فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ژنانی ئەفغانستان لە دژی سەرکوت و لەپێناو خوێندن و کار و ئازادیدا
شەممە ۲۳-۰۳-۱۴۰۵   |  13-06-2026

سەرکوتی خوێناویی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ژنان لە ڕۆژی سێشەممە ١٩ی جۆزەردان لە شارۆچکەی جەبرەئیلی ویلایەتی هەراتی ئەفغانستان، جارێکی دیکە ماهییەتی ڕاستەقینەی حکوومەتی تاڵیبانی لە بەرامبەر خەباتی ژنان بۆ مافی ژیان، مافی خوێندن و کارکردن و وەدەستهێنانی ئازادی ئاشکرا کرد. لە پەلاماری هێزەکانی تاڵیبان بۆ سەر ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە و بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆوە، لانی کەم ژنێک و منداڵێک گیانیان لەدەست دا. ئەم کۆبوونەوەیە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە نایەکسانی و پێشێلکردنی بەردەوامی مافی ژنان، بەڕێوە چوو. ئەوەی ڕووی دا دەرکەوتەیەکی ئاشکرای ئەو پەیوەندییە بوو کە لە نێوان دەسەڵاتێکی کۆنەپەرست و جەماوەری چەوساوە، بەتایبەتی ژناندا، بوونی هەیە. هەر لەبەر ئەمەش، دەبێت ئەم سەرکوتە لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئابووری، چینایەتی و ئایدۆلۆژییە زاڵەکانی ئەفغانستانی ئەمڕۆدا هەڵسەنگێنرێت. تاڵیبان پێکهاتەیەکی حکوومەتیی داڕشتووە کە تێیدا پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان و ئایدۆلۆژیای ئیسلامی و کولتووری داڕزاوی پیاوسالاری تێکهەڵکێشراون. لە وەها پێکهاتەیەکدا، کۆنترۆڵکردنی جەستە و ژیانی ژنان بەشێکە لە میکانیزمی پاراستن و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سیستەمی باڵادەست. بێبەشکردنی ژنان لە خوێندن، کار و بەشداریکردنی کۆمەڵایەتی، هەم لە پێگەیەکی پاشکۆیەتیی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دەیانهێڵێتەوە و هەم لە هەمان کاتدا بنەماکانی هەژموونی باوکسالاری و پیاوسالاری قایمتر دەکات.

ستەمی سەر ژنان لە ئەفغانستان ناکرێت بەدەر لە هەلومەرجی ماددیی کۆمەڵگا لێی تێبگەین. دەیان ساڵ شەڕ، داگیرکاری و دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستییەکان، ژێرخانە ئابوورییەکانی وڵاتی داڕزاندووە و بەشێکی گەورەی دانیشتووانی بەرەو هەژاری، برسییەتی و ناسەقامگیری پاڵ پێوە ناوە. لە وەها هەلومەرجێکدا، بوونی هێزێکی کاری هەرزان، بێڕێکخراو و کۆنترۆڵکراو، بۆ مانەوەی سیستەمی هەنووکەیی یەکجار گرنگە. سڕینەوەی ژنان لە گۆڕەپانی گشتی و بێبەشکردنیان لە سەرەتاییترین مافە کۆمەڵایەتییەکان، نەک هەر بەشداریکردنی سیاسییان بەرتەسک دەکاتەوە، بەڵکوو دەیانکات بە بەشێکی بێدەنگ لە پرۆسەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، ناڕەزایەتییەکانی هەرات نیشانی دا کە ئەم سیاسەتانە ڕووبەڕووی بەرخۆدانێکی ڕوو لە هەڵکشان بوونەتەوە. هاتنەمەیدانی ژنان بۆ سەر شەقام و هێنانەگۆڕێی داواکاریگەلێکی وەک «خوێندن، کار، ئازادی»، هاوڕێ لەگەڵ پشتیوانیی بەشێک لە پیاوانی یەکسانیخواز، نیشانەی گەڵاڵەبوونی هۆشیارییەکە کە لە سنوورە ڕەگەزییەکان تێدەپەڕێت و پوتانسیەلی ئەوەی هەیە ببێتە هاوپشتییەکی کۆمەڵایەتیی بەربڵاوتر. ئەم داواکارییانە، هەرچەندە لە ڕواڵەتدا مینیمۆم و لانی کەم دەردەکەون، بەڵام لە ڕاستیدا سێ وەرچەرخانی گرنگن لە کۆمەڵگادا کە پێشڕەویی ژنان لە خەبات بۆ ڕزگاریدا مسۆگەر دەکەن. دەستڕاگەیشتن بە زانست و کار، سەربەخۆیی ئابووری و ئازادی، ئەو تایبەتمەندییانەن کە هەر کامیان بەتەنیا شەرعییەتی سیستەمە کۆنەپەرستە زاڵەکە دەخەنە ژێر پرسیارەوە.

پەلاماری دڕندانەی تاڵیبان، لەوانەش تەقەی ڕاستەوخۆ لە خۆپیشاندەران، نیشانی دەدات کە ئەم حکوومەتە داواکارییەکانی لەو جۆرە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بناغەکانی دەسەڵاتی خۆی دەبینێت. دروستبوونی هەر سوژەیەکی سیاسیی سەربەخۆ، بەتایبەتی کاتێک ژنان لە چەقی ئەودا بن، دەتوانێت زەمینەی پێکەوەگرێدانی ناڕەزایەتییە پەرتەوازەکان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی خۆش بکات. هەر لەبەر ئەمەش، سەرکوتی پێشوەختە بووەتە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی کۆنترۆڵکردنی ئەم ڕەوتە. ئامادەبوونی ئەو پیاوانەشی کە لە تەنیشت ژنانەوە وەستان، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لە کۆمەڵگایەکدا کە پەیوەندیگەلی پیاوسالارانە ڕەگ و ڕیشەی قووڵیان هەیە، تێپەڕین لەم سنوورانە دەتوانێت زەمینەی پێکهاتنی هاوپشتی لە نێوان چینە بندەستەکاندا بڕەخسێنێت. ڕێک لەم خاڵەدایە کە خەباتی ژنان بە خەبات لە دژی چەوساندنەوە و نایەکسانیی کۆمەڵایەتییەوە گرێ دەخوات و ئاسۆیەک فراوانتر لە داخوازیی ڕەگەزی نیشان دەدات. سەرەڕای ئەمانەش، نابێت چاوپۆشی لە ئاستەنگەکانی ئێستا بکرێت. گوشاری بەردەوامی سەرکوت، نەبوونی خۆڕێکخستنێکی پایدار، و نەبوونی ڕێبەرایەتییەکی سیاسی کە ستراتیژێکی شۆڕشگێڕانەی هەبێت، بەربەستی جدیین لە بەردەم پەرەسەندنی ئەم ناڕەزایەتییانەدا. ئەزموونە مێژووییەکان چەندین جار سەلماندوویانە کە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە لە پشتیوانییەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی بەهرەمەندن، بەبێ ڕێکخراوبوون و پێکەوەگرێدران لەگەڵ بەشەکانی دیکەی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان، لە بەرامبەر ماشێنی سەرکوتی دەوڵەتە کۆنەپەرستەکاندا بێ‌دەرەتان و لاواز دەبن.

لە وەها هەلومەرجێکدا، دەوری هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، چ لە ناوخۆی ئەفغانستان و چ لە ئاستی نێونەتەوەییدا، گرنگییەکی تایبەت پەیدا دەکات. هاوپشتی و بەرگریکردن لە خەباتی ژنان زەروورەتە، بەڵام بەتەنیا بەس نییە. ئەوەی لە هەر شتێک زیاتر گرنگە، هەوڵدانە بۆ دروستکردنی پەیوەندی و گرێدان لە نێوان خەباتە پەرتەوازەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی چینایەتی و یارمەتیدان بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکاری و جەماوەرییەکانە؛ ئەو دامەزراوانەی کە بتوانن ئەم بەرخۆدانانە بکەن بە هێزێکی ڕێکخراو و سەقامگیر. هاوکات، دەبێت سەرنج بدرێتە دەوری زلهێزە ئیمپریالیستییەکان لە پێکهاتنی بارودۆخی ئێستای ئەفغانستاندا. گەڕانەوەی تاڵیبان تەنیا بەرهەمی ئاڵوگۆڕە ناوخۆییەکان نەبوو، بەڵکوو لەسەر بەستێنی دەیان ساڵ دەستێوەردانی دەرەکی و کێبڕکێی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکاندا سەری هەڵدا. ئەگەرچی چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا بووە هۆی داڕمانی دەوڵەتی پێشوو، بەڵام ئەفغانستان هێشتاش هەر لە بازنەی بەرژەوەندییە ژئۆپۆلەتیکییەکانی زلهێزە جیاوازەکاندایە.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە، هەر بزووتنەوەیەک بۆ ڕزگاریی ژنان و بەرگریکردن لە خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی ستەمدیتەی ئەفغانستان، دەبێت لە هەمان کاتدا هەڵوێستێکی شێلگیرانە و یەکلاکەرەوەی لە بەرامبەر دەستێوەردانەکانی زلهێزە ئیمپریالیستییەکان و هێزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەدا هەبێت. ڕووداوەکەی هەرات وێنەیەکی چڕکراوەیە لە ناکۆکییە قووڵەکانی کۆمەڵگای ئەفغانستان. لە لایەکەوە حکوومەتێک کە هەوڵ دەدات بە پشت‌بەستن بە ئایدۆلۆژیای ئایینی و ئامرازەکانی سەرکوت، هەژموونی خۆی بپارێزێت، و لە لایەکی تریشەوە جەماوەرێک کە سەرەڕای پەرتەوازەیی و گوشاری سەرکوت، بە دوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ دەربڕینی داواکارییەکانیان و بەرگریکردن لە مافەکانیان. دەبێت خەباتی ژنانی ئەفغانستان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی جیهانی لە دژی چەوساندنەوە، باڵادەستی و شێوازە جۆراوجۆرەکانی ستەم سەیر بکرێت. ئەم خەباتە تەنیا لەسەر مافەکانی ژنان نییە، بەڵکوو بۆ کۆتاییهێنانە بە هەموو ئەو ستەم، هەڵاواردن و نایەکسانییانەی کە بەسەر خەڵکی ستەمدیتەی ئەفغانستاندا سەپێندراون. هەر گولـلەیەک کە ئاراستەی ژنانی ناڕازی دەکرێت، هەوڵێکە بۆ کپکردنی دەنگێک کە دەتوانێت ببێتە هێزێکی کۆمەڵایەتی و گشتگیر. بەڵام ئەزموونی مێژوو نیشانی داوە کە دەنگی لەم شێوەیە کپ ناکرێن. لەوانەیە سەرکوت بکرێن، پاشەکشەیان پێ بکرێت یان بۆ ماوەیەک لە گۆڕەپانی گشتی وەلا بنرێن، بەڵام تا ئەو کاتەی ڕەگ و ڕیشەکانی ستەم و نایەکسانی مابن، جارێکی تر و لە شێوازێکی نوێ و بە هێزێکی زیاترەوە سەرهەڵدەدەنەوە. ئەفغانستانی ئێستا یەکێک لەو ساتەوەختە مێژووییانەیە؛ ساتەوەختێک کە تێیدا ململانێی نێوان هەژموونی تاڵیبان و خەبات بۆ ڕزگاری، لە ئارادایە.