فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕێگە نەدانی کۆماری ئیسلامی بە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بۆ پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکان
پێنجشەممە ۲۲-۰۸-۱۴۰۴   |  13-11-2025

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندووە، لەدوای هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، بازڕەسەکانیان نەیانتوانیوە پشکنین بۆ بڕی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بکەن و داواشی لە ئێران کردووە کە دەستبەجێ ڕێگە بە ئاژانسەکەیان بدات، پشکنین ئەنجام بدەن.
ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس ڕاپۆرتێکی نهێنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەستکەوتووە کە تێیدا هاتووە، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە، هیچ زانیارییەکی نوێیان لەبارەی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی کۆگاکراو لەو بنکە ئەتۆمییانەی لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل بۆردوومان کرابوون بەدەست نەگەیشتووە. ڕافایل گرۆسی دەشڵێت: ڕێگرییەکانی ئێران لە چوونەژوورەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ ئەو بنکە ئەتۆمییانە بەردەوامە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پێویستە ئاژانسەکە بە زووترین کات بڕی ئورانیۆمی پێتێنراوی ئێران لە کۆگاکاندا پشتڕاست بکاتەوە، چونکە ماوەیەکی زۆرە پشکنینەکانیان دواخراوە. هەروەها داوای کردووە ئێران پابەندی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکان بێت. پێشتر گرۆسی ئاماژەی دابوو، ئاژانسەکەیان دەستی بە بنکەی ئەتۆمییە بۆردوومانکراوەکانی وەک فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان، ناگات لەکتێکدا بەپێی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (ئێن پی تی)، پێویستە ئێران دەست لە ڕێگرییەکانی هەڵبگرێت، ئەگەر نا مافی ئەندامێتی لە ڕێکەوتنەکە نامێنێت.