فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

“ڕێگە نادەین خوێندنگاکان بکەنە سەربازگە”
سێشەممە ۰۲-۰۲-۱۴۰۴   |  22-04-2025

لەگەڵ زیاتربوونی نیگەرانیی سەرانی کۆماری ئیسلامی لەئاست چارەنووسی حەتمیی ڕووخانی دەسەڵاتەکەیان، ڕژیم زەبوونانە پڕۆژەیەکی ئەمنیەتیی دیکەی ئەمجارە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و سەرکوتی خوێندکاران و مامۆستایانی مەدرەسەکان گرتووەتە بەر. لەم پەیوەندییەدا میدیاکانی حکوومەتی ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی مانگی خاکەلێوە، دەقی  ڕێککەوتننامەیەکی هاوبەشیان بە ئیمزای سەرپاسداری بەدناو و جنایەتکار “ئەحمەد ڕەزا ڕادان” فەرماندەی گشتیی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی و عەلیرەزا کازمی وەزیری پەروەردەی دەوڵەتی پزشکیان، بڵاو کردەوە. بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتننامەیە، وەزیری پەروەردە ڕێگە بە هێزە چەکدارە سەرکوتگەرەکانی “فراجا” دەدات تا بە ڕەسمی لە مەدرەسەکاندا حزووریان بێت بۆ ئەوەی بەقسەی خۆیان لە بواری فێرکاری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە مەدرەسەکان نەخشیان بێت و لە سەپاندنی حیجاب بەسەر خوێندکاراندا چالاک بن.

ئەم وەزیرە بێ بایەخە، بە مەعلووماتی حەوزەیی و بە پێشینەی ئەمنیەتییەوە، کە بە شانازییەوە خۆی بە سەرباز سەرپاسدار ڕادان ناو دەبات، حیجاب و عیفافی بە یەکێک لە زیانە فەرهەنگییەکان ناو لێبرد و وتی: “پێویستە لە هەموو بوارەکاندا بۆ نموونە لە بواری حیجابدا کاری فەرهەنگی و ڕیشەیی و هوشیاریدەرانە ئەنجام بدرێت”. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بە ئیمزای ئەم ڕێککەوتنامەیە لەگەڵ “فراجا”، زیاتر لە ڕابردوو دەتوانین لەسەر بواری فەرهەنگیی مەدرەسەکان کار بکەین. لە ڕوانگەی ئەم کارگێڕەی حکوومەتی ئیسلامییەوە حزووری هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکان بە چەک و باتۆمەوە لە مەدرەسەکان، کارێکی فەرهەنگی و هوشیاریدەرانەیە. پاسدار ئەحمەد ڕەزا ڕادانیش کە وەزیری پەروەردە بە شانازییەوە خۆی بە سەربازی ئەو ناوبرد، یەکێک لە جنایەتکارترین فەرماندەکانی سپای پاسدارانە کە جنایاتی بێشوماری لە کوردستان، سیستان و بەلوچستان، سەرکوتی خوێندکاران، قەتڵ و کوشتاری کەهریزەک و بزووتنەوەی ژینا و پڕۆژەی بەدناوی “گەشتی ئیرشاد”ی لە کارنامەی دایە و تاوانبارێکی نێونەتەوەیی و داواکراوە.

خەڵک باش لە سرووشتی هێزی ئینتزامی گەیشتوون و دەزانن کە ئەم هێزانە بێجگەلە سەرکوت هیچ شارەزاییەکیان نییە. کەوابوو ئامانجی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لەم پڕۆژەیە بەکارهێنانی ئەم هێزەیە بۆ پەرەپێدانی کەشی ئەمنیەتی، بۆ نفووز و جاسووسی لە مەدرەسەکان، بۆ سەرکوتکردنی خوێندکاران و موعەلیمانی تێکۆشەر و ناڕازییان و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی فەزای مەدرەسەکانە. ڕادانیش لە قسەکانیدا بەئاشکرا دانی بەوە دانا و وتی: دوژمن لە ئێمە باشتر لەوە گەیشتووە کە کاریگەرترین توێژی کۆمەڵگای ئێران خوێندکارە. دوژمن کاریگەری لەسەر خوێندکاران دادەنێت و لە ڕێگەی فەزای ئەلیکترۆنیەوە هەوڵی ڕفاندنی مێشکیان دەدات. ئەمە بابەتێکە کە نابێت بەئاسانی چاوپۆشیی لێ بکەین و نابێ لە خوێندکاران غافڵ بین و دیسان لە غەفڵەتدا، غافڵگیر بین”.

هەڵبەت ئەم پلانە دژەئینسانییە دەرئەنجامی وتارەکەی سێ هەفتە لەوەپێشی خامنەییە کە تێیدا ئەوپەڕی نیگەرانیی خۆی لە سەرهەڵدانی ئاخێزی سەرتاسەری لاوان یان بە قەولی خۆی “سەرهەڵدانی فیتنە و ئاژاوەی ناوخۆیی” لەدژی حکوومەتی ئیسلامی بەیان کرد. خامنەیی ئەم قسانەی بەر لە ئاشکرابوونی ڕەزایەتدانی بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکا و بە ئامانجی پێکهێنانی فەزای ترس و هەڕەشە لەناوخۆ کرد و وتی: “ئەمریکا هەڕەشەی ئاژاوەنانەوە دەکات. من ئەگەری ئەوە بە کەم دەزانم، بەڵام بیر لەوە دەکەنەوە کە لە ناوەوەی ئێران فیتنە و ئاژاوە بنێنەوە. ئەگەر ئەوە بکەن، هەر ئەم میللەتە وڵامیان دەدەنەوە”. عەلی خامنەیی کە چەندین دەیەیە بە هەڵیت و پڵیت باس لە دوژمنایەتی و نەبوونی ئیمکانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا دەکات، دوای خۆبەدەستەوەدان و خواردنەوەی جامی ژەهری تەسلیم لە بەرامبەر ئەمریکا، یەکجار نیگەرانی سەرهەڵدانی ئیعترازاتی سەرتاسەری کرێکاران و توێژە هەژارەکانی دیکەی کۆمەڵگایە و بە “فیتنە و ئاژاوەی ناوخۆیی” ناوی دەبات و هەوڵی سەرکوتکردنی هەرجۆرە ناڕەزایەتییەک لە ناوەوە دەدات.

بەڵام کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە بارودۆخی ئێستادا لاوازتر و زەبوونتر لەوەیە کە بتوانێ وەها پڕۆژەگەلێک بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێ. کۆماری ئیسلامی ٤٦ ساڵە بە هەموو ئیمکاناتی دارایی و ئەمنیەتی و سەرکوتی خۆیەوە لەهەوڵی ئەوەدا بووە تا فەرهەنگی کۆنەپەرستانە و خورافیی حکوومەتی ئیسلامی بەسەر مەدرەسەکاندا زاڵ بکات و خوێندکاران بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. بەڵام هەموو پیلان و پڕۆژەکانی لەم بوارەدا بەهۆی خۆڕاگریی مامۆستایان و خوێندکارانی تێکۆشەر بەرەوڕووی شکست بووەتەوە. بێگومان ئەم پڕۆژە جنایەتکارانەیەی حکوومەتی ئیسلامیش هەر وەک پڕۆژەکانی “ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر”، “دامەزراندنی ئاخوند و تەڵەبە لە خوێندنگاکان”، هەر وەک پڕۆژەکانی “حیجاب و عیفاف”، “تەرحی نور”، “کلینیکی تەرکی بێ حیجابی” و هیتر لەگەڵ دیواری سەختی خەباتی خوێندکاران و مامۆستایان بەرەوڕوو دەبێتەوە و تووشی شکست دەبێت.

لەم پەیوەندییەدا شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان، لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری بە وەزیری پەروەردەی ڕژیمدا کە مامۆستایان ڕێگە نادەن خوێندنگاکان بکەنە پادگان و سەربازگە. محەممەد حەبیبی وتەبێژی ئەم شۆرایە ڕۆژی دووشەممە ئەوەڵی مانگی گوڵان ڕایگەیاند: ” وەزارەتی پەروەردە موڵکی شەخسی وەزیر یان مەیدانی نمایشی هێزی سەربازی نییە. هاتوچۆی هێزی ئینتزامی بۆ ناو چوارچێوەی خوێندنگاکان، کارێکی بەئاشکرا نایاسایی و سەرکوتگەرانە و پێشێلکردنی مافەکانی خوێندکاران و مامۆستایانە. پەروەردە بە باتۆم و بە هەڕەشە بەڕێوە ناچێت. هەروەها وتیشی: هۆشدار بە وەزیری پەروەردە دەدەین کە ئەرکی بەرگریکردن لە کەرامەتی مامۆستایان و ئەمنیەتی دەروونی خوێندکارانە، نەک گوێڕایەڵی و ملکەچبوون لە بەرامبەر ناوەندە نیزامییەکان. مەحموود لەنگروودی مامۆستای بەندکراوی پێشوو و لە کەسایەتییە ناسراو و تێکۆشەرەکانی بزووتنەوەی مامۆستایانیش لەمبارەوە هەڵوێستی گرت و ڕوو بە وەزیری پەروەردەی ڕژیم هۆشداری دا کە: “خوێندنگا جێگای باتۆم و هێزی نیزامی نییە. کاری فەرهەنگی بە سەرهەنگ مەسپێرن. هەرجۆرە ڕێککەوتنێک کە ڕێگە بدات هێزی ئینتزامی و ئەمنیەتی بچێتە ناو خوێندنگاکانەوە، ئەمنیەتی دەروونی خوێندکاران و مامۆستایان زەوت دەکات و دووکەڵەکەی دەچێتە ناو چاوی خۆتانەوە”.

لە بارودۆخی وەرچەرخاوی ئێستادا، کە ڕژیمی ئیسلامی لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانی هەمەلایەنە بەرەوڕووە و بەتەواو مانا ترسی ڕووخانی لێ نیشتووە، لەلایەکەوە چاوی هیوای لە گفتوگۆی زەبوونانە لەگەڵ ئەمریکا بڕیوە بەئامانجی لابردنی گەمارۆکان و بە سەرشۆڕییەوە چووەتە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا و لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵ دەدات بە بەکارهێنانی هێزە بەکرێگیراوە ئەمنیەتی و سەرکوتگەرەکانی، وە بە هاوکاریی ناوەندەکانی دیکە، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، ژنان، لاوان، خوێندکاران لە بەرامبەر سەپاندنی هەژاری و بێکاری و گرانیی لەتاقەت بەدەر، ناچار بە بێدەنگبوون بکات. بێگومان خوێندکارانی تێکۆشەر لەگەڵ مامۆستایانی خۆیان، ئەمجارەش پڕۆژەی سەرکوتگەرانەی هێزە بەکرێگیراوەکانی فراجا تووشی شکست دەکەن و ڕێگە نادەن ئەم دەسەڵاتە کۆنەپارێز و دژەزانستە، وەها پیلانێک لە مەدرەسەکاندا بەڕێوەبەرێت.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpirn

https://t.me/KomalaCpiranTv