ژنێکی لاوی خەڵکی سەقز بەهۆی بێبەریکردنی لە مافی سەرپەرەستیی منداڵەکەی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
یەکشەممە ۱۶-۱۱-۱۴۰۱   |  05-02-2023
ڕۆژی هەینی، ١٤ی ڕێبەندان هاووڵاتییەک بە ناوی نەسیم قادرزادە، تەمەن ٢۵ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، پاش ئەوەی کە دادگای ئەو شارە لەسەر داوای هاوسەرە پێشووەکەی، لە مافی سەرپەرەستیکردنی منداڵەکەی ناوبراوی بێبەری کردووە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. نەسیم قادرزادە، پاش جیابوونەوەی لەگەڵ هاوسەرەکەی مافی سەرپەرەستیکردنی منداڵەکەی پێ دراوە، بەڵام لەم دوایییانەدا دادگای شاری سەقز لەسەر داوای هاوسەرەکەی ئەو مافەی لێ وەرگرتووەتەوە و ناوبراوی لە سەرپەرەستیکردنی منداڵەکەی بێبەری کردووە.
بەپێی یاساکانی ڕژیمی ئیسلامی، پێوەری مافی سەرپەرەستیکردن لە بیرۆکەی پیاوسالاریی کۆنەپەرستانەی ویلایەتی فەقیهی وەرگیراوە کە “مافی دایک” و “سەڵاحی منداڵ” هەرگیز لە سیستەمی یاساییی کۆماری ئیسلامیدا ڕەچاو نەکراوە.