
لە مێژووی هاوچەرخدا شەڕ وەک یەکێک لە توندوتیژترین ئامرازەکانی هەژموونی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە بەرهەمهێنانەوەی نەزمی نایەکسانی چینایەتی و ڕەگەزیدا گێڕاوە. ئەزموونی ژنان لە میانەی شەڕی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری، بۆ نموونە هەر ئەم شەڕەی ئیسرائیل و ئێران لەم دواییەدا، تەنیا بەشێک لە ڕەوتی جیهانیی چەوساندنەوە، نابوودی و توندوتیژیی پێکهاتەیی نیشان دەدات. لە هەر شەڕێکدا، پەیوەندیی قووڵی نێوان بەرژوەندی سەرمایەداری، سوڵتەی چینایەتی و توندوتیژیی جنسیەتی بەدی دەکرێت.
دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان، بەتایبەت ئەمریکا، بۆ سەقامگیرکردنی هەژمۆنی ئابووری و سیاسیی خۆی، بەردەوام لە شەڕ، لەشکرکەشیی نیزامی و ڕێکخستنی کودەتا کەڵکی وەرگرتووە. ئیسرائیل وەک باسکی نیزامیی ئەمریکا و هێزەکانی سەرمایەداریی ئورووپا بە پشت بەستن بە پشتیوانیی نیزامیی ئەوان و بە جەنایەتی جەنگی و نەسلکوژی نەتەنیا ژێرخانی ئابووری، خزمەتگوزاری و فەرهەنگیی لە غەززە و لوبنان وێران کردووە، بەڵکوو ژنان و منداڵانی بەشێوەی سیستماتیک کردووەتە ئامانج. هێرش بۆسەر ئێرانیش درێژەی سیاسەتی شکڵدان بە نەزمی ناوچەیی دڵخوازی ئیسرائیل بۆ زاڵبوون بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوو. هەروەک چۆن سیاسەتی شەڕخوازانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش درێژەی ستراتێژی شەڕی پێشگیرانە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی و کوتانی تەپڵی نابوودیی ئیسرائیل بوو کە ئەساسەن خەڵکی سڤیلی ئیسرائیلی کردە قوربانی.
لە لۆژیکی سەرمایەدا، شەڕ پڕۆژەیەکی قازانجدەرە. ژێرخانەکان نابوود دەبن، ماڵی خەڵک وێران دەبن، دانیشتووان ئاوارە دەبن. بەڵام دواجار کۆمپانیە فرە نەتەوەییەکان لە پڕۆژی سازکردنەوەدا بەشدار دەبن و سەنعەتی نیزامی دووبارە ڕەونەق دەگرێت. ژنان لەم چەرخەیەدا، نەتەنیا لە چوارچێوەی ماڵدا هێزی کاری بێ حەقدەستن، بەڵکوو لە مەیدانی شەڕیشدا دەبنە قوربانی. ڕژیمی ئیسلامی کە دروشمی سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر گۆی زەوی کردووەتە بەشێک لە پێناسەی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکی خۆی، بە کردەوە لە بەرامبەر دەوڵەتی ئیسرائیل لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا داماو و بێتوانا بووە. کۆماری ئیسلامی لە شەڕ، بۆ سەرکوتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لە ناوەوە و بۆ قایم کردنی نیزامە دیکتاتۆرییەکەی کەڵک وەردەگرێت. ژنان لە ئێران کە لە یەکەمین قوربانییانی نیزامی ئاپارتایدی ڕەگەزی بوون و لە هەمان حاڵدا پێشەنگی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوون، لە فەزای شەڕدا فشاری دوو هێندەیان دەکەوێتە سەر. بارودۆخی جەنگ بەهۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، هەژاریی لەڕادەبەدەر، ئاوارەبوون و نەبوونی ئاسایش، بەشێوەیەکی مەترسیدار بارودۆخی ژیانی ژنانی تێکداوە.
