
ئەو هەلومەرجەی کە شەڕی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی بەسەر چینی کرێکار و زۆرینەی خەڵکی ئێران و ناوچەکەیدا سەپاندووە، تەنیا ساتێک نییە بۆ گێڕانەوەی مەینەتییەکانی چینی کرێکار، بەڵکوو خاڵێکە بۆ تیشکخستنە سەر ئەو میکانیزمە مادییانەی کە ئەم مەینەتییانە بەرهەم دەهێنن و دووبارە بەرهەمی دەهێننەوە. لە هەلومەرجی هەنووکەییی ئێراندا، ئەوەی زیاتر لە جاران زەق دەبێتەوە، گرێدراوییەکی ئۆرگانیکە لە نێوان شەڕی کۆنەپەرستانە، سەرکوتی سیاسی و چڕبوونەوەی چەوساندنەوەدا؛ گرێدراوییەک کە قورساییە سەرەکییەکەی کەوتووەتە سەر شانی کرێکاران و، لەنێویشیاندا بەتایبەتی ژنانی کرێکار. هەژاری و ناسەقامگیریی ژیانی کرێکاران، بنەما پێویستەکانن بۆ بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان. ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە ئێران ڕووی داوە، چڕبوونەوەی هەمان لۆژیکی گواستنەوەی سیستماتیکی تێچووەکانی قەیران بووە بۆ خوارەوەترین توێژەکانی کۆمەڵگا. لەم نێوەندەدا، ژنانی کرێکار نەک تەنیا وەک هێزی کاری هەرزانتر، بەڵکوو وەک سووژەیەک کە باری “بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی”یشیان لەکۆڵ ناوە، لە پێگەیەکی دوولایەنەی چەوساندنەوەدان.
ئابووریی شەڕ، بە واتای خستنەگەڕی سەرچاوە کۆمەڵایەتییەکانە بۆ مانەوە و درێژەکێشانی پێکهاتەی دەسەڵات. ئەم پرۆسەیە لەگەڵ کەمکردنەوەی تێچووی هێزی کار، سڕینەوەی پاڵپشتییە کۆمەڵایەتییەکان و پەرەسەندنی شێوازە ناڕەسمییەکانی کارکردن هاوتەریب دەبێتەوە. پچڕانی بەردەوام و درێژخایەنی ئینتەرنێت وەک بەشێک لە ژێرخانە ئابوورییەکان، لە ڕواڵەتدا وەک پرسێکی ئەمنیی نیشان دەدرێت، بەڵام لە واقیعدا بووەتە هۆی وێرانکردنی بەشێک لەو ئابووری و بژێوییەی کە پێیەوە گرێ دراوە. بەشێکی بەرچاو لە کارەکانی ئەم بوارە، پشتی بە کاری ژنان بەستووە؛ لە کاری نێوماڵەوە بگرە تا چالاکییەکان لەسەر پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکان. لەناوبردنی ئەم فەزایە، نەک تەنیا بە واتای پێشێلکردنی یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی خەڵکە بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، بەڵکوو بە واتای لەدەستدانی سەرچاوەی داهات و سڕینەوەی یەکێک لەو دەگمەن گۆڕەپانانەیە کە سەربەخۆیییەکی ڕێژەییی ئابووری بە ژنان دەبەخشێت. ئەم ڕەوتە نیشانی دەدات کە چۆن ئامرازەکانی کۆنترۆڵی دەوڵەت، ڕاستەوخۆ دەکەونە خزمەت بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانییە چینایەتی و ڕەگەزییەکانەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئامارە فەرمییەکان تەنیا بەشێکی بچووک لە حەقیقەتەکە نیشان دەدەن. بەشێکی هەرە زۆری ژنانی کرێکار، لە بنەڕەتدا لە سیستەمی ئاماریدا بە ڕەسمی ناناسرێن، چونکە لە چوارچێوەی گرێبەستی ناڕەسمی، کاری نێوماڵ، یان کاری کاتی و وەرزیدا کار دەکەن. ئەم فەرامۆشکردنە پێکهاتەیییە، بۆ خۆی یەکێکە لە ئامرازەکانی چڕکردنەوەی چەوساندنەوە. ئەو کارەی لە ڕوانگەی دەوڵەت و چینی دەسەڵاتدارەوە بە ڕەسمی نەناسراوە، بە واتای کاری بێماف و بێحەقدەستە. لەم جۆرە هەلومەرجەدا، دەرکردن (لە کار) ئیتر ڕووداوێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو دۆخێکی هەمیشەیییە. ئەو کرێکارانەی کە هەرگیز گرێبەستی فەرمییان نەبووە، لە بنەڕەتدا «دەرناکرێن»؛ بەڵکوو تەنیا لە سووڕی کار دەسڕرێنەوە، بێ ئەوەی هیچ شوێنەوارێکیان لە ئامارەکاندا بمێنێتەوە. ئەم دۆخە، ژنان دەخاتە بەردەم جۆرێک لە نائەمنیی هەمیشەیی کە دەرفەتی هەرچەشنە بەرنامەداڕشتنێک بۆ ژیان لەناودەبات.
سەرمایەداری نەک هەر پشتی بە چەوساندنەوەی هێزی کار لە شوێنی بەرهەمهێناندا بەستووە، بەڵکوو گرێدراوی بەرهەمهێنانەوەی ڕۆژانەی ئەم هێزەشە؛ پرۆسەیەک کە زۆرجار لە پانتایی خێزان و لەسەر شانی ژنان ئەنجام دەدرێت. لە دۆخێکدا کە ژمارەی ئەو ژنانەی سەرپەرشتیاری خێزانن لە زیادبووندایە، ئەم دوو پانتاییە – واتە بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوە – زیاتر لە جاران ئاوێتەی یەکتر دەبن. ژنانی سەرپەرشتیاری خێزان، لە کردەوەدا هاوکات ڕۆڵی نانئاوەر، چاودێر و بەڕێوەبەری ژیانی خێزانی دەگێڕن. لە هەلومەرجی شەڕ و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووریدا، ئەم قورسایییە چەند هێندە دەبێتەوە؛ بەرزبوونەوەی تێچووەکانی ژیان، تێکچوونی پرۆسەی پەروەردە، گوشارە دەروونییەکان و نادڵنیایی بەرامبەر بە داهاتوو. ئەم دۆخە، نموونەیەکی چڕکراوەی ئەو هەلومەرجەیە کە تێکڕای چینی کرێکار بەرەوڕوویەتی.
تێگەیشتن لە دۆخی ژنانی کرێکار بێ لەبەرچاوگرتنی تێکهەڵکێشرانی ستەمی چینایەتی و ڕەگەزی مەحاڵە. ژنان نەک تەنیا حەقدەستێکی کەمتر وەردەگرن، بەڵکوو زیاتر لەو کارانەدا چڕ بوونەتەوە کە ناسەقامگیرن، بێبیمەن و هیچ پاڵپشتییەکی یاساییان نییە. ئەم چڕبوونەوەیەش بەڕێکەوت نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی دابەشکردنی ڕەگەزیی کارە لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا. لەو کەرتانەی وەک کشتوکاڵی وەرزی، پیشەسازییە دەستییەکان، یان کارگە بچووکەکاندا، ژنان وەک هێزێکی کاری کاتی و کەمتێچوو بەکار دەهێنرێن. ئەم کارە کاتییە، لە واقیعدا ناوێکی دیکەیە بۆ بێمافی، نەبوونی گرێبەست، نەبوونی بیمە و نەبوونی هەرچەشنە زەمانەتێک بۆ داهاتوو. بەم جۆرە، ژنانی کرێکار دەکەونە پێگەیەکەوە کە چەوساندنەوەی ئابووری و ژێردەستەییی کۆمەڵایەتی، یەکتر تۆکمەتر و بەهێزتر دەکەن.
ئەم شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیەی ئێستا کە هێشتا ئاسۆی ڕوونی بۆ کۆتایییەکی یەکجاری نییە، لەم چوارچێوەیەدا، شێوازێکی چڕکراوەی توندوتیژییەکی پێکهاتەیییە کە پێشتریش بوونی هەبووە. توندکردنەوەی کۆنترۆڵەکان، سنووردارکردنی سەرچاوەکان و لەپێشینەدانانی خەرجییە سەربازییەکان، هەموویان دەبنە هۆی قووڵبوونەوەی نایەکسانییەکان. بۆ ژنانی کرێکار، شەڕ بە واتای چڕبوونەوە و سەختتربوونی سەرجەم ئەو شێوازانەی ستەمە کە پێشتر ئەزموونیان دەکرد. سەرباری ئەوەش، ئەم شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیە وەک ئامرازێکی ئایدۆلۆژیکیش کار دەکات؛ بە زەقکردنەوەی «هەڕەشەی دەرەکی»، داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان پەراوێز دەخرێن و هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دۆخی زاڵ، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی نیشان دەدرێت. ئەم دۆخە، فەزای ڕێکخستن و بەرخۆدان بەرتەسکتر دەکاتەوە و لە ئەنجامدا، دەستی سەرمایە و دەوڵەت بۆ پێشخستنی سیاسەتە دژەکرێکارییەکان ئاوەڵاتر دەکات.
سەرەڕای ئەم هەلومەرجە، مێژووی خەباتە کرێکارییەکان نیشانی دەدات کە چڕبوونەوەی چەوساندنەوە، هەمیشە لەگەڵ فۆرمی نوێی بەرخۆداندا هاوتەریب بووە. ژنانی کرێکار، بەتایبەتی لە ساڵانی دواییدا، ڕۆڵێکی دیاریان لەم بەرخۆدانەدا گێڕاوە؛ لە پێشەنگایەتی لە ناڕەزایەتییە سەرشەقامییەکانەوە بگرە تا بەشداریکردنی چالاکانە لە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان، خوێندکاران، خانەنشینان، پەرستاران، بزووتنەوەی دادخوازی و هتد، کە گۆڕەپانە جۆراوجۆرەکانی خەباتی ژنان نیشان دەدات. ژنان بە بەرخۆدان و خەباتی خۆیان نەک تەنیا سیمای شەقامەکانی شارەکانی ئێرانیان گۆڕیوە، بەڵکوو سیمای بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیشیان گۆڕیوە.
ئەم بەرخۆدانانە تەنیا کاتێک دەتوانن ببنە هۆی گۆڕانکاریی بنەڕەتی و پایدار، کە بە ڕێکخراوبوونێکی هۆشیارانە و سەرتاسەرییەوە گرێ بدرێن. ئەوەی زەروورەتە، گرێدانی خەباتی ئابووری و سیاسییە بە یەکترەوە، و لە هەمان کاتیشدا گرنگیدانە بە ڕەهەندە ڕەگەزییەکانی ئەم خەباتە. بە واتایەکی دیکە، ڕزگاریی ژنانی کرێکار لە کۆتوبەندی چەوسانەوە و جیاکاری و نایەکسانیی ڕەگەزی، جیاناکرێتەوە لە خەباتی چینایەتی. ئەم ڕزگارییە، بەشێکی دانەبڕاوە لە خەبات دژی تەواویی سیستەمی چەوساندنەوە. ژێردەستەیی و چەوسانەوەی ژنان و سەرجەم ئەو هەڵاواردن و جیاوازییانەی دژیان پیادە دەکرێت، وەک هەر دیاردەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتی، ڕیشەی لەنێو پێکهاتە و پەیوەندییە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە باڵادەستەکانی نێو کۆمەڵگادایە. تا ئەو کاتەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی نەڕووخێنرێت و پێکهاتەکانی ئابووریی سەرمایەداری لە بنجەوە هەڵنەوەشێندرێنەوە، هەروەها هێزە کۆمەڵایەتییە مەزنەکەی بەرهەمهێنەران نەکەوێتە سەر ڕێڕەوی ڕێکخستنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و ئابوورییەکی سۆسیالیستی و بەڕێوەبردنێکی شۆراییانەی کۆمەڵگا، چەوسانەوەی ژنان لە سیمای کۆمەڵگا ناسڕرێتەوە، و تا ژنانیش ئازاد نەبن، کۆمەڵگاش ئازاد نابێت. لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە چالاکانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی پێشڕەویی ئەم بزووتنەوەیە، جەماوەری ملیۆنیی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش بهێننە نێو گۆڕەپانی خەباتەوە. بەرژەوەندیی کورتخایەن و درێژخایەنی ژنان و پیاوانی کرێکار لەوەدایە کە لە ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییە سەربەخۆکان لە دەوڵەت و لەنێو حیزبی سیاسیی خۆیاندا ڕێک بخرێن و، شانبەشانی یەکتر بۆ کۆتاییهێنان بە شێوازە جۆراوجۆرەکانی ستەمگەریی سیستەمی سەرمایەداری خەبات بکەن. لەبەر ئەوەی خەباتی ڕێکخراوی ژنان هۆکارێکی حەیاتییە بۆ پێشخستنی پرسی ڕزگاری، دەبێت کەڵک لە هەر دەرفەتێک وەربگیرێت بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکانی ژنان لە دەوڵەت، تاوەکوو ژنان بەو هێز و شکۆیەی کە شایستەیانە، لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی ڕۆڵی مێژووییی خۆیان بگێڕن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە