ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، پێشەوا نەبی، تەمەن ١٦ ساڵ و کارزان نەبی، تەمەن ١۵ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، لە ماڵی خۆیان و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بەبێ هیچ هۆکارێک دەستبەسەر کراون.
هەروەها هەمان ڕۆژ، منداڵێکی دیکە بە ناوی کۆمار نەبی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی ئەو شارە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە دەستبەسەر کرا.
پێشتریش واتە شەوی یەکشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر، منداڵێکی دیکە بە ناوی فەرزین نەبی، تەمەن ١٤ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، لە شوێنی کارەکەی لە شەقامی “مەلا ڕەزا”ی ئەو شارە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراوە.
هاوکات منداڵێکی دیکە بە ناوی هێدی یووسفی ئەقدەم، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی ئەو شارە، لە ماڵەکەی خۆیان بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە.
دوای دەستبەسەرکردنی ئەو منداڵانە بۆ شوێنگەلێکی نادیار گواسترانەتەوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ڕۆلەکانیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.
شایانی باسە کە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم منداڵانە، لە بەردەستدا نییە.