فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕێگە نەدەین ڕژیمی ئیسلامی ڕەفیق سەلیمی ئێعدام بکات
سێشەممە ۱۹-۰۲-۱۴۰۲   |  09-05-2023
ڕێگە نەدەین ڕژیمی ئیسلامی ڕەفیق سەلیمی ئێعدام بکات

لە جەرەیانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە بەناوی ڕەمزی ژینا و ژن، ژیان، ئازادی دەستیپێکرد، ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ ڕەفیق سەلیمی، چالاکی کرێکاری و کەسایەتیی ناسراوی شاری سنە لەگەڵ کوڕەکەی فواد سەلیمی دەستبەسەرکران. فواد سەلیمی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی مانگی بەفرانباری ١٤٠١ بە قەراری وەسیقەی یەک ملیارد تمەن بەشێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندی سنە ئازاد کرا. ڕەفیق سەلیمی دوای نزیک پێنج مانگ و لە حاڵێکدا کە لەم ماوەیەدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و لە دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر بێبەری کرابوو لە ڕۆژی ١٧ی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٢ بۆ بێدادگای دژەشۆڕشی ڕژیمی ئیسلامی لە شاری سنە بە سەرۆکایەتی قازی نەقی زادە ڕەوانە کرا و بە تۆمەتی “پێکهێنانی گرووپی نایاسایی و هەوڵدان دژبە ئەمنیەتی وڵات” بە ” افساد فی الارض” مەحکوومیان کرد. ڕەفیق سەلیمی لەم بێدادگایەدا هەموو ئەم تۆمەتانەی ڕەت کردەوە.

لەئێستادا نزیکەی یەک مانگە کە ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی داسی مەرگی خستووەتە سەر گەردنی بەندکراوی سیاسی ڕەفیق سەلیمی. بێگومان دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ ڕەفیق سەلیمی بەشێکی جیانەکراوەیە لە سیاسەتی گشتیی پەرەپێدانی فەزای سەرکوت بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری ئێران، کە پایەکانی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیی خستووەتە لەرزە. کۆماری ئیسلامی لەلایەکەوە بە درێژەی دەستبەسەر و زیندانی کردنی چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری، مامۆستایان، خانەنشیان و بە هێرش بۆسەر ژنان بە “تاوان”ی لابردنی حیجاب، حەمەلاتی شیمیایی بۆسەر مەدرەسەکانی کچان و لەلایەکی دیکەوە بە شەپۆلی ئێعدامکردنی زیندانیانی سیاسی دەیهەوێ خەڵکی ناڕازی و وەگیانهاتووی ئێران چاوترسێن بکات. ڕژیم بەم هەوڵانەی بەتەمایە بەربە هەرجۆرە جموجۆڵێکی خەباتکارانە لە سەرانسەری ئێران و کوردستان کە یەکێک لە سەنگەرە گرینگەکانی پاراستنی دەستکەوتەکانی خەباتی خەڵک و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانە، بگرێت.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سیاسەتە ستراتێژییەکانی بۆ بوون بە دەسەڵاتی باڵای ناوچەکە شکستی خواردووە، لەژێر گوشاری خەباتی جەماری بە پێشەنگایەتیی ژنان ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتەکەی وێران بووە، ئابوورییەکەی لەبەردەم داڕمان دایە، و لەم ڕووەوە هیچ پێگەیەکی لەناو بیروڕای گشتیدا نییە. ئەم ڕژیمە لەوپەڕی داماویدا بەنیازە بە توندکردنەوەی فەزای ئەمنییەتی و بە ئێعدامی بەندکراوانی سیاسی، دەسەڵاتی ماشێنی سەرکوتەکەی بەڕووی خەڵکێکدا بکێشێ کە لە مەنگەی بێکاری و هەژاری و گرانی و بێمافیی سیاسی و کۆمەڵایەتی دان. ئەحکامی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و توندکردنەوەی فەزای سەرکوت لە ئێران هەوڵێکە لە ڕووی بێهیوایی و داماوییەوە لە جەرگەی هەموو ئەو قەیرانانەی کە ڕژیم پێیانەوە گرفتارە. هیچکام لە ڕژیمە دیکتاتۆرەکان لە مێژوودا نەیانتوانیوە تەنها بە سەرکوت درێژە بە دەسەڵاتیان بدەن. ڕەوتی داڕمانی پایەی سەرکوتی ڕژیمیش دەستی پێکردووە.

خەڵکی تێکۆشەری شاری سنە دەتوانن بە ئیعتڕازی یەکپارچەی خۆیان دژبە حوکمی ئێعدامی ڕەفیق سەلیمی بە کۆماری ئیسلامیی ڕاگەیەنن کە بە ئیجرای ئەم حوکمە جەنایەتکارانەیە، نە تەنیا تۆفانی تووڕەیی و ئیعتڕازی خەڵکی خەباتکاری کوردستان هەڵدەخڕێنێت، بەڵکوو نەفرەت و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئازادیخوازی ئێرانیش نەسیبی خۆی دەکات. خەڵکی شاری سنە هەروەک هەتا ئێستا گەلێک جار بە داهێنانی خۆیان مانعی ئیجرای سزای دژەئینسانیی ئێعدام بوون و تەنافی مەرگیان لە گەردنی مەحکوومان بە ئێعدام کردووەتەوە، دەتوانن یەکگرتووانە و بە عەزم و ئیرادەی قایمەوە بەر بە ئێعدامی ڕەفیق سەلیمی بگرن. نابێ ڕێگە بدرێت کۆماری ئیسلامی بە بێ ترس لە هەڵچوونی تووڕەیی و ئیعتڕازی خەڵک ڕەفیق لە سێدارە بدات.

خەڵکی تێکۆشەری شاری سنە، خەڵکی کوردستان!

لەم ڕۆژانەدا کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدامی ڕەفیق سەلیمی کات دەژمێرێت، بنەماڵە و کەسوکاری پێویستیان بە پشتیوانیی بێدەریغی ئێوەیە. کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئێوە دژبە حوکمی ئێعدامی ڕەفیق سەلیمی نەتەنیا بنەماڵەکەی دڵگەرم دەکات بەڵکوو ستایش و هاوپشتیی هەموو ئینسانێکی تینووی ئازادیی لێدەکەوێتەوە. نابێ ڕێگە بدەین ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێعدامی زیندانیی سیاسی ڕەفیق سەلیمی بکاتە ئامرازێک بۆ توندکردنەوەی کەشوهەوای ئەمنیەتی لە شارەکانی کوردستان.

بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شاری سنە و باقی شارەکانی کوردستان و بەرپاکردنی هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی لە دەرەوەی وڵات دژبە ئەحکامی ئێعدام و حوکمی ئێعدامی ڕەفیق سەلیمی و بۆ دیفاع لە ئازادیی بەندکراوانی سیاسی، دەتوانێ بەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بگرێت لە بەڕێوەبردنی ئەم حوکمە دژەئینسانییە. خەباتی سەرکەوتووانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەحکامی ئێعدام و حوکمی ئێعدامی ڕەفیق سەلیمی لە هەلومەرجی سیاسیی ئێستادا دەتوانێ خەبات دژبە سزای ئێعدام لە ئێران چەند هەنگاو بەرەوپێش بەرێت و پەیوەندی خەباتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە سەرانسەری ئێران قایمتر بکات.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co