فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ژنکوژی، ڕوخساری سامناکی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە نیزامی ئیسلامیدا
یەکشەممە ۲۷-۰۷-۱۴۰۴   |  19-10-2025

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ڕۆژی شەممە ٢٦ی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٤، نزیک بە کاتژمێر ٦ی دوای نیوەڕۆ پیاوێک بەناوی ئومید تاهری لە ناوچەی گوڵشەهری مەشهەد، هاوسەرەکەی بە ١٧ زەربەی چەقۆ لە حزووری کوڕە تازەلاوەکەیدا کوشت و دواتر ڕایکرد. هۆکاری ئەم پیاوە بۆ ئەم قەتڵە، داواکاریی جیابوونەوەی ژنەکە ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئامارەکان لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ١٤٠٤دا، لانیکەم ٦٠ ژن لە ئێران قوربانیی قەتڵی نامووسی و ژنکوژی بوون و زۆربەیان بەدەستی هاوسەر، باوک یان کەسوکاری پیاو کوژراون. بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری هرانا، لە ساڵی ١٤٠٣دا لانیکەم ١٥٨ حاڵەتی کوشتنی ژن تۆمارکراوە. لەو ژمارەیەش ١٢٥ حاڵەت بە هۆکاری نادیار یان ناکۆکی خێزانی و ٣٣ حاڵەتیش وەک قەتڵی نامووسی تۆمارکراون. سەرەڕای ئەوەش، لە هەمان ساڵدا ١٦ هەزار و ٥٦٧ حاڵەتی توندوتیژی خێزانی دژی ژنان تۆمارکراوە. ئامارێکی دڵتەزێن کە ئاماژەن بۆ زیادبوونی بەرچاوی توندوتیژی خێزانی و نەبوونی پاراستنی یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ ژنان. زۆربەی ئەم کوشتنانە لە پارێزگاکانی تاران، خوراسان، کرماشان و فارس تۆمارکراون. ئەم ئامارانە وێنەی کۆمەڵگایەک دەکێشن کە ژنکوژی لە پێکهاتەی زاڵی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرن. لەو شوێنەی کە سوڵتەی سەرمایەداری لەگەڵ سوڵتەی ئیسلام تێکەڵ بووە. لەم پێکهاتەیەدا، قەتڵی نامووسی، شێوەیەکی قیزەونی دیفاع لە خاوەنداریەتییە. ئەو خاوەنداریەتییەی کە نە بەسەر زەویدا، بەڵکوو بەسەر جەستە و ژیانی ژندا دەسەپێت. ژنکوژی یانی سڕینەوەی ژنێک کە لە بازنەی ئیتلاعەت دەچێتە دەر. ژنێک کە هەڕەشە لە نەزمی بنەماڵە و نیزامی ئاپارتایدی ڕەگەزیی زاڵ دەکات. ژنان لە چوارچێوەی ماڵدا وێڕای ئاگالێبوون لە منداڵان، خزمەت بە هاوسەر و کۆمەک بە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار و بەرهەمهێنانەوەی نەسلی داهاتووی کرێکاران، دەبێ لە “ئابڕوو”ی بنەماڵەش پارێزگاری بکەن. لەم پێکهاتەیەدا، پیاو نەقشی خاوەن ماڵی هەیە. کۆنتڕۆڵ، ئینزبات و ئیتاعەت دەسەپێنێت تا پێکهاتەی ئابووری و ئەخلاقیی ئێستا بەردەوام بێت.

یاسا لە نیزامی سەرمایەداری ئیسلامیدا، ئامرازێکە بۆ پاراستنی نەزمی ئێستا و درێژەی سوڵتەی جنسییەتی. کاتێک باوک، برا، مام، کوڕی مام یان شوو بەخاتری کوشتنی ژن تەنیا بەرەوڕووی چەند ساڵ زیندان دەبنەوە، دەسەڵات لەڕاستیدا ڕایدەگەیەنێت کە گیانی ژن کەمتر لە “ئابڕووی پیاو” ئەرزشی هەیە. ئیدئۆلۆژیی ڕەسمیی ڕژیم بە پێکهاتەی سەرمایە و مەزهەب، پیاوسالاری لەئاستی فەرهەنگیدا بەرهەم دێنێتەوە. لەم وتارەدا، ژن “نامووس”ە نەک ئینسان. “دایک یان خوشک”ە، نەک هاووڵاتی. پەروەردەی فەرمی، لە مەدرەسەوە هەتا میدیا، ژن وەک بەڵێندار بە عیفاف، وەک گوێڕایەڵ و وەک دایک نیشان دەدەن. وە هەر ژنێکی سەربەخۆ کە ئەم سنوورانە تێپەڕێنێ، بە هەڕەشە بۆ نەزمی کۆمەڵایەتی دەزانن.

لە کلتووری باودا زۆرجار بە بەکارهێنانی دەستەواژەی “قەتڵی نامووسی” پانتایی کارەساتەکە تا ئاستی ئەنجامدرانی قەتڵێک دێننە خوارێ. لەو جێگەوە کە یاساکانی کۆماری ئیسلامی سزای قورس بەسەر کەسانێکدا کە “قەتڵی نامووسی” ئەنجام دەدەن ناسەپێنێت، هەر ئەم بابەتە خۆی یەکێک لەو هۆکارانەیە کە ڕێگە بە پیاوان دەدات تا دەست بدەنە وەها کردەوەیەکی دژەئینسانی و جەنایەتکارانە. قەتڵی نامووسی، ناوی ڕەمزی ئەو سوننەت و یاسا دژەژنانەیە کە ڕێگە بە پیاوان دەدات تا لەژێرناوی یاسا و سوننەتەکانەوە کرداری جەنایەتکارانەی خۆیان پاساو بکەن. ئەم ژنانە بە هۆکاری بەناو “لکەدار کردنی شەرافەتی بنەماڵەی خۆیان” سزا دەدرێن. هەڵبەت دەستەواژەی لکەدار کردنی شەرافەتی بنەماڵە بەڕواڵەت بابەتێکی ئەخلاقییە و ناکرێ حەد و سنوورێکی بۆ دیاری بکرێت. لەخۆڕا نییە کە لە نەریتی کۆمەڵگای پیاوسالار و یاساکانیدا ئەم دەستەواژەیە بۆ زۆر بوار بەکار دەهێندرێت. بۆ نموونە لە بوارەکانی مل نەدان بە هاوسەرگیریی ئیجباری، قوربانیبوونی دەستدرێژیی سێکسی، تەڵاق وەرگرتن(تەنانەت لە شوویەکی نەشیاو)، پەیوەندی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر یان بە ئیدیعای پاسەوانانی دین “زینا کردن”.  بۆ ئەوەیکە ژنێک ببێتە قوربانیی جەنایاتی نامووسی، تەنیا هەر ئەوەندە بەسە تا گومانی ئەوەی لەسەر بێت کە ئابڕووی بنەماڵەی بردووە.

ئەوەیکە بوکوژەکان لە هەرکام لەم قەتڵانەدا کامە پاساوی بەناو ئەخلاقی دەکەنە چاشنیی کردەوەی جەنایەتکارانەیان ڕەنگبێ زۆر گرینگ نەبێت، بەڵام ئەوەیکە گرینگە باسی لێ بکرێت  ئەو سوننەت و یاسایانەن کە دەستی پیاوان بۆ ئەنجامدانی وەها جەنایاتێک ئاواڵە دەهێڵێتەوە. هەربۆیە دەبێ بڕۆینە سۆراغی هەموو یاسا و سوننەتەکان. دەبێ بڕۆینە سۆراغی هەموو ئەو فاکتۆرانەی کە بە پیاوان ڕێگە دەدات تا لەژێرناوی دین و یاسای شەرع و یان بەناوی سوننەت، وەک کاڵایەک چاو لە ژنان بکەن و خۆیان بەخاوەنیان بزانن و ڕێگە بەخۆیان بدەن بە حوکمی ئەم خاوەنداریەتییە هەموو کردەوەیەکی نامرۆڤانە دژبە ژنان پاساو بکەن.

لە ئێران و لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا، لەگەڵ پێکهاتەیەک لە هەموو ئەم فاکتۆرانە بەرەوڕووین. دین، سوننەتی کۆمەڵگای پیاوسالار، نیگای کاڵایی بە ژن، منداڵ هاوسەری باروودۆخێکی پێکهێناوە کە لەسەر بەستێنیان ئەم قەتڵە ناخ هەژێنانە ئەنجام بدرێن. پیاوانی بنەماڵە کە لەژێر کاریگەریی ئەم فەرهەنگە کۆنەپەرستانە و دواکەوتووانەدان، وەک حوکمڕانانی ماڵەوە دەستدرێژیی سێکسی، بە “مافی سرووشتی”ی خۆیان دەزانن  و هاوکات کوشتنی ژنانیش بە “دیفاع لە نامووس”ی خۆیان پێناسە دەکەن. لە هەر دووی ئەم حاڵەتانەدا ئەوە ژنە کە دەبێتە قوربانی. ئەگەر ژن کاڵایە، کەوابوو کۆمەڵگای بۆرژوایی پیاوسالار ڕێگە بەخۆی دەدات تا هەر جۆرێک کە مەیلیەتی لەگەڵ ئەم کاڵایە هەڵسووکەوت بکات. بەنێری ڕێکلامی فرۆشی کاڵاکانی دیکە بە وێنەی ژنێک دەڕازێنێتەوە و لە دار و دیواری دەدات یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی دەکاتەوە. ژن لەژێرناوی کرێکاری سێکس و بەناوی سیغە لە بازاڕی پڕسوودی لەشفرۆشیدا هەڕاج دەکات. ژن لە چارشێو و مەقنەعە دەپێچێت تا لە چاوی خەڵکی تر بیپارێزرێت. بە منداڵ هاوسەری هەڵدەڵێت و ئەگەر پێویست بێت “بەڵگەی نەتەوەیی مافی منداڵ” و “گەڵاڵەی ڕێگری لە توندوتیژی دژبە ژنان”یش بە گۆترە پەسند دەکات.

لەڕاستیدا ئەم گشتە لە توندوتیژیی دەوڵەتی دژبە ژنان بەستێنێکی گونجاوی بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی لەدژی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و “قەتڵە نامووسییەکان” دابین کردووە. هەر بەم ئیعتبارە توندوتیژی دژبە ژنان بە هەموو نەهامەتییەکانییەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و وەک هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی دیکە پێویستە بەستێنی بەرهەمهاتنەوەی بناسرێت و بەپێی تایبەتمەندییەکانی بەشێوەی ڕێکخراو و لەئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆ خەبات لەدژی، هێزی جەماوەری ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و مرۆڤە ئازاد و یەکسانی خوازەکان بێنە مەیدان.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv