” و ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو شارەوانی هەڵبژێردراوی خەڵکی ئیستانبۆڵ کە لە هەڵبژاردنەکاندا یەک ملیۆن دەنگی لە کاندیدی حیزبی داد و گەشە زیاتر هێنابووەوە دەستبەسەر و زیندانی دەکات. شارەوان و نوێنەرانی هەڵبژێردراو لە شارەکانی کوردستان کە لە نمایشی ئینتخاباتی دەوڵەتدا هەڵبژێردراون لەسەر کار لادەبات و لەجیاتیان کەسانی نزیک بە خۆی دادەنێت. دەوڵەتی تورکیا هەر لەم دەورەیەدا زیاتر لە هەزار هێرشی نیزامیی بۆسەر کوردستانی عێراق و سووریا، کە بەشێکی لە خاکی ئەوانی بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەکەکە داگیرکردووە، ئەنجام داوە. لە وەها بارودۆخێکدا پێناسەکردنی ئەم ڕەوتەی پەرەپێدانی سەرکوت و فراوانخوازییە بە ڕەوتی “دیموکراتیزە کردن”ی تورکیا یان ڕەوتی “ئاشتی کۆمەڵگای دیموکراتیک” مانایەکی بێجگەلە خۆڵ کردنە ناو چاوی خەڵک ستەملێکراوی کوردستان نییە. حیزبێکی سیاسی دەتوانێ بەهۆکاری جۆراوجۆر لەوانە نەبوونی پشتی جەبهەی جێگای متمانە بۆ ئەم شێوازە لە خەبات لە ناو خاکی وڵات، یان ناتەبابوونی لەگەڵ بەرژەوەندی خەباتی جەماوەری لە قۆناغێکی تایبەتدا و هیتر … تاکتیکی خەبات چەکداری بنێتە لاوە، هەموو ئەمانە بۆ حیزبێکی سیاسی قابیلی ئەنجامە. بەڵام چەکدانان لەژێرناوی “پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک” لە بارودۆخێکدا کە دەوڵەتی ئەردۆغان هەروا بەردەوام سیاسەتە فاشیستییەکانی خۆی لەدژی خەڵکی کوردستان و سەرتاسەری تورکیا درێژە دەدات و تەنانەت یاساکانی دیموکراسییە ڕەواڵەتییەکەش پەیڕەو ناکات، چەک سووتاندن و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بێجگەلە تەسلیمخوازی هیچ مانایەک نادات. واقعییەت ئەوەیە کە ڕەسالەتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان تەنانەت لە شکڵی “میلیتانتەکەشیدا” بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوایەتی بەشێوەی دیموکراتیک، لەمێژە کۆتایی هاتووە.
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە