فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ژنانی ئازادیخوازی ئێران شکستیان بە یاسای حیجاب و عیفاف هێنا
چوارشەممە ۰۵-۱۰-۱۴۰۳   |  25-12-2024

یاسای کۆنەپەرستانە و دژەژنی “حیجاب و عیفاف” کە زیاتر لە دوو ساڵ لە نێوان دەوڵەت، مەجلیس، دەزگای قەزایی و شۆرای نیگەهباندا لە هاتوچۆدا بوو سەرەڕای پەسەندکرانی لە مەجلیس و شۆرای نیگەهبان، بەهۆی خۆڕاگری و خەباتی گیانفیدایانەی ژنانی ئازادیخواز و خستنە ژێر پێی ناوەرۆکی ئەم یاسایە لە ژیانی ڕۆژمەڕەیان، وە بەهۆی شەپۆلی دژایەتیی لێبڕاوانەی ڕێکخراو و ناوەندەکانی کرێکاران، خوێندکاران، نووسەران و زۆرێک لە ناوەند و ڕەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ڕاگیرا. وردەکاریی ئەم یاسایە لەژێرناوی “یاسای پشتیوانی لە بنەماڵە لەڕێگەی پەرەپێدانی فەرهەنگی حیجاب و عیفاف” ڕۆژی ١٠ی سەرماوەز دوای تەئیدی شۆرای نیگەهبان بڵاوکرایەوە. پاسدار قالیباف سەرۆکی مەجلیسی ئیسلامی کە پێشتر وتبووی واژۆ نەکردنی سەرۆک کۆماریش لەسەر جێبەجێ کردنی ئەم یاسایە کاریگەری نابێت، قەرار بوو ڕۆژی ٢٣ی مانگی سەرماوەز بۆ دەوڵەتی پزیشکیانی بنێرێ بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت. بەڵام ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی سەرماوەز شەهرام دەبیری جێگری پزیشکیان بۆ کاروباری مەجلیس ڕایگەیاند: “پێشنیار کراوە ئەم یاسایە لە کۆبوونەوەی سەرانی سێ دەزگا یان شۆرای باڵای ئەمنیەتی میللیدا تاوتوێ بکرێت و ڕابگیرێت. ئاماژەی بەوەشکرد کە بارودۆخی ئێستای وڵات بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە گونجاو نییە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژی دواتر دوو نوێنەری مەجلیس ئاشکرایان کرد کە “لەسەر بڕیاری شۆرای باڵای ئەمنیەت، جێبەجێ کردنی یاسای حیجاب و عیفاف وەدوا خراوە”. وەدواخران یان لەڕاستیدا وەلانانی ئەم یاسا کۆنەپەرستانەیە بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی زۆرێک لە ئاخوند و گرووپ و ڕەوتە ئوسوولگەراکان. لەم پەیوەندییەدا ڕۆژنامەی کەیهانی سەربە خامنەیی ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەز لە یادداشتێکدا بەتوندی لەئاست ئەم بڕیارە ناڕەزایەتیی دەربڕی.

سەرەڕای فتوای دژەژنی خامنەیی کە وتبووی: “لە مەسەلەی جلوبەرگدا، حیجاب، شەرعی و یاساییە و لابردنی حیجاب هەم حەرامی شەرعی و هەم حەرامی سیاسییە”، وە سەرەڕای فەرمانی ئێژەیی جەلاد کە وتبووی “یاسا دەبێ جێبەجێ بکرێت، یاسا بۆ جێبەجێ کردن پەسندکراوە و هیچ دەزگایەک بۆی نییە سەرپێچی بکات”، بەڵام هەتا ئێستا نە مەجلیس وێراویەتی ئەم یاسا پەسندکراوە بەمەبەستی جێبەجێ کردن بۆ دەوڵەت بنێرێت و نە دەوڵەتی پزیشکیانیش لە ترسی ناڕەزایەتیی گشتی حازر بووە بەڕێوەی بەرێت. لەم ڕووەوە، کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئیرادە و خەباتی لێبڕاوانەی بزووتنەوەی ژنان  بۆ ئازادی شکستی خواردووە و ژنان بە خەباتی بێ پسانەوەی خۆیان و بە بەهایەکی زۆر کە لەپێناو ئازادی و ڕزگاری لە حیجابی ئیجباری داویانە، سەرکەوتوون.

دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی سەرمایە، لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بە فریوکاری و بەکارهێنانی توندوتیژی، زیندان، ئەشکەنجە، دەستدرێژی و کوشتار هەوڵی داوە حیجاب ئەم هێمایەی دواکەوتوویی و سووکایەتی کردن بە ژنان، بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێ. بەڵام ژنانی تێکۆشەر هەموو ئەم بەها قورسانەیان داوە و حازر نەبوون لە بەرامبەر سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزیی حکوومەتی ئیسلامیدا تەسلیم و بێدەنگ بن. ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی لەم ماوەیەدا جەنایاتی بێشوماری ئەنجام داوە بەڵام لە بەرامبەردا ژنانی ئازادیخواز و بەرابەری‌تەڵەب مێژوویەکی سەربەرزانە و پڕ لە شانازییان خوڵقاندووە.

ویدا موەحد و هەموو ئەو ژنە خەباتکارانەی دیکە کە لە حەرەکەتی هێماییندا حیجابی ئیجبارییان بردە ژێر پرسیارەوە و بزووتنەوەی ناسراو بە “کچانی شەقامی ئینقلاب”یان خستە ڕێ و بەخاتری کەوتنە زیندان، ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازاری جنسی دران، بەڵام تەسلیم نەبوون؛ قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و نیکا شاکەرەمییەکان کە بوونە ڕەمزی پێشەنگایەتیی ژنانی ئازادیخواز لە بزووتنەوەی سەرتاسەریی “ژن، ژیان، ئازادی” و پایەکانی ئیدئولۆژیی کۆماری ئیسلامییان خستە لەرزە؛ حەرەکەتی ئیعتڕازیی ئاهوو دەریایی ناسراو بە “کچی زانکۆی علووم” کە لە ناڕەزایەتی دژبە توندوتیژیی هێزە سەرکوتگەرەکان قەلبی حکوومەتی کردە نیشانە و داهێنانی پەرەستوو ئەحمەدی کە لە جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٢دا بۆ ڕێزگرتن لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” بەرهەمێکی بەناوی “هەوای ئازاد” بڵاوکردەوە و لە ڕۆژی ٢١ی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵیشدا بە بڵاوکردنەوەی چەند ئاواز لە کاروانسەرایەک بە جلوبەرگی ئازادانەوە سەرانی کۆماری ئیسلامیی سەرسام و تووڕە کرد، هەر کامەیان بزمارێکیان لە تابووتی پرتووکاوی حکوومەتی ئیسلامی و یاسا دژەژنەکانی دا.

پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی لە جێبەجێ کردنی ئەم یاسا کۆنەپەرستانەیە لە کاتێکدایە کە ڕژیم دوای شکستی سەرشۆڕانەی “ستراتێژی شەڕی پێشگرانە” و لێکهەڵوەشانی هێزەکانی “میحوەری موقاومەتەکەی”، پێگەی لەئاستی ناوچەکەدا یەکجار لاواز بووە. ئەم پێگەیەی ڕژیم بووەتە هۆی ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی لە ئاستی جیهانیشدا بەخاتری پڕۆژەی ئەتۆمی لەلایەن شۆرای حۆکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییەوە مەحکووم بکرێت و ترسی ئەوەی هەیە کە پەروەندەکەی بۆ شۆرای ئەمنیەت بنێردرێ و بە چالاک کردنی مێکانیسمی ماشە، هەموو سزا هەڵوەشاوەکانی بەسەردا بسەپێتەوە. بەڵام مەترسیی ڕاستەقینە و جیددیتر بۆ کۆماری ئیسلامی درێژە و گەشەکردنی ڕۆژانەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگایە. حاکمانی کۆماری ئیسلامی دەزانن لە بارودۆخێکدا کە بەهۆی قەیرانی بەرینی ئابووری دۆلار چووەتە سەرووی ٧٥ هەزار تمەن، ئاستی پیسبوونی هەوا گیانی ئینسانەکانی خستووەتە مەترسییەوە، ڕژیم تەنانەت ناتوانێ بەرق، سووخت و ئاویش بۆ خەڵک دابین بکات، لە بارودۆخێکدا کە تەوەرۆم و گرانی سفرەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی بەتاڵ کردووە، ناتوانن یاسا دژەئینسانییەکانیان بەڕێوەبەرن. سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی یەکجار لەوە دەترسێن کە مەبادا بەڕێوەبردنی یاسای حیجاب و عیفاف وەک چەخماخەیەک باڕووتی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی قووڵی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بتەقێنێتەوە.

ئێستا لە کاتکێدا کە تەنانەت بەرپرسانی ڕژیم دان بەوەدا دەنێن کە ژمارەی ئەو ژنانەی لە شارەکانی ئێران جلوبەرگی ئازادانە لەبەر دەکەن زۆر لە ژنانی بەحیجاب زیاترە، کاتی هەڵوەشاندنەوەی یاسای حیجابی ئیجباری لەسەر شەقامەکانە. پێویستە چالاکانی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن بەتایبەت ژنانی لاو و تێکۆشەر هاوڕێ لەگەڵ چالاکانی سۆسیالیست و پێشڕەوەی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بە درێژە و پەرەپێدانی خەباتی خۆیان، بە خستنە ژێر پێی یاسا دژەژنەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا ئەم دەسەڵاتە زیاتر بەرەو هەڵدێر پاڵ پێوەنێن. پێویستە پاشەکشەی ڕژیمی ئیسلامی لە یاسای حیجاب و عیفاف بکرێتە سەنگەرێک بۆ هێرش کردنە سەر گشت نیزامی ئیسلامی. پێویستە هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباری لە ئاڵای خەباتی مافخوازانەی بزووتنەوەی کرێکاری و هەموو بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بدرێت.