ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ڕەشەمە قوتابییان و کۆمەڵێک مامۆستا و دوو کارمەندی قوتابخانەی سەرەتاییی کچانەی “یاسین” و “شەهیم” لە شاری کرمانشا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازی ژاراوییەوە بارودۆخی تەندروستییان تێکچووە. ئەو ڕووداوە پاش ژاراویبوونی زەنجیرەیی کچانی قوتابی لە ناوچەکانی دیکەی ئێراندا ڕووی داوە.
شایەتحاڵان ڕاگەیاندووە: “سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەم گازە، شتێکی هاوشێوەی کەپسوول بووە”.
ئەو کەپسوولە لە پۆلەکانی قوتابخانەی سەرەتاییی “یاسین” بیندراوە و گازێکی بێ ڕەنگ و بۆی لێ بڵاو بووەتەوە.
ڕێژەی بڵاوبووەنەوە و بەریناییی کاریگەریی ئەو گازە، بە “هێدی هێدی دزەکردن” لە ئاستێکدا بووە کە جیا لە قوتابییانی ئەو پۆلەی قوتابخانەی “یاسین”، ئەو کەسانەش کە لە پێشخانەی قوتابخانەکەدا بوون ژاراوی بوون و خێرا بۆ ناوەندە فریاکەوتن و دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.
هەروەها هێزەکانی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە کرماشان زۆر بەخێرایی ڕژاونەتە شوێنی ڕووداوەکە و قوتابییان و فەرمانبەران و مامۆستایانی قوتابخانەکانیان خستووەتە ژێر گوشار و پێیانیان وتوون کە دەبێت ڕابگەیەنن هۆکاری ئەم ڕووداوە، تەقینەوەی شۆفاژ (کەرەستەی گەرمکەرەوە) بووە.
دیاردەی ژاراویبوونی قوتابییان، یەکەم جار لە ١٩ی سەرماوەز و لە قوتابخانەیەکی کچانەی شاری قوم ڕووی دا. لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین ڕووداوی هاوشێوە لە شارەکانی دیکە وەک بروجێرد، تاران، ئەردەبێل و هەنووکەش لە کرماشان ڕووی داوە.