فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ژن، بەساڵاچوویی و هەژاری لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا
هەینی ۳۱-۰۵-۱۴۰۴   |  22-08-2025

پەرەسەندنی دانیشتووانی بەساڵاچوو لە ئێران و جیهان، لە یەکەم نیگادا، بەرهەمی پێشکەوتنی تەندروستی و زیادبوونی تەمەنی مرۆڤە. بەڵام چڕبوونەوەی ململانێی چینایەتی، هەڵاواردنی ڕەگەزی و دەرئەنجامەکانی سیاسەتە نیولیبراڵییەکان، کە لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە خێراتر بوونەتەوە، واقیعەتە تاڵەکان دەردەخەن. قۆناغی بەساڵاچوویی بۆ زۆرینەی کرێکاران و زەحمەتکێشان لەجیاتی ئەوەی قۆناغی ئارامی و ئاسایش بێت بووەتە قۆناغێکی پڕ لە هەژاری، نەخۆشی و گۆشەگیری. سەبارەت بە ژنانی بەساڵاچوو، هەژاری توندتر و بەرچاوتر خۆی نیشان دەدات. نیزامی سەرمایەداری، کە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیی خستووەتە خزمەت کەڵەکە کردنی سەرمایەوە، بەپێی سرووشتی، ناتوانێ ڕەفاه و خوشگوزەرانیی گشتی بێنێت. تەنانەت درێژبوونەوەی تەمەن – کە بەشێکی بەرهەمی پێشکەوتنی زانست و تێکنۆلۆژی و ڕەفاهە، لە جیاتی ئەوەی پەرەسەندنی ئاسایشی گشتیی لێبکەوێتەوە، بۆ چینی کرێکار بووەتە قەیرانێکی نوێ. ئەم قەیرانە لە سێ ڕەهەندی بنەڕەتیدا خۆی دەردەخات. داڕمانی سیستەمی پشتیوانی لە ڕێگەی بە تایبەتکردنی خزمەتگوزارییەکانی بیمە و خانەنشینی؛ گواستنەوەی باری چاودێری لە دەوڵەتەوە بۆ بنەماڵە و دواجار بۆ ژنان؛ بە کاڵاکردنی چاودێری و گۆڕینی پێداویستییەکانی بەساڵاچوویی بۆ گۆڕەپانێک بۆ قازانجکردنی سەرمایە. لە ئێرانیش ئەم قەیرانە بەشێوەیەکی توندتر لەئارادایە. سیاسەتە سەرمایەدارییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە پرسی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ گەندەڵیی پێکهاتەیی و دەرئەنجامەکانی گەمارۆ ئابوورییەکان، هەلومەرجێکی پێکهێناوە کە تێیدا زۆرینەی خانەنشینەکان لە هەژاریی ڕێژەیی یان ڕەهادا دەژین. ئامارە فەرمییەکان نیشانی دەدەن کە لەسەدا ٦١ی بەساڵاچووان لە هەژاریی ڕێژەییدا دەژین، لەسەدا ٣٢ لە هەژاری ڕەها و لەسەدا ١٧ لە هەژاریی بەریندا دەژین.

لە ئێران ژنانی بەساڵاچوو زیاتر لە پیاوان ڕووبەڕووی بێبەشیی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبنەوە. ئەم دۆخە ڕیشەی لە پێکهاتە جیاکارییەکانی یاسای کار و بنەماڵەدا هەیە. نایەکسانبوونی حەقدەست، نەبوونی بیمەی تەکمیلی و هەڵاواردنی ڕەگەزی لە دامەزراندندا، وایکردووە ژنانی بەساڵاچوو لە زۆر حاڵەتدا تەنانەت نەتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیش دابین بکەن. ئەم هەژارییە تەنیا ئابووری نییە؛ بەڵکوو بە هەڵاواردنی ڕەگەزیی سیستماتیک بەتایبەت لە یاساکاندا گرێی خواردووە. ژنانی بەساڵاچووی جیابووەوە یان بێوەژن، لە کولتوورێکدا کە بەهای ژن بۆ ڕۆڵی هاوسەر و دایک دابەزیوە، تادێت زیاتر پەراوێز دەخرێن. ئەگەری هاوسەرگیری دووبارە بۆ ئەوان کەمە و بەربەستی ڕەگەزی وەک حیجابی ئیجباری، زیاتر بازنەی بەشداریی کۆمەڵایەتییان تەسک دەکاتەوە. سەرمایەداری بەتایبەت لە قۆناغی نیولیبڕالیدا، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەکات و ئاستی پەیوەندییەکانی مرۆڤ بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا دێنێتە خوارێ. ئەم ڕەوتە بۆ بەساڵاچووان بەتایبەت لە شارە گەورەکان، بووەتە هۆی پەراوێزخرانی کۆمەڵایەتیی بەرین. کۆچکردنی لاوان، بچووکبوونەوەی بنەماڵەکان و هاتنەخواری ئاستی هەڵسووکەوت، بەساڵاچووانی بەرەو پەراوێزکەوتنێکی نەخوازراو پاڵ پێوەناوە. لە ئێران هاتنەخواری مامناوەندی ئەندامانی بنەماڵە لە ٥.٢ کەسەوە بۆ نزیکەی ٢ کەس، وە چوونەسەری ڕێژەی ژیانی تاک کەسی لەناو بەساڵاچوواندا خۆی نیشانەی ئەم ڕەوتەیە. دابڕان و پەراوێزخرانی کۆمەڵایەتی نەک هەر لێکەوتەی ئابووری هەیە، بەڵکوو مەترسییەکی جیددی لەسەر تەندروستی دەروونی کەسانی بەساڵاچوو دروست دەکات. پەرەسەندنی ڕێژەی خۆکوشتنی بەساڵاچووان لە ئێران، سەرەڕای نهێنیکارییەکانی ڕژیم، هۆشداریدەر و جێگەی نیگەرانییە. سیاسەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لەسەر بنەمای پاراستنی نەزمی چینایەتی و جێندەری دامەزراون، گوشاری زیاتری خستۆتە سەر ژنانی بەساڵاچوو. ڕژیمی ئیسلامی  نەتەنیا لە پەرەپێدانی بیمەی پایە و تەکمیلی و دابین کردنی شوێنی نیشتەجێ بوونی گونجاو بۆ بەساڵاچووان کۆتایی کروودە، بەڵکوو لە دابین کردنی پێداویستییەکانی خانەنشینان، کە لە بارودۆخی گرانیدا نیازێکی حەیاتییە، ڕێگریی کردووە. ئەم سیاسەتانە بەکردەوە بەمانای ڕەها کردنی بەساڵاچووان لە بازاڕی ئازاد و تەسلیم کردنی ئەوان بە مەنتقی سوود و زیانی سەرمایەدارییە. ئەو مەنتقەی کە ئەرزش و بەهای ئینسان تەنیا بەپێی توانای بەرهەمهێنانی ئەرزشی ئیزافە هەڵدەسەنگێنێت.

سەرمایەداری لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا شارەزایی بواری دیجیتاڵی کردووەتە مەرجێکی بەشداریی کۆمەڵایەتی. بەڵام شارەزا نەبوونی بەسەڵاچووان لەم بوارەدا، بەتایبەت ژنان، بەکردەوە ئەوانی لە خزمەتگوزاری، زانیاری و پەیوەندیی پێویست بێبەری دەکات. ئەم مەحروومییەتە لە وڵاتێکی وەک ئێران کە خزمەتگوزاریی گشتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دیجیتالی دەبێتەوە، بەمانای وەلانانی بەساڵاچووانە لە دەستڕاگەیشتی بەرابەر بە خزمەتگوزارییەکان.

بەساڵاچوویی و تەمەنی خانەنشینی لە ئێرانی ئەمڕۆ، بۆ زۆربەی کرێکاران و زەحمەتکێشان، ئەزموونێکی پڕ لە هەژاری، نەخۆشی، پەراوێزخران و هەڵاواردن بۆ ژنانی بەساڵاچوویە.  بەتایبەت ژنانی بەتەمەن و بەساڵاچوو، فشاری چەند هێندەی ستەمی جنسیەتی و جیاکاریی یاساییشیان بەسەردا دەسەپێت. بێگومان، ئەم بارودۆخە ئاکامی ڕاستەوخۆی لۆژیکی سەرمایەداری و پێکهاتەی چینایەتی و ڕەگەزیی زاڵە. لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا، تەنیا ڕێگا، ڕێکخستنی چینایەتی و خەباتی یەکگرتووانەی کرێکاران، خانەنشینان، ژنان و لاوان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکە کە تێیدا قۆناغی بەساڵاچوویی بەمانای قۆناغی ڕزگاری لە ڕەنج و هەژاری و بەهرەمەند بوون لە کەرامەتی ئینسانی بێت.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv