بە ئاشکرابوونی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی ئەمیر ئیسلامدووست ژمارەی ئەو بەندکراوانەی کە ڕۆژی پێنجشەممەی حەفتەی ڕابردوو لە بەندیخانەی ورمێ لەسێدارە دراون بوو بە دوو کەس. بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی پووشپەر، سزای سێدارەی هاووڵاتییەک بە ناوی ئەمیر ئیسلامدووست و خەڵکی شاری ورمێ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کراوە.
ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە. پێشتر واتە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، هەواڵی لەسێدارەدانی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی حوسێن دوڵخانی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بڵاو بووەوە. ناوبراو خەڵکی شاری شووت بوو و ٦ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی خوشکەکەی دەستبەسەر کرا و دواتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.