
سەد و سێزدەهەمین کۆنفڕانسی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە ڕۆژانی ٢ هەتا ١٣ی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٥ لە ژنێڤ بەڕێوەدەچێت. کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی ئەم ڕێکخراوە لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە یاساکانی کار، کە لە ڕوانگەی بەرژوەندی سەرمایەدارانەوە موناسباتی کار و سەرمایە پێناسە دەکەن، لە هەموو شوێنێک لەوانە لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری بە زیانی کرێکاران گۆڕدراوە. دەوڵەتانی سەرمایەداری بە بەڕێوەبردنی بەرنامەکانی ڕیازەتی ئابووری و داڕشتنی یاسای یەکجار دژەکرێکاریتر لە ڕابردوو، خزمەتگوزاری ڕەفاهی و کۆمەڵایەتیی کرێکاران و جەماوەری بێبەشیان هێناوەتە خوارترین ئاست. بردنەسەری تەمەنی خانەنشینی و کەمکردنەوەی مووچەی خانەنشینان، لەسەر کار دەرکردنی کرێکاران و فڕیزکردنی حەقدەست و سنووردارکردنی مافی یەکیەتییە کرێکارییەکان، بوارە سەرەکییەکانی بەرنامەی ڕیازەتی ئابوورین کە لە هەموو شوێنێک بنەماڵە کرێکارییەکانی خستووەتە ژێر فشارەوە. پەرەپێدانی توندوتیژی و ئەزیەت و ئازاری ژنان و پیاوانی بەرەی کار و زەحمەت، لە دواهاتەکانی جێبەجێکردنی بەرنامەی ڕیازەتی ئابووری و پەرەپێدانی چەوساندنەوەی کرێکارانە.
ڕێکخراوی جیهانیی کار هەموو ساڵێ هەیئەتێک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەک نوێنەری کرێکارانی ئێران لە کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆیدا قەبووڵ دەکات. ئەم هەیئەتە نەتەنیا نوێنەری کرێکاران و داکۆکیکاری مافی چینی کرێکار لەم کۆبوونەیەدا نین، بەڵکوو هەوڵ دەدەن حەقدەستی چەند بەرابەر خوارتر لە هێڵی هەژاری، بێبەریکردنی چینی کرێکار لە مافە سەرەتاییەکانی خۆی لەوانە مافی پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ و مافی مانگرتن و دەستبەسەرکردنی چالاکانی کرێکاری ئینکار و پەردەپۆش بکەن. ئەوان هەر وەک لە ڕابردووشدا نیشانیان داوە، نەتەنیا لەدژی یاسای کاری دژەکرێکاریی کۆماری ئیسلامی زمانیان ناگەڕێ، بەڵکوو ئەگەر لەلایەن هەیئەتەکانی دیکەشەوە لەمبارەوە پرسیاریان لێ بکرێ، دەست دەکەن بە پاساوکردنی بێمافییەکان و داپۆشینی ڕاستییەکان. ڕێکخرای جیهانیی کار لە حاڵێکدا نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لەم کۆبوونەوەیەدا قەبووڵ دەکات کە بەباشی دەزانێ ئەم ڕژیمە پابەند بە هیچکام لە پەسندکراوەکانی ئەم ڕێکخراوە نییە. باش دەزانێ کە لە ئێران چالاکانی ناسراو و جێگای متمانەی کرێکاران دەخرێنە ژێر چاوەدێری و دەستبەسەر و زیندانی دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن.
ئەگەرچی هێندێک لە ڕێکخراوە کرێکارییەکانی جیهان، کۆماری ئیسلامی بە خاتری زوڵم و زۆرێک کە دەرحەق بە کرێکاران ئەنجامی دەدات، مەحکووم دەکەن، بەڵام لەبەرامبەردا ڕێکخراوی جیهانیی کار لە هەموو ئەم ئیعتڕازانە چاوپۆشی دەکات و بە ڕەواڵی هەموو ساڵێک چەند کەسێکی حکوومەتی لەگەڵ ژمارەیەک خاوەنکاری سەرمایەدار و چەند مۆرەیەکی خانەی کاریگەر و شۆرا ئیسلامییەکانی کار لەژێرناوی “نوێنەری کرێکاران” قەبووڵ دەکات تا لە داڕشتنی بڕیارنامەکانی ئەم ڕێکخراوەدا ڕۆڵ بگێڕن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هیچ قۆناغێکدا نەتەنیا هیچ هەنگاوێکی بەرەو بەدیهێنانی ڕێککەوتن و گرێبەستەکانی ئەم ڕێکخراوە نەناوە، بەڵکوو سەرەتاییترین مافەکانی کرێکارانی پێشێل کردووە.
لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا داکۆکیکارانی بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران بە بەشداریی پڕگڕوتین و بە بەڕێوەبردنی میتینگی ناڕەزایەتی لە ناوەوە و دەرەوەی شوێنی بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفڕانسە، بۆشایی بەشدارنەبوونی نوێنەرانی ڕاستەقینەی کرێکارانیان لەم کۆنفڕانسەدا پڕ کردووەتەوە. ئەمساڵیش لە ئاکامی هەوڵی (کۆمیتەی سەرتاسەریی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ژنێڤ) و بەدوای داواکاری لە یەکیەتییە کرێکارییەکان بۆ ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ خەباتی کرێکارانی ئێران و بۆ پشتیوانی لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ٦ی ژوئەن کە هاوکات لەگەڵ کۆنفڕانسی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە بەرامبەر شوێنی ئەم ڕێکخراوە لە ژنێڤ بەڕێوەدەچێت، هەتا ئێستا ژمارەیەک لە یەکیەتی و سەندیکا کرێکارییەکان لە ئورووپا، بە ملیۆنان ئەندامەوە، بەم داواکارییە وڵامی ئەرێنییان داوەتەوە. وە پشتیوانیی خۆیان لە کرێکارانی ئێران و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بە دەربڕینی ئامادەیی بۆ بەشداری لە کۆبوونەوە و یان لەڕێگەی پەیامی بەنووسراوە و دەنگ ڕاگەیاندووە.
لەکاتێکدا کە کەمپەینی نێونەتەوەیی ناڕەزایەتی دژبە بەشداریی هەیئەتە نێردراوەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم کۆنفڕانسە درێژەی هەیە، ژمارەیەک لە ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە ئێران لەوانە سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە، گرووپی یەکیەتیی خانەنشینان، کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، کرێکارانی خانەنشینی خووزستان لە ڕێکەوتی ٦ی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٤ لە پەیامێکدا ڕوو بە کرێکاران و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی هەموو وڵاتان ڕایانگەیاند: “کرێکارانی ئێران بەهۆکاری ئەو سەرکوت و بێبەشییانەی کە دەسەڵاتی ئیسلامی بەسەریانیدا سەپاندووە، لە هەموو مافێک بۆ نموونە لە مافی خۆڕێکخستن و هەڵبژاردنی نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان بێبەرین. بەدرێژایی ٤٦ ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی هەموو جۆرە هەوڵێک بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوەی سەربەخۆ و گۆڕینی بارودۆخی دژواری کار و ژیان بەرەوڕووی سەرکوت و زیندان بووەتەوە. هەر لەم ڕاستایەدا ڕێکخراوی جیهانیی کاریش سەرەڕای ئەو جاڕنامە و بڕیارانەی کە پێیان دەوترێ یاسا بنەڕەتییەکانی کار، هیچ بایەخێک بە بەرژەوەندی کرێکارانی ئێران نادات. وەک هاودەست و هاوکاری کۆماری ئیسلامی، ڕێکخراوە حکوومەتییەکان بۆ نموونە خانەی کارگەر، شۆرا ئیسلامییەکانی کار و نوێنەرانی دەستچنی ئەوان لەجیاتی نوێنەرانی ڕاستەقینەی کرێکاران قبووڵ دەکات و بەم کردەوە دژەکرێکارییە، ئیعتباری بە دوژمنانی کرێکاران داوە. لەم ڕووەوە ئێمە کرێکاران و خانەنشینان و ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکانی ئێران خوازیاری دەرکردنی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی جیهانیی کار ( ILO)ین. ئێمە خوازیاری ئازادیی دەستبەجێ و بێ مەرجی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشنان و ژنانی بەندکراو و هەموو بەندکراوانی سیاسی و گەڕانەوەیان بۆسەر کار و ڕاگرتنی لێپرسینەوەیانین”.
سەرەڕای هەموو ئەم ناڕەزایەتییانە، بەو پێیەی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە بنەڕەتدا هەوڵ دەدات بەرژەوەندی دەوڵەتانی سەرمایەداری ئەندامی ئەم ڕێکخراوە دەستەبەر بکات، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆیدا بە باوەشی کراوە پێشوازی لە شاندەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات. ئەم ڕێکخراوە جیهانییە، نوێنەرانی ڕژیمی دژە کرێکاریی کۆماری ئیسلامی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وەک نوێنەری کرێکاران لە وتووێژ و بڕیارەکانیدا بەشدار دەکات. هەربۆیە ڕێکخراوی جیهانیی کار بەکردەوە لە پێشێلکردنی مافی چینی کرێکاری ئێراندا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بووەتە هاودەست.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە