هەواڵنێریی ڕەسمیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئیرنا لەسەر زاری بەرپرسانی پێوەندیدار باسی لەوە کردووە کە لە دەستپێکی تەعتیلاتی نەورۆزەوە تا شەشی خاکەلێوە ٤٨٦ کەس لە هاووڵاتییانی ئێرانی بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەست داوە. بەدەر لە تیژڕەوی و نەبوونی توانای کۆنتڕۆڵی ئامرازەکانی هاتووچۆ باروودۆخی یەکجار نالەباری ڕێگاوبانەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی چوونەسەرەوەی تەڵەفاتی ڕووداوەکانی هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی پزیشکی قانوونیی ئێران لە نەورۆزی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ١٠٨٠ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەست دا. بەپێی ڕاپۆرت و ئاماری ڕاگەیەندراو ئۆستانەکانی سیستان و بەلووچستان، فارس، خوراسانی ڕەزەوی، خووزستان و کرمان زۆرترین ڕووداوەکانی هاتۆچۆیان بەخۆیان تەرخان کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران ساڵانە زیاتر لە ٢٣ هەزار کەس و لە هەر کاتژمێرێکدا سێ کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەست دەدەن و دەیان هەزار کەسیش بریندار ئەبن. ڕووداوەکانی هاتووچۆ بێجگەلە خەساری گیانی ساڵانە ١٨ ملیارد دۆلاریش زیانی ماددییان لێ دەکەوێتەوە. بە باوەڕی کارناسان بێجگەلە هۆکاری مرۆیی، باروودۆخی نالەباری ڕێگاکان، بێ کەفایەتیی کارگێڕانی ڕژیم لە بواری بەڕێوەبەرایەتیی ترافیکی ناوەوە و دەرەوەی شارەکان و ستانداردی لەخوارێی ئۆتۆمبێلەکانی ناوخۆ، لە هۆکارەکانی چوونەسەرەوەی ئاماری ڕووداوەکانی هاتووچۆن.
ئەم ئامارە نیشانی دەدات کە ڕێگاکانی ئێران لە زومرەی مەرگبارترین ڕێگاکانی جیهانن. کارەساتی ئینسانی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، تەنیا بە پەرەسەندنی پانتایی جەنایاتی هەموو ڕۆژێی حکوومەتەوە سنوودار نابێت. گەلێک ڕووداو و کارەساتی قابیلی پێشبینی و پێشگیریش لە بۆسە دان تا گیان ئینسانەکان بکەنە قوربانی. کۆماری ئیسلامی تەنیا بەخاتری ژمارەی ئێعدامی بەندکراوانی بێدیفاع نییە کە خاوەن پلەی یەکەمی جیهانە. ئەم ڕژیمە شوێنی کار و ژیانی سرووشتیی کرێکاران و زەحمەتکێشانیشی کردووەتە بۆسەی مەرگ. هەموو ساتێک ئەگەری سەرهەڵدانی ڕووداوێکی دڵتەزێن و کارەساتێکی مرۆیی لە ئارا دایە.
ئەم ڕژیمە لە حاڵێکدا کە خۆی ڕۆژ و سەعات و کاتی مەرگی ئینسانەکان دیاری دەکات و بەشێوەی ئاشکرا و شاراوە، تەنافی مەرگ لە گەردنی ئینسانەکان دەکات، شوێنی کار و ژیانی خەڵکیشی بەجۆرێک نائەمن کردووە کە هەموو ڕۆژێ هەواڵی دڵتەزێن دەبیستین. کۆماری ئیسلامی بێجگەلە جەنایاتی ڕۆژانەی، بەجۆرێک لە قەباڵ سڵامەتی ژینگەی هاووڵاتییانی ئێران نابەرپرس و وەها شوێنی کار و ژیانی خەڵک و بەتایبەت کرێکارانی نائەمن کردووە کە هەر گۆشەیەک لە شوێنی کار و ژیانی خەڵکی کردووەتە بەستێنێگی گونجاو بۆ سەرهەڵدانی ڕووداو و کارەساتی قەرەبوونەکراو و ناخهەژێن.
ئاماری مەرگ لە ئێران سەرسووڕهێنەرە. مەرگ بەهۆی پیسبوونی هەوا، مەرگ بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ و مەرگ بەهۆی ڕووداوە سرووشتییەکان. مەرگی منداڵان بەهۆی کێشەی دەرمان و خۆراک. مەرگی هەموو ڕۆژێی ئینسانەکان بەجۆرێک ئاسایی بووەتەوە کە دەڵێی ئەم ڕووداوانە گرینگ نین و لێکدانەوە و باسکردنیان پێویست نییە. خەڵک بە دووپات بوونەوەیان عادەتیان گرتووە. دڵتەزێنترین مەرگ کە یەکجار چاوەڕوان نەکراو و سەختە، مەرگ بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆیە. ئاماری گیان لەدەستدانی هاووڵاتییان بەهۆی ڕووداوەکانی هاووتۆچۆ خۆفناک و سەرسووڕهێنەرن.
ڕێگاوبانەکانی ئێران بەهۆی پێڕانەگەیشتنی دەزگاکانی دەوڵەت و هەروەها بێ کەفایەتیی کارگێڕانی ڕژیم لە بواری بەڕێوەبردنی ترافیکی ناوەوە و دەرەوەی شارەکان، لە زومرەی مەرگبارترین جاددەکانی جیهان دێنە ئەژمار. لە شارەکان بەهۆی نەبوونی پرد و توونێل بۆ کەسانی پیادە، بەهۆی کەمبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوازرییەکان لەوانە نەبوونی چرای ڕێنمایی، خەتکێشیی شەقامەکان، تابڵۆی هاتووچۆ، گەلێک ڕووداوی دڵتەزێن ڕوو دەدەن کە بە ئاسانی قابیلی پێشگیرین. بەپێی ئامارێک کە لەژێر چاوەدێریی وەزارەتی “ڕاه و تەرابەریـ”ـدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماری ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە ئێران بەنیسبەت جەمعییەتەکەی لەچاو باقیی وڵاتانی دیکە، لە باڵاترین ئاستی جیهانی دایە.
دۆزینەوەی هۆکارە واقعییەکانی مەرگی ئینسانەکان بەهەر دەلیلێک و لەوانە بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، بە بێ لێکدانەوەی ماهییەتی نیزامی دەسەڵات و سیستمی بەڕێوەبەری و ئیدارەی سیاسیی ئەو کۆمەڵگایە مومکین نییە. ئەوە ڕاستە کە هیچ کەس ناتوانێت بە وردی کاتی ڕوودانی بوومەلەرزە و بەڵا سرووشتییەکان دیاری بکات، بەڵام ئەگەر ئیرادەی بەرپرس لە کاردا بێت و سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی گیرۆدەی گەندەڵی ئیداری و ماڵی نەبێت، تەنانەت ئاستی کارەساتەکانی سەرچاوەگرتوو لە بڵا سرووشتییەکانیش تا ڕادەیەکی بەرچاو دێنە خوارێ. لەناو دەزگای گەندەڵ و دواکەوتووی کۆماری ئیسلامیدا، ئەساسەن نە هیچ پڕۆژەیەک بۆ پێشگیری لە ڕووداوەکانی هاتووچۆ بوونی هەیە و نە سیستمی ئیداری و بێ کەفایەت و گەندەڵی کۆماری سەرمایەداریی ئیسلامیش دەتوانێت پڕۆژەی کارناسیکراو بەڕێوەبەرێت. هەر پڕۆژە و گەڵاڵەیەکیش کە هەیانبێت ئەساسەن دەبێتە ئامرازێک بۆ گەندەڵیی ماڵی و تاڵانکردن.
بۆ پێشگیری لە ڕووداوەکان، بەتایبەت ڕووداوە قابیلی پێشگیری و قابیلی پێشبینییەکان، یان تەنانەت لە کاردانەوە بە ڕووداوە چاوەڕوان نەکراوەکان، ئەگەر کۆماری ئیسلامی گەڵاڵەی دژەمرۆیی نیزامی و ئەمنییەتیی خۆی کە ئەساسەن لە خزمەت سەرکوتی خەڵک دایە، وەلا بنێت و بەشێک لەم هەزینە بەرینانە بە بێ بەفیڕۆدانیان بۆ پڕۆژەی ئیمەن کردن، نووژەنکردنەوەی ڕێگاکان و ڕاهێنانی گشتیی تەرخان بکات، خەساری گیان و ماددی هیچکات ناگاتە ئەم ئاستە. ئەگەر لەو دەیان ملیارد دۆلارەی کە ڕژیمی ئیسلامی دەیکاتە خەرجی پڕۆژەی ئەتۆمی و یان لەو ملیاردها دۆلارەی کە دەیکاتە هەزینەی لەسەرپێ ڕاگرتنی ڕەوتی کۆنەپەرستی حیزبوڵڵای لوبنان و حەشدی شەعبیی عێراق تا لەوان ئامرازێک بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی درووست بکات، بۆ پێکهێنانی سیستمیێکی هاتووچۆی گشتیی ستاندارد، کێشانی هێڵی ئاسن، نووژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکان و ڕاهێنان و کۆنتڕۆڵی هاتووچۆ تەرخانی کردبا، شایەدی مەرگی سێ کەس لە هەر کاتژمێرێکدا نەبووین.
بەڵام ڕژیمێک کە بێجگەلە مانەوەی دەسەڵاتەکەی بیر لە شتێکی تر ناکاتەوە، ڕژیمێک کە بە شەپۆلی ڕەشبگیرییەکان کەشوهەوای سەرکوتی توندتر کردووەتەوە، ڕژیمێک کە شوێنی کار و ژیانی خەڵک نائەمن، ژینگەیان وێران، جادەکان مەرگبار و ئینسانەکان بە مەرگی پێشوەخت مەحکووم دەکات، وەها ڕژیمێک تەنها بە خەباتی یەکگرتوو بەچۆک دادێت. بێگومان تەنیا ڕێگای ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە نگریسە خەبات و تێکۆشانی یەکپارچە و یەکگرتووانەیە.