
ئەمساڵ لە سەروبەندی هاتنی نەوروز و ساڵی نوێدا، ڕێوڕەسم و ئاهەنگە شادەکانی نەورۆز بەتایبەت لە شارەکانی کوردستان ڕێکخراوتر و لەئاستێکی بەرینتر لە ساڵانی پێشوو بەڕێوەچوون. ئەو ڕێوڕەسمانەی ناوەرۆکی دروشم و سروود و ئاوازەکانی، پۆشینی جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ و ئازاد، شادی و سەما و هەڵپەڕینی ژنان و پیاوانی لاو دەست لە ناو دەستی یەک، هەر هەموویان نیشانەی دژایەتییەکی ڕوون بوو لەگەڵ بناغەکانی ئیدئۆلۆژی، فەرهەنگ، سیاسەت و یاسای کۆنەپەرستانەی حکوومەتی ئیسلامی. ڕێوڕەسمەکانی جەژن و شادیی خەڵک لەئاستی بەریندا تەنیا بەخاتری نەورۆز نەبوو. بەڵکوو لە هەمان کاتدا حەرەکەتێکی سیاسی و نیشانەی هاوپشتیی جەماوەر بوو کە هێزە سەرکوتگەرەکانی حکوومەتیی ئیسلامیی لە بەرامبەر خۆیدا ئیفلیج و زەمینگیر کرد. بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانە و بەرینی ئەم ڕێوڕەسمانە نیشانەی پێشڕەوی و ئاڵوگۆڕ لە هوشیاری و داهێنانی سیاسیی جەماوەری خەڵکە. گەورەترین ڕێوڕەسمی نەورۆزیی ئەمساڵ لە کوردستان لە شاری سەقز واتە لە زادگای ژینای ئازیز بەڕێوەچوو. لە چەند ناوچەی ئەم شارە بەتایبەت لە بەشی “ساحێو” ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بە بەشداریی زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس بەڕێوەچوو کە دیمەنێک بوو لە درێژەی بزووتنەوەی ژینا لە قالبی جەژنی نەورۆزدا.
بەشداریی دایکانی تێکۆشەری دادخواز لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ وێڕای بەدەستەوە گرتنی وێنەی گیانبەختکردووان، دیمەنێکی دیکە لە ڕێوڕەسمە سیاسییەکانی نەورۆزی ئەمساڵ بوو. هەڵبەت ئەمساڵیش ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامی و دامودەزگا ئەمنیەتی و سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامی زۆر لە پێشترەوە بە دەرکردنی فەرمانی پێشگرانە، بانگکردن و هەڕەشەکردن لە چالاکانی سیاسی لە شارەکانی کوردستان هەوڵیان دا لە بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمانە ڕێگری بکەن، بەڵام نەیانتوانی. لەماوەی هەفتەکانی ڕابروودا لە مەریوان ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەمشارە زیاتر لە ٦٠ لاوی بانگکردبوو و هەڕەشەی لێکردبوون کە نابێ لە مەراسمە نەورۆزییەکاندا بەشداری بکەن. لە پیرانشاریش ٥٨ کەسیان لەمشارە بۆ بەشی لێپرسینەوەی دادگا بانگکردبوو و ئەوانیان بە “تەبلیغ دژبە نیزام” لەڕێگەی بەڕێوەبردنی شایی و هەڵپەڕکێ تۆمەتبار کردبوو. ئەم هەوڵانە نیشانەی ئەوپەڕی ترس و نیگەرانیی ڕژیمی ئیسلامی لە سەرهەڵدانی ئاخێزێکی جەماوەریی دیکە لە جۆری ئاخێزی ژینایە.
هەڵبەت ڕێوڕەسمەکانی جەژن و شادیی چوارشەممە سووری و نەورۆز لە زۆرێک لە شارەکانی سەرتاسەری ئێرانیش لەئاستێکی سنووردارتردا بەڕێوەچوو. ئەم مەراسمانە لە هێندێک شوێن لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی دژەشادیی کۆماری ئیسلامییەوە هێرشیان کرایە سەر. بۆ نموونە لە تاران، کەرەج، ڕەشت، بەندەر ئەنزەلی، بابۆل، سەبزەوار، زەنجان، زەبەرخانی پارێزگای مەشهەد و بەهارستان لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای تاران، هێزەکانی ڕژیم هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی جەژن و شادیی خەڵک و لەگەڵیان تووشی تێکهەڵچوون بوون. لە هێندێک لە شارەکان بە هاویشتنی گازی فرمێسکڕێژ هەوڵیان دا بڵاوە بە خەڵک بکەن. بە ئیعترافی سەرۆکی ڕێکخراوی فریاکەوتنی ڕژیم، لە ڕووداوەکانی چوارشەممە سووری و نەورۆزی ئەمساڵدا، ١٥ کەس لە خەڵک کوژراون و دوو هەزار و ٤٦٦ کەسیش بریندار بوون. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ٦ ئامبوڵانس لە کاتی ئەم تێکهەڵچوونانەوەدا زیانیان پێگەیشتووە. کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ لە کاتێکدا بەڕێوەچوون کە بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی لە دەزگای قەزایی، هێزی ئینتزامی و ئیمامانی جومعەوە بگرە هەتا عەلی خامنەیی، لە زۆر پێشترەوە هەوڵیان دا بە وەبیرهێنانەوەی مانگی ڕەمەزان و ساڵڕۆژی کوژرانی عەلی ئیمامی یەکەمی شیعەکان، خەڵک لە بەڕێوەبردنی جەژن و شادی پاشگەز بکەن و بەرەو نەوحەخوێندن و شین و گریان و ماتەمین هان بدەن، بەڵام سەرنەکەوتن.
لە وەها بارودۆخێکدا عەلی خامنەیی لە پەیامە نەورۆزییەکەیدا سەرەتا ساڵی ڕابردووی، کە ساڵی شکستی سەرشۆڕانەی ستراتێژی ناوچەیی حکوومەتی ئیسلامی و ساڵی لێکهەڵوەشانی هێزەکانی بەناو میحوەری موقاومەتەکەی بوو، بە ساڵێکی پڕ ماجەرا و ڕووداو ناوبرد. ئەو وتی: “ئۆمەتی ئیسلامی لە ساڵی ڕابردوودا چەندین کەسایەتیی گەورە لەوانە شەهید نەسڕوڵڵا و هەنییە و ڕەئیسی و سنواری لەدەستدا. ئێمە ئیتر ئەوانمان لەناودا نییە”. خامنەیی لە وتەکانیدا لە پەیوەند لەگەڵ قەیرانی قووڵی ئابووری کە ژیان و گوزەرانی دەیان ملیۆن کەسی لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش خستووەتە مەترسییەوە، خۆی لە گێلێ دا و فریوکارانە ویستی قەیرانی ئابووریی پەرەئەستێنی چەند دەیەی کۆماری ئیسلامی سنووردار و کەم بایەخ نیشان بدات و وتی: “لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بەتایبەت لە بەشی دووهەمی ساڵدا کێشە ئابوورییەکان فشاریان بۆ خەڵک هێنا”.
خامنەیی بە ڕەواڵی هەمیشە، ناوێکی بێناوەرۆکی بۆ ساڵی ١٤٠٤ هەڵبژارد و ناوی نا ساڵی “وەبەرهێنان بۆ بەرهەمهێنان”، و بۆ لابردنی ئەم “فشار”ە، یان لەڕاستیدا بۆ ئابووریی ئیفلاسی حکوومەتە ئیسلامییەکەی نوسخەی پێچا. خامنەیی ڕوونی کردەوە کە مەبەستی وەبەرهێنانی دەرەکی نییە. بەڵکوو مەبەستی وەبەرهێنانی خودی خەڵکی ئێرانە کە لەجیاتی گۆڕینی سەرمایەکانیان بۆ زێڕ و دراوی بیانی، لە وڵاتدا وەبەرهێنان بکەن. ئەوەش لە کاتێکدایە کە خۆی دەزانێ لە بارودۆخی ناسەقامگیری ئێستادا کە هەموو پێورەکانی ئابووری ڕوو لە دابەزینن، هیچ سەرمایەدارێک حازر نییە سەرمایەی خۆی بخاتە مەترسییەوە و لە ئێران وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بکات. ئەم داواکارییە نیشانەی قووڵایی وەرشکستەیی و بێهیوایی خامنەیییە کە چاوی تەماعی لەو سەرمایە کەمەی خەڵک بڕیوە کە بۆ نەجاتدانی دارایی خۆیان لە دزی و گەندەڵیی بەرپرسانی ڕژیم و فەرماندەکانی سپای پاسداران، لەگەڵ زێڕ و دراوەکانی تر دەیگۆڕنەوە.
جەماوەرێ کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران لە بارودۆخێکدا پێ دەنێنە ناو ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوییەوە کە نرخی دۆلار گەیشتووەتە سنووری ١٠٠ هەزار تمەن. پەیداکردنی کار و بەدەستهێنانی تیکە نانێک بووەتە نیگەرانیی هەموو ڕۆژێی خەڵک. بێگومان بە درێژەی حکوومەتی ئیسلامی، هیچ کرانەوەیەک لە وەزعی ژیان و گوزەرانی خەڵکدا پێکنایەت. هەرجۆرە کرانەوەیەکی ڕاستەقینە و باشتربوونی ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆرینەی خەڵکی ئێران لە گرەوی ئەوەدایە کە لەسەر بەستێنی درێژە و گەشە و سەرتاسەری کردنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکاندا، ڕیزەکانیان ڕێکخراوتر بکەن، ڕێبەریی سەرتاسەرییان پێکبهێنن و بە فەراهەم کردنی پێداویستییەکانی نەبەردی نهایی، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی شۆڕشگێڕانە بڕووخێنن.
وتەی ڕۆژی: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn