فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ژنانی ئازادیخواز “گەڵاڵەی نوور”ی ڕژیمی ئیسلامیش تێکدەشکێنن
پێنجشەممە ۳۰-۰۱-۱۴۰۳   |  18-04-2024

ڕۆژی شەممە ٢٥ی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٣ فەرماندەی هێزی ئینتزامیی حکوومەتی ئیسلامی ڕایگەیاند کە لەمڕۆوە “گەڵاڵەی نوور” بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ “ناهەنجارییەکان” و پاراستنی عیفاف و حیجاب، لە سەرتاسەری وڵات بەڕێوە دەچێت و کەسانی بەهاشێکن و سەرپێچکار بەپێی یاسا بەتوندی سزا دەدرێن”. بەیانیی هەمان ڕۆژ ژمارەیەکی زۆر لە هێزە سەرکوتگەرەکانی پۆلیس بە ماشێنەکانی “ڤەن” ڕژانە سەر شەقامەکانی تاران و شارەکانی دیکەی ئێران و دەستیان کرد بە موزاحمەت و لێدان و دەستگیرکردنی ژنانێک کە جلوبەرگی ئیختیارییان لەبەردابوو. فەرماندەی ئەم هێزە سەرکوتگەرەی ڕژیمی دژەژن لە کاتێکدا باس لە یاسا دەکات کە زیاتر لە یەک ساڵە هەموو دامودەزگاکانی قەزایی و مەجلیس و شۆرای نیگەهبانی حکوومەتی ئیسلامی، لە حاڵی ئامادەکردنی “یاسای حیجاب و عیفاف”دان، بەڵام هەتا ئێستا هیچ کامیان نەیانوێراوە بەرپرسایەتیی بڵاوکردنەوەی بگرنە ئەستۆ و ئەم “یاسا”یە لە نێوان دەوڵەت و مەجلیس و شۆرای نیگەهباندا دەست بە دەستی پێدەکرێ. چونکە ڕژیم خۆی باش دەزانێ کە ئەو ژنە خەباتکارانەی کە لە بزووتنەوەی ژینادا بە فڕێدان و سووتاندنی حیجابی ئیجباری، هێرشیان کردە سەر پایەکانی ئایدیۆلۆژیی ڕژیم، لە بەرامبەر هیچ یاسایەکی ئیسلامی بۆ داسەپاندنی “حیجابی زۆرەکی” تەسلیم نابن و خوازیاری ژیانێکی سەربەست و ئازادن. هەر لە هەمان ڕۆژی بەڕێوەبردنی “گەڵاڵەی نوور”ی کۆماری ئیسلامیدا، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و کچان لە شەقامەکان بە بێ حیجابی ئیجباری و ئازادانە هاتوچۆیان دەکرد.

“تەرحی نوور” لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی ڕژیم بەدوای قسەکانی عەلی خامنەیی لە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خاکەلێوە بەڕێوەچوو کە لە دیدار لەگەڵ سەرانی سێ دەزگاکەی ڕژیم و کۆمەڵێک لە بەرپرسان و فەرماندەکانی سپای پاسداران، لەسەر بەڕێوەبردنی جەختی کردەوە. خامنەیی لەم کۆبوونەوەیەدا وێڕای ئاماژە بە داسەپاندنی حیجابی ئیجباری بەسەر ژنان وتی: “لە بواری شەرعییەوە حیجاب حوکمێکی ڕەوایە و بۆ خانمان بێجگەلە داپۆشینی ڕوخسار و دەست واجبە و دەبێ ڕەچاو بکرێت و نابێ پشتگوێ بخرێت”. بەدوای خامنەیی، موحسین ئێژەیی سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕژیم ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی مانگی خاکەلێوە لەم پەیوەندەدا وتی: “بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی لەبواری حیجاب و عیفافەوە وەزعێکی باشی نیە و دۆخی ئەمنیەتی دەروونیی کۆمەڵگاش باش نییە، نابێ چاوەڕوانی پەسندکرانی نیهایی گەڵاڵەی حیجاب و عیفاف بین و پێویستە بە بەکارهێنانی یاساکانی ئێستا بۆ باشترکردنی وەزعی عیفاف و حیجاب هەوڵ بدەین”. وتیشی: “مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو گشت یاساکانی پەیوەندیدار بە باشترکردنی وەزعی حیجاب و عیفافمان لە ٩ مادەدا وەک بنەمای گەڵاڵەکە ڕەوانەی دەوڵەت و مەجلیس کرد. دەوڵەت ئەم یاسایەی کرد بە ١٥ مادە و مەجلیسیش کردی بە ٧١ مادە. بەڵام هێستاش بە سەرەنجام نەگەیشتووە”. ئێژەیی جەلاد داوای لە دادستانەکان و فراجا و وەزارەتی ناوخۆ کرد کە چاوەڕوان نەبن و دژبە ژنان بێنە مەیدان.

ڕێبەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەو ژن و پیاوانەی کە دژی حیجابی ئیجبارین، بەهاشکێن و کەسانێک ناولێدەنێن کە لە زەویی دوژمندا یاری دەکەن. هەربۆوە لایان وایە کە دەتوانن بە داسەپاندنی توندوتیژی و هێنانە مەیدانی هێزی سەرکوتگەر، کۆمەڵگا بەرەو دواوە بگەڕێننەوە و دەستکەوتەکانی خەباتی ژنان زەوت بکەن. لەڕاستیدا ئەوە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامین کە بە یاسای کۆنەپەرستانەی ئایینی و بە تێبەردانی هێزی سەرکوتگەر لە گیانی ژنانی ئازادیخواز، نائەمنی لە کۆمەڵگادا پێکدێنن. ژنانی ئازادە بە خەباتی خۆیان لە بزووتنەوەی ژینا، بۆ دەستەبەرکردنی ئەم ئاستە لە ئازادیی سەرەتایی ئینسانی، لە گیان و ماڵ و کار و ژیانی خۆیان مایەیان دانا. ئەوان هەموو یاسا دژەژنەکانی ڕژیمی ئیسلامی لەوانە جەریمەی نەغدی، هەڵگرتنی بێ ئیجازەی سێ ملیۆن تمەن لە حیسابی بانکیی ژنان، پێکهێنانی پەروەندەی قەزایی بۆیان، پلۆمبی شوێنی کەسب و کار و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلیان، بەرەوڕووی شکست کردووەتەوە.

حکوومەتی ئیسلامی لە کاتێکدا بۆ ڕێگری لە دەرکەوتنی قژی سەری ژنان یاسا و بەرنامە دادەڕێژێ کە بەرەوڕووی قەیرانی قووڵی ئابوورییە. لە بەرامبەر ژناندا زەلیل و بێتوانایە و هیچ تەرحێکی بۆیان نییە. دەوڵەتی ئیبراهیمی ڕەئیسی لە بارودۆخێکدا “تەرحی نوور” بەڕێوەدەبات کە ئەمساڵیش لەگەڵ کەسری بوودجەی ٣٠٠ هەزار ملیارد تمەنی بەرەوڕووە. گرانی، بێکاری، هەژاری و برسیەتیی بنەماڵە کرێکارییەکان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگای وەگیان هێناوە، بەڵام حاکمانی ئیسلامیی سەرمایە بۆ چارەسەرکردنی هیچ یاسا و بەرنامەیەکیان نییە. لە کاتێکدا کە هەموو ڕۆژێ دۆسیەی گەندەڵی و دزیی گەورەی ڕێبەرانی حکوومەت و فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران ئاشکرا دەبێت، حکوومەتی ئیسلامی بە پێویستی نازانێ یاسایەک دابڕێژێت و هێزی سەرکوتگەر، فراجا و پۆلیسی شەریعەت و ئاتەش بە ئیختیارەکانی بێنێتە سەر شەقامەکان. بەڵام بۆ داسەپاندنی حیجابی ئیجیاری و بۆ سەرکوتکردنی ژنان دەبێ بیانهێنێتە سەر شەقام.

هەڵبەت بوارێکی دیکەی مەسەلەکە ئەوەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حیجابی ئیجباریش وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی مەشغەڵە لە کۆمەڵگا و بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لەئاست قەیران و کێشەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت. بۆ نموونە لە بارودۆخی ئێستادا کە سەرقاڵی شەڕی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیلە و هەموو ڕۆژێ فەرماندە باڵاکانی لێ دەکوژرێ و خەسارەت لە بنکە و پایەگا نیزامییەکانی دەدرێ، لە داسەپاندنی توندوتیژیی وەحشیانە دژبە ژنان بە بیانووی حیجاب، بۆ پێکهێنانی فەزای ترس و وەحشەت کەڵک وەردەگرێت تا بەڵکوو بتوانێ لە پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری لەدژی خۆی ڕێگری بکات.

بەڵام خەباتی یەکگرتووانەی ژنانی تێکۆشەر و پیاوانی یەکسانیخواز بەرامبەر بە یاسای کۆنەپەرستانەی دژی ژنی کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و سەرکوتی ڕژیم، لەماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی ئیسلامی و بەتایبەت لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا گەلێک دەستکەوتی مسۆگەر کردووە. ئەم خەباتە لە بارودۆخی لاوازی و زەبوونیی ئێستای حکوومەتی ئیسلامیدا دەبێ پێشڕەویی خۆی خێراتر بکاتەوە، بۆ ئەوەی سەرجەم یاساکانی هەڵاواردنی ڕەگەزی بە زەبری هێزی خەباتکارانەی هەڵوەشێنێتەوە. پێشڕەوانی چەپ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەتوانن لە بەسەرکەوتن گەیاندنی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژندا ڕۆڵێکی کاریگەر بنوێنن و بە ئامادەکردنی پێداویستییەکانی تێپەڕین لە بارودۆخی ئێستا، ئەم دەسەڵاتە دژەژن و کۆنەپەرستە بخەنە ناو زبڵدانی مێژووەوە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co

https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpiran1

https://t.me/KomalaCpiranTv