بەپێی ئاماری نووسینگەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا ٢٨ هەزار ژن و کچ لە هێرشەکانی حکومەتی داگیرکەری ئیسرائیل بۆ سەر غەززە گیانیان لەدەستداوە. ئەم ژمارەیە جگە لەو ٢٠ هەزار کەسە بێسەروشوێنەیە کە پێدەچێت لە ژێر داروپەردوودا نێژرابن. هەروەها کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە ٧٠%ی ئەو کەسانەی لە هێرشەکاندا کوژراون ژن و منداڵن. لە کۆی گشتی یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار ئاوارە لە ناوخۆدا، نیوەیان، یان نزیکەی یەک ملیۆنیان ژنن. لە شەڕی ناوخۆی سوریادا، بەپێی ئاماری ئۆکسفام، زیاتر لە ١١ هەزار و ٤٢٠ منداڵ لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا گیانیان لەدەستداوە. لە ئێتیوپی، لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢٢، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان نەک لە مەیدانی جەنگدا، بەڵکوو بەهۆی برسێتی و بۆمبارانی غەیرەنیزامی گیانیان لەدەستداوە، کە نزیکەی ١٥٪ ی کۆی قوربانیان پێکدەهێنن. لە ساڵی ٢٠٢٤دا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتی دا کە ڕۆژانە ٥٠٠ ژن لە کاتی منداڵبووندا لە ناوچە شەڕلێدراوەکان بەهۆی دەستڕانەگەیشتن بە چاودێری تەندروستی گیانیان لەدەستداوە. لە غەززە، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ڕۆژانە ١٨ ژن بە بێ ئیمکاناتی پزیشکی منداڵیان بووە. لە شەڕدا جەستەی ژن دەبێتە مەیدانی نەبەرد. دەستدرێژی و لووت و گوێ بڕین و ئەشکەنجەدانی ژنان ئامرازێکن لەلایەن هێزە نیزامی و میلیشیاکانەوە بۆ سووکایەتی پێکردن و نابوود کردنی ڕەوان و لەناوبردنی کۆمەڵگاکان. لە یوگۆسلاڤی و ڕواندا و بەنگلادیش دەیان هەزار ژن بوونە قوربانی دەستدرێژی سیستماتیک. لە کاتی داگیرکردنی کوێت سێ هەزار و ٢٠٠ ژن لەلایەن ئەرتەشی عێراقەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر. پەناگەی پەنابەران لەبری دابینکردنی ئاسایش، بووەتە شوێنێکی نوێ بۆ توندوتیژی دژی ژنان. نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لە هەر پێنج ژنێکی پەنابەر یەکیان ئازار دەدرێ یان دەستدرێژی دەکرێتە سەر.
بڕیارنامەی ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە داوای بەشداریکردنی ژنان لە پڕۆسەی ئاشتیدا کردبوو، هەرگیز ڕێگری لە بەردەوامیی توندوتیژی سێکسی یان چەوساندنەوەیان نەکرد. نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی نەزمی سەرمایەداری جیهانیدا ناتوانێت بەرگریکاری ڕاستەقینەی ژنان بێت. ڕزگاری ژن تەنیا لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکدا مومکینە کە خاوەندارێتی تایبەت و پێکهاتەی چینایەتی و هەژموونی پیاوسالاری بکاتە ئامانج. ئەزموونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەریخست کە ژنان دەتوانن ببنە هێزی بزوێنەری کۆمەڵگا. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان لە ئێران و لە سەرانسەری جیهان بە تایبەت لە جەرگەی شەڕ و هەژاری و ستەمکاریدا، لە بەرخۆدان و هۆشیارکردنەوەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێ. بزووتنەوەی ژنان بە پەیوەندی وشیارانە و ڕێکخراو لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری، موعەلیمان، خوێندکاران، خانەنشینان و پەرستاران دەتوانێ ئاسۆی کۆمەڵگایەکی بێ شەڕ، بێ جیاکاری و ئازاد لە سەرمایە و باوک/پیاو سالاری، وێنا بکات.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە