
کۆمەڵێک لە خانەنشین کراوانی مۆخابەرات لە کرماشان، ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، بە ڕێپێوان و کۆبوونەوە لە بەرامبەر بینای شیرکەتی مۆخابەرات لەمشارە، لەئاست بەکردەوە دەرنەهاتنی یاسا و پێشێلکرانی مافی ڕەوایان، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ناڕازییان لەم کۆبوونەوەیەدا، لەڕێگەی بەدەستەوە گرتنی بەنێرێک و وتنەوەی درووشمی “مۆخابەراتی ئێران یاسا پەیرەو ناکات”، ” تەعاونی سپا مافی ئێمەی خواردووە” و “ستادی ئیجرایی مافی ئێمەی خواردووە”، لە ناڕەزایەتیی بە پێشێلکرانی مافەکانیان و وەڵامنەدانەوەی بەرپرسان بە خواستەکانیان، بۆ جارێکی دیکە لە بەرامبەر ئەم ناوەندە دەستیاندایە کۆبوونەوە. ناڕازییان هەروەها بە ڕەخنەگرتن لە وادە و بەڵێنی پڕوپووچ و بێ ئاکام مانەوەی خواستەکانیان، جەختیان کردەوە: “چیدی مەڵێن نیمانە، ماندووین لەم شوعارە”.