
ڕۆژی هەینی، ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٥ دەوڵەتانی لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی دەوڵەتی ئەمریکا لە واشینگتۆن، لەسەر چوارچێوەیەک بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان گەیشتنە ڕێککەوتن. دەوترێت ئەم چوارچێوەیە یەکەمین هەنگاوە بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی ئاشتیی نێوانیان. باڵیۆزانی دەوڵەتانی لوبنان و ئیسرائیل لە ئەمریکا بە ئامادەبوونی مارک ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەر ئەو ڕۆژە ڕێککەوتننامەیەکی ١٤ خاڵییان واژۆ کرد.
بەشێک لە خاڵەکانی ناو ئەم ڕێککەوتننامەیە بریتین لە: سەقامگیرکردن و پەرەپێدانی دەسەڵاتی دەوڵەتی لوبنان بەسەر تەواوی خاکی ئەم وڵاتەدا لە سێبەری چەکداماڵینی گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان و هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانەکانیان و قۆرخکردنی چەک بەدەست دەوڵەتی لوبنانەوە؛ گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ باشووری لوبنان لە ڕێگەی جێگیرکردنی سوپای ئەم وڵاتە و گەڕانەوەی ئارامی خەڵکی مەدەنی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان؛ بونیادنانی لوبنانێکی “ئارام و سەقامگیر” لەژێر دەسەڵاتی ڕەهای دەوڵەتدا کە تێیدا هیچ گرووپێکی چەکدار هەڕەشە نەبێت بۆ سەر هاووڵاتیانی ئیسرائیل و لوبنان؛ ڕێگریکردن لە تەرخانکردنی بودجە بۆ گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان و کەسانی سەر بەوان؛ و کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی لە باشووری لوبنان داگیری کردوون.
شەڕی ئەم دواییەی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، لە ١١ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ و دوو ڕۆژ پاش کوژرانی عەلی خامنەیی دەستی پێکرد. بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە، لەم شەڕە تاوانکارانەیەدا تا ئێستا زیاتر لە ٤ هەزار کەس کوژراون و هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە خەڵکی بێدەرەتانی ئەم ناوچانەش کە لەژێر کۆنترۆڵی حیزبوڵڵادا بوون، ئاوارە و دەربەدەر بوون. ئاماری کوژراوە ئیسرائیلییەکان لەم شەڕەدا تەنیا ٣٨ کەس بووە کە پێکهاتوون لە هێزی سەربازی و خەڵکی مەدەنی.
لەم ڕێککەوتننامەیەدا، دەوڵەتی ئیسرائیل کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی خۆی لە خاکی داگیرکراوی لوبنان، گرێ داوەتەوە بە دەستپێکردنی پرۆسەی چەکداماڵینی حیزبوڵڵای لوبنانەوە. حیزبوڵڵای لوبنان ڕۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕ بە دەرکردنی ڕاگەیاندراوێک دژایەتیی خۆی بۆ ئەو ڕێککەوتننامەیە دەربڕی و بە ڕێککەوتنێکی سووکایەتیپێکارانە، مایەی شەرمەزاری و پووچەڵ ناوزەدی کرد. نەعیم قاسم، ڕێبەری حیزبوڵڵا، بە بێئیعتیبار زانینی ئەم ڕێککەوتنە، مەرجدارکردنی کشانەوەی ئیسرائیل بە چەکداماڵینی حیزبوڵڵای بە پێشنیارێکی زۆر مەترسیدار و بەزاندنی هێڵە سوورەکان وەسف کرد کە دەبێتە هۆی لاوازکردنی سەروەریی لوبنان. نەعیم قاسم وتیشی کە لەبری ئەم ڕێککەوتننامەیە، دەبێت لێکتێگەیشتنی تاران و واشینگتۆن بکرێتە بنەما کە لە بڕگەی یەکەمی ئەودا کۆتاییهێنان بە شەڕ لە سەرجەم بەرەکاندا بە لوبنانیشەوە، و هەروەها خۆبەدوورگرتن لە هەنگاوی سەربازی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی لوبنان مسۆگەر کراوە.
حیزبوڵڵا ڕایگەیاندووە کە تا کاتی کشانەوەی تەواوەتیی ئیسرائیل لە خاکی لوبنان، درێژە بە «خەباتی چەکدارانە» دەدات. هەرچەندە پاش واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە وەک تاقیکردنەوە دوو خاڵ لە ناوچە داگیرکراوەکان ڕادەستی سوپای لوبنان بکات و ئەگەر سوپای لوبنان لە ڕێگریکردن لە دزەکردنی چەکدارانی حیزبوڵڵا سەرکەوتوو بێت، لە ناوچەی زیاتر دەکشێتەوە، بەڵام دژایەتیی حیزبوڵڵا لەگەڵ ئەم ڕێککەوتننامەیە، کێشە و ئاستەنگ بۆ دەوڵەتی لوبنان لە ڕێڕەوی جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵەیەدا دروست دەکات. هەندێک لە بەرپرسانی حیزبوڵڵاش هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەم ڕێککەوتننامەیە مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لێ دەکەوێتەوە.
ئاشکرایە کە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی لەم شێوەیە لە واشینگتۆن و لە نێوان دەوڵەتانی لوبنان و ئیسرائیلدا، لە هەلومەرجێکدا کە حیزبوڵڵا لە میانی شەڕەکانی سێ ساڵی ڕابردووی لەگەڵ ئیسرائیلدا بەتوندی لاواز بووە، ناتوانێت لە قازانجی حیزبوڵڵا بێت. بەڵام کۆتاییهێنان بەم شەڕە کۆنەپەرستانە و تاوانکارانەیە و گەڕانەوەی ئاوارەکان تەنانەت بۆ سەر ماڵ و حاڵی وێرانکراویشیان، دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ ڕزگاربوونیان لەم شەڕە و لە وێرانکاریی زیاتر. دەوڵەتی ئێستای لوبنانیش کە خۆی نوقمی قەیرانە قووڵە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانە، ناتوانێت ئەوەندە بارودۆخی ژیان و بژێویی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوەی ئەم ناوچانە باشتر بکات. بەڵام زیاتر لە چوار دەیە سەپاندنی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی حیزبوڵڵا لە لایەک، و پەلامارە سەربازییە یەک لەدوای یەکەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە، جگە لە شەڕ، کوشتار، وێرانکاری، هەژاری و برسێتی، هیچ قازانجێکی بۆ خەڵکی لوبنان نەبووە. لەم ماوەیەدا حیزبوڵڵا، دەور و ڕۆڵی هەبووە لە قووڵکردنەوەی قەیرانە سیاسی، ئابووری، سەربازی و کۆمەڵایەتییەکانی لوبناندا. بە پەرەپێدانی کولتووری کۆنەپەرستانە، کۆمەڵگەی لوبنانی چەندین دەیە بەرەو دواوە گەڕاندووەتەوە. بێگومان کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل و کورتکردنەوەی دەستی حیزبوڵڵا لە ژیان و بژێویی کرێکاران و خەڵکی هەژاری لوبنان، دەتوانێت بۆ ئەوان ببێتە دەرفەتێک لە پێناو تێکۆشان بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان.
بەڵام ڕژێمی کۆماری ئیسلامیش کە خۆی تێوەگلاوی شەڕە لەگەڵ ئەمریکادا، بەتوندی دژی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی لەم چەشنەیە لە لوبنان و بە زیانی خۆی دەزانێت و بۆ تێکشکاندنی تێدەکۆشێت. ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی مەجلیسی ڕژێم، ڕۆژێک پاش واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە وتی: “لوبنان قووڵایی ستراتیژیی ئێمەیە. ئەگەر حیزبوڵڵا لە بەیرووت شەڕ نەکات، بێگومان دەبێت ئێمە لە سنوورەکانی تاران و کرماشان و شوێنەکانی تر ڕووبەڕووی سەربازانی ئیسرائیل ببینەوە”. کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی مەیادین-ی سەر بە حیزبوڵڵاش، لە دژایەتیکردنی ڕێککەوتننامەکەدا لە زاری یەکێک لە بەرپرسانی ئەم حیزبەوە گواستییەوە کە: “دەوڵەتی لوبنان توانای جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنەی نابێت، مەگەر ئەوەی بە پشتیوانیی ئەمریکا بچێتە ناو شەڕێکی ناوخۆییەوە لەگەڵماندا. چونکە حیزبوڵڵا هەرگیز چەکەکانی ڕادەست ناکات و لە بەرامبەر هەوڵەکانی دەوڵەتی لوبناندا بەرگری دەکات.”
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەوڵەتی لوبنان و زۆرێک لە حیزب و ڕەوتە سیاسییە لوبنانییەکان و دەوڵەتانی دیکە پشتیوانییان لەم ڕێککەوتننامەیە کردووە و وەک هەنگاوێک بۆ کۆنترۆڵکردنی حیزبوڵڵا و بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەت و سەقامگیریی سیاسی لە لوبنان هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن. ناتانیاهۆش ئەم ڕێککەوتنەی بە پاشەکشەی حیزبوڵڵای لوبنان و کەمبوونەوەی هەژموونی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی زانی.
سەرەڕای ئەمانەش، زۆرێک لە خەڵکی لوبنان و ئیسرائیل لە پاڵ پشتیوانییان بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ، سەبارەت بە سەرکەوتنی ئەم ڕێککەوتننامەیە بە گومانن و هێشتا ڕوون نییە کە بەبێ کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە خاکی لوبنان و چەکداماڵینی حیزبوڵڵا، ئەم ڕێککەوتنە چۆن جێبەجێ دەکرێت. ئەو پشتیوانییە داراییە کەمەش کە بەڵێنی دراوە، لە بنەڕەتدا بەهێزکردن و بنیاتنانەوەی سوپا و بنەمای سەربازیی دەوڵەتی لوبنانی لەبەرچاو گرتووە و هیچ کرانەوەیەک بۆ باشترکردنی باری بژێوی و کۆتاییهێنان بەو هەژاری و نەهامەتییە ئابوورییەی کە ساڵانێکە خەڵکی لوبنانی خستووەتە ژێر گوشارەوە، دروست ناکات. بەمجۆرە، کرێکاران، زەحمەتکێشان و جەماوەری ڕەنجدیدەی لوبنان، بۆ ڕزگاربوون لە شەڕ و پەلامارە سەربازییەکانی دەوڵەتی فاشیستیی ئیسرائیل، هەروەها بۆ ڕزگاربوون لەو ژیانە پڕ لە مەینەتییەی لەژێر دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی حیزبوڵڵادا لە چوار دەیەی ڕابردوودا ئەزموونیان کردووە، هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە جگە لە پشتبەستن بە هێزی خەباتی یەکگرتووانەی خۆیان و هاوچارەنووسانیان لە ئیسرائیل و ناوچەکە، و ڕاکێشانی هاوپشتیی مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستی جیهاندا.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە