فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕێککەوتنی دەوڵەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی بە واتای کۆتاییهاتنی یەکجاریی شەڕ نییە
چوارشەممە ۲۷-۰۳-۱۴۰۵   |  17-06-2026

بە گەیشتنی دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ژوئەندا، ڕەوتی درێژخایەن و پڕگرژیی “نە شەڕ و نە ئاشتی” پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، بڕیارە ئەم لێکتێگەیشتنە ڕۆژی هەینی لەلایەن هەردوو لایەنی سەرەکیی شەڕەکەوە واژۆ بکرێت. ئەگەرچی هێشتا دەقی ئەم لێکتێگەیشتنە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەسەر بنەمای بڕگەکانیدا، لە هەنگاوی یەکەمدا گەرووی هورمز بە ڕووی کەشتییەکاندا دەکرێتەوە و کۆتایی بە گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی باشووری ئێران لەلایەن ئەمریکاوە دەهێنرێت. ئەم لێکتێگەیشتنە ئەگەرچی هەنگاوێکی گرنگە بۆ دەرچوون لە دۆخی جەنگی و تێپەڕین لە بەرزەخی “نە شەڕ و نە ئاشتی”، بەڵام هێشتا بە واتای کۆتاییهاتنی یەکجاریی شەڕ نییە.

گرنگترین گرێکانی ئەو دانوستانەی کە بڕیارە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی داهاتوودا بەڕێوە بچێت، بریتین لە: یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی دۆسیەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی و بردنەدەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی سەدا ٦٠، چۆنیەتی و ڕەوتی کۆتاییهێنان بە گەمارۆ ئابوورییەکان و ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران، چارەنووسی هێزەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاوەمەت” و کۆتاییهێنان بە شەڕ و داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل لە لوبنان. لە ڕاستیدا ئەو بەڵگەنامەیەی کە دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لەسەری ڕێککەوتوون، زیاتر سەرنجی خستووەتە سەر کردنەوەی ڕێڕەوەکانی نەوت و گاز بە ڕووی بازاڕەکانی جیهاندا، وە ئەگەرچی دەرگای دانوستان و گفتوگۆی لەسەر خاڵە ناکۆکەکان کردووەتەوە، بەڵام گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی مسۆگەر ناکات. لەبەر ئەم هۆکارە، دانوستانێکی ئاڵۆز و سەخت لە ئارادایە؛ هەردوو لایەنی شەڕ هەوڵ دەدەن ئەوەی لە گۆڕەپانەکانی شەڕدا دەستیان نەکەوتووە، لەسەر مێزی دانوستان بەدەستی بهێنن.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەوڵەتی ئیسرائیل ئەم لێکتێگەیشتنە بە تەبا لەگەڵ ئامانجە جەنگی و ستراتیژییە ناوچەییەکانی خۆی نازانێت، بێگومان لە ڕێگەی ئەو نفوزەی کە لەسەر پێکهاتەی سیاسیی دەسەڵاتداری ئەمریکا هەیەتی، درێژە بە کارشکێنییەکانی خۆی لە ڕەوتی دانوستانەکاندا دەدات. لە ئێرانیشدا، ئەگەرچی کادری سەرکردایەتیی سوپای پاسداران بە هەماهەنگی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی و بە هاوڕێکردنی حکومەت و مەجلیس، لە پێناو مسۆگەرکردنی مانەوەی ڕژێمی ئیسلامی ڕێگەی سازش و لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا گرتووەتە بەر، بەڵام باڵی پایداری و بەشێک لە ئوسولگەرا توندڕەوەکان هێشتاکە تەپڵی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لێدەدەن و لە هیچ هەوڵێک بۆ تێکدانی ڕەوتی دانوستانەکان درێغی ناکەن. کەواتە، سەرەڕای گەیشتن بەم لێکتێگەیشتنە، نابێت مەترسیی سەرهەڵدانەوەی گرژییە سەربازییەکان و شەڕ لەبەرچاو نەگیرێت.

ئەم لێکتێگەیشتنە لە هەلومەرجێکدا واژۆ دەکرێت، کە دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکانیان لەم شەڕەدا ناکام ماونەتەوە. دەوڵەتی ترامپ بە شوێنکەوتەیی لە ناتانیاهۆ و دەزگای ئەمنیی مۆساد و بەو خەیاڵەی کە بە کوشتنی خامنەیی و پۆلێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی هەرەس دەهێنێت، کاتی هەڵگیرسانی شەڕەکەی هێنایە پێشەوە. بەڵام دەوڵەتی ترامپ بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی، نەگەیشتە هیچ کام لەو ئامانجانەی کە ڕایگەیاندبوون، لەوانە: گۆڕینی ڕژێم لە سەرەوە، سنووردارکردنی توانای مووشەکە بالیستییەکان، هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و بردنەدەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی سەدا شەست، و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی نەوت و گاز و ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم شەڕە نە تەنها نەیتوانی زلهێزی و قودرەتنمایی ئیمپریالیزمی ئەمریکا لە ئاستی جیهاندا نیشان بدات، و هەژمۆنیی ڕوو لە ئاوابوونی ئەمریکا لە بەرامبەر چیندا نۆژەن بکاتەوە، بەڵکوو لاوازی، سنوورداربوون و سەرلێشێواویی ستراتیژیی ئەمریکای زیاتر لە جاران دەرخست. دەوڵەتی ترامپ تەنانەت لە دەرهاویشتە پێشبینیکراوەکانی داخستنی گەرووی هورمز و هەروەها هێرشە مووشەکییەکانی ڕژێمی ئیسلامی بۆ سەر دامەزراوەکانی دەرهێنانی نەوت و گاز لە وڵاتانی کەنداو، بە تەواوی تووشی شۆک بوو. کابینەکەی ترامپ ناچار بوون بۆ لایەنگرانی خۆیان ڕوونی بکەنەوە کە بۆچی نرخی نەوت بەرز بووەتەوە و ملیاردها دۆلار لە پارەی باجدەران بووەتە تێچووی ئەم شەڕە ئارەزوومەندانەیە. ئەمریکا لەم شەڕەدا نەیتوانی دەوڵەتانی ئەوروپا و تەنانەت ئەندامانی پەیمانی ناتۆش لەگەڵ خۆی هاوڕا بکات. ئەم شەڕە پێگەی چینی لە بەرامبەر ئەمریکا لە ململانێ سیاسی و جیۆپۆلەتیکییەکاندا بەهێزتر کرد.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم شەڕە سەرباری ئەم ناکامییانە، بۆ چینی دەسەڵاتداری ئەمریکا و ئەو ملیاردێرانەی کە لە دەوری ترامپن زۆر پڕقازانج بووە. خودی ترامپ زیاتر لە سەرجەم سەرۆککۆمارەکانی پێشوو، لە پۆستی سەرۆکایەتی قازانجی کەسیی بردووە و لە سەردەمی مانەوەی لە دەسەڵاتدا سامانەکەی بە بەهای ملیاردها دۆلار زیادی کردووە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، دەوڵەمەندترین ٥٠٠ کەسی جیهان تەنها لە یەک ڕۆژدا، ڕێک لەو کاتەی کە ترامپ ئێرانی بە جینۆساید و لەناوبردنی شارستانییەتەکەی هەڕەشە لێکرد و پاشان لەناکاو هەڵوێستی گۆڕی و بە ئاگربەست ڕازی بوو، ٢٥٠ ملیار دۆلار قازانجیان بەدەستهێنا. ئەم شەڕە بۆ بەرهەمهێنەرانی چەک، کۆمپانیاکان و پیشەسازییە بەرگرییەکان کە بەرژەوەندییەکانیان بە پیشەسازیی شەڕەوە گرێ دراوە، لە ڕادەبەدەر پڕقازانج بووە. بۆ نموونە، لە کاتێکدا وڵاتانی کەنداو بەهۆی ئەو شەڕەی سەرۆککۆماری ئەمریکا هەڵیگیرساندبوو، کەوتبوونە ژێر هێرشی مووشەک و درۆنەکانی ڕژێمی ئیسلامییەوە، ئەو کۆمپانیایەی لەلایەن کوڕەکانی ترامپەوە پاڵپشتی دەکرا، خەریکی فرۆشتنی سیستەمی بەرپەرچدانەوەی درۆن بە هەمان ئەو وڵاتانە بوو.

سەران و کاربەدەستانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، کە ئامانجی سیاسیی خۆیان لەم شەڕەدا بە پاراستن و مانەوەی نیزامی ئیسلامی پێناسە کردبوو، گەیشتن بەم لێکتێگەیشتنەی ئێستا وەک سەرکەوتنی یەکجاریی خۆیان پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن. بەڵام کۆماری ئیسلامی هەرچەندە لەم شەڕەدا قەوارە و بوونی خۆی پاراست، لەگەڵ ئەوەشدا شەڕەکە ئاستەنگە ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامیی زیاتر ئاشکرا کرد. ئەم شەڕە جارێکی تر سەلماندی کە پڕۆژە ئەتۆمییەکان و پاڵپشتییە داراییەکان و پڕچەککردنی هێزەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاوەمەت” لە ناوچەکەدا، سەرباری ئەو تێچووە لەڕادەبەدەر قورسانەی کە بەسەر خەڵکی ئێران و بەتایبەتی بەسەر چینی کرێکار و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگادا سەپاندوویەتی، نەیتوانیوە هێزی بەرگریکردنی پێویست بە خودی ڕژێمی ئیسلامی ببەخشێت؛ بەجۆرێک کە لە دوو شەڕی دواییدا چەندین ئاست لە سەرکردە و فەرماندەکانی لەدەست داوە. تەنانەت نائارامکردن و کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، کە لەم قۆناغەدا وەک ئامرازێکی گوشاری ئابووری و جیۆپۆلەتیکیی کۆماری ئیسلامی لە شەڕ لەگەڵ ئەمریکادا کاری دەکرد، لە مەودای مامناوەند و بە بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی باشووری ئێران و تێکدانی هەناردەی نەوت و هاوردەی کاڵا پێویستەکان، دەتوانێت وەک شمشێرێکی دوودەم کار بکات. سەرجەمی ئەم فاکتەرانە و هەروەها پێشهاتەکانی غەززە، ڕەوتی چەککردنی حیزبوڵڵا لە لوبنان، خستنەژێرگوشاری حەشدی شەعبی بۆ تێکەڵبوون بە سوپای عێراق و هتد… دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی و کۆماری ئیسلامی وەک گرنگترین مۆڵگەی ئەم بزووتنەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەم وەک مۆدێلێکی فەرمانڕەوایی و هەم وەک مۆدێلی بەرەنگاربوونەوەی سیاسەت و هەژمۆنیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، قۆناغەکەی بەسەر چووە.

بەڵام سەرەڕای ئیدیعاکانی سەرانی کۆماری ئیسلامی و لێدانی دەهۆڵی سەرکەوتن، دەرهاویشتەی ئەم شەڕە و ئەو کوشتار و زەبرە قورسانەی کە بەر کۆماری ئیسلامی کەوتوون، توندبوونەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و هەروەها شوێنەوارە نەگۆڕەکانی کۆمەڵکوژییە سامناکەکەی ناڕازییان لە ڕەوتی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی بەفرانباردا، قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و تەشەنەسەندنی بێکاری و هەڵاوسان و گرانیی بێسنوور و بێتوانایی ڕژێم لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک، قەیرانە ناوخۆییەکانی ڕژێمی هێندەی تر پەرەپێداوە و هیچ بەدوور نییە لە داهاتوودا ببینە شایەتحاڵی پاکتاوکردنە خوێناوییە ناوخۆییەکان لەلایەن باڵی سوپای پاسدارانەوە. ڕژێمێک کە ئابوورییەکەی لەژێر گوشاری قووڵبوونەوەی قەیرانە پێکهاتەییەکان، گەندەڵیی دامەزراوەیی، توندبوونەوەی گەمارۆکان و دۆخی جەنگیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا لە لێواری داڕماندایە، لە دوای کۆتاییهاتنی یەکجاریی شەڕیشدا، دەکەوێتە ژێر باری قورسی تێچووی ئاوەدانکردنەوەی وێرانکارییەکانی شەڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی چاوەڕوانییەکانی کرێکاران و خەڵکی ناڕازی. سەرجەمی ئەم فاکتەر و هۆکارانە، قەڵەشتی نێوان کۆماری ئیسلامی لەگەڵ جەماوەر و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر دەکەنەوە و قەیرانی ڕەوایی سیاسیی ڕژێم هێندەی تر پەرەپێدەدەن.

لەم سۆنگەیەوە کە قۆناغی پاش شەڕ، قۆناغی قووڵبوونەوەی ململانێ و خەباتی چینایەتییە، کرێکاران و جەماوەری ئازادیخوازی ئێران لە بەرامبەر پەلاماری دەوڵەت و ڕێبازە فاشیزمییەکەی سوپای پاسداران دەستەوسان ناوەستن. ڕاستە کە ئەم شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیە، بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی تری پەراوێز خست، وە توێژێک لە چینی ناوەڕاست کە لەژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیدا، هیوایان بە ڕووخانی ڕژێم لە ڕێگەی دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستییەکانەوە گرێ دابوو، تووشی جۆرێک لە بێئومێدی و سەرلێشێواوی بوون، بەڵام مەسەلە یەکلاکەرەوەکە ئەوەیە کە چینی کرێکاری ئێران لە جەرگەی ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکاندا، بەتایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا، گەیشتووەتە ئاستێک لە هۆشیاری، ئەزموونی کردەیی و توانای ڕێکخراوەیی کە سەرەڕای بوونی شەڕیش، ئەم دەستکەوتانە لەناو نەچوون. چینی کرێکار بە پشتبەستن بەم ئەزموون و دەستکەوتانە، بە ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی خۆی، جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگا.