ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای لە کاربەدەستانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کردووە ئاگاداری گیانی منداڵان و مێرمنداڵانی خۆپیشاندانەر بێت و گیانیان بپارێزێت.
“کاترین راسل”، سەرۆکی ڕێکخراوی “یوونیسێف” لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ئاماژەدان بە کوژران و برینداربوونی دەیان منداڵ و مێرمنداڵان لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا؛ نیگەرانیی قووڵی خۆی لەو بابەتە ڕاگەیاندوە. ناوبراو بە ئاماژە بەوە کە هەتا ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی خەڵک دژ بە ڕژیم دەیان منداڵ تووشی توندوتیژی بوونەتەوە و کوژراون، هۆشداریی ئەوەی داوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان سوورە لەسەر پاراستنی گیانی منداڵان لە هەر توندوتیژییەک و چاوپۆشی لە توندوتیژی دژبە منداڵان ناکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها داوا لە “ئانتۆنی گۆترێش”، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە کە پشتیوانی هەڵمەتی پاراستنی گیانی منداڵان و مێرمنداڵان لە ئێران بێت.
شایانی باسە کە لە دەسپێکی خۆپیشاندانەکانەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژراون کە نزیک بە ٢٤ کەسیان منداڵ و مێرمنداڵ بوون